نیگەرانم
زمناکۆ ئیسماعیل
ئەمڕۆ رۆژی جیهانی تەلەفزیۆنە، بەڵام میدیای کوردی و تەلەفزیۆن ئاگاداری ئەم رۆژە نین.

نەتەوە یەکگرتوەکان لە ١٧ دیسێمبەری ١٩٩٦، بڕیاریدا کە ٢١ نۆڤەمبەری هەموو ساڵێک بکات بە رۆژی جیهانی تەلەفزیۆن، لەهەموو جیهاندا ئەم رۆژە بەرز رادەگیرێت، جگەلەمیدیای کوردی، چەناڵەکانی تی ڤی و میدیاکانی جیهان، ئەم رۆژە بەرز دەنرخێنن.

لەو سەردەمەدا نەتەوە یەکگرتوەکان تێڕوانیان بەو جۆرە بوو، کە تەلەفزیۆن هۆکارێکە بۆ گەیاندنی خێرای زانیاری و گەیاندنی بۆچونی گشتی و کاریگەربونی لەسەر تاکی مرۆڤایەتی لە بڕیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئابوری و تەندروستی.

هۆکاری دیاریکردنی ٢١ نۆڤەمبەر وەک رۆژی تەلەفزیۆن لەجیهان، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە لە ٢١ نۆڤەمبەری ١٩٢٩، (فلادیمێر کۆزما زورکین)ی بەڕەچەڵەک روسی و هاوڵاتی ئەمریکایی، لەو رۆژەدا توانی تەلەفزیۆن بەم جۆرەی ئێستا دابمەزرێنێت کە هەیە.

(فلادیمێر کۆزما زورکین)، بەڕەچەڵەک روسییە، بەڵام هەڵگری جنسییەی ئەمریکییە، لەساڵی ١٨٨٩ لە شاری موروم لە روسیا دایکبووە، ئەندازیاری ئەلەکترۆنی و زانای فیزیایی بووە، بەمەبەستی زیادکردنی زانیاری و فروانکترکردنی تێڕوانینی، لەساڵی ١٩١٩ دەچێت بۆ ئەمریکا، لە پاش ساڵێک خوێندن فێری ئینگلیزی دەبێت و لەساڵی ١٩٢٠ ماستەر دەخوێنێت و لەپاشاندا دکتۆرا دەخوێنێت، تاوەکو لەساڵی ١٩٢٦ لە وویلایەتی پەنسلڤانیا لەئەمریکا، دەتوانێت پلەی دکتۆرا لەفیزیادا بەدەست بهێنێت، هەرچەندە لەساڵی ١٩٢٣ بیرۆکەی رێکخستنی تەلەفزیۆن بەم جۆرەی ئێستا کە لەبەردەستە دەخاتە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی زانکۆی پەنسلڤانیا و کۆمپانیای (R.C.A). ی ئەمریکایی، بەڵام ئەم بیرۆکەیە قەبوڵ ناکرێت، هەتا دکتۆراکەی لەسەر ئەوە تەواو دەکات، لەپاشانداو لەساڵی ١٩٢٨ ئەو بیرۆکەیەی قەبوڵ دەکەن، لە ٢١ نۆڤەمبەری ١٩٢٩ کە دەکاتە ٨٩ ساڵ لەمەوبەر، تەلەفزیۆن بەو شێوە رێکخراوەی ئێستا دێتە ئاراوە، (فلادیمێر کۆزما زورکین)، لەساڵی ١٩٨٢ و لەتەمەنی ٩٤ ساڵی ژیانی لەدەستئەدات.

ئەوەی کە منی نیگەرانکردوە، ئەو بێئاگاییەی میدیاو چەناڵ و تەلەفزیۆنی کوردییە لە بونی رۆژێکی پەیوەندیدار بەخۆیان و هاوپیشەکانیان، کە هۆکاری ئەوەش بۆ نەبونی زانیاری گشتی و داگیرکردنی پانتایی تی ڤی بە بابەتی سیاسی، کە ئەوەتا وەک دەبینین، بەو دۆخەی کە میدیا خستویەتییەوە، بەتەنها هاونیشتیمانیان زەرەرمەند نەبون، بەڵکو خۆیشیان بەشێکن لەو زەرەرمەند بونە.

تێبینی: ووێنەکە هی زانای فیزیا و ئەندازیاری ئەلکترۆنی، (فلادیمێر کۆزما زورکین) ە کە لەهەمانکاتدا دۆزەرەوەی (تی ڤی) ییە.

AM:02:55:22/11/2018