نادییە موراد، وەک گەڕیدەیەکی سەرکەوتوو
زمناکۆ ئیسماعیل

 وەک رۆژنامەنوسێک بەدرێژایی ئەم چەند ساڵەی کە لەنێو کەیسی ئێزیدییەکاندا ئیشمکردوە، ھەموو ھەوڵێکم ئەوە بوو، کەیسی ئێزیدییەکان بەدونیا بگەیەنم، چ بەفۆتۆ بێت یاخود بە فیچەر و فیلمی دۆکیومێنتەری.

بەرکەوتنی زۆرم لەگەڵ قوربانیانی کەیسی ئێزیدییەکاندا ھەبو,ە. لەنێو ئەو قوربانیانەشدا، زۆرترین بەرکەوتن و یەکتربینینم لەگەڵ ئەو کچانەدا ھەبووە کە لەدەستی داعشدابون و گەڕێندراونەتەوە بۆ کوردستان و رزگار کراون. کەم کەسییانم بینیوە وەک نادییە موراد بوێرانە باسی کەیسەکەی خۆیان بکەن، کەم کەسیانم بینیوە توانای ئەوەیان ھەبێت، لەبەردەم کامێرادا رابوەستن و قسە بۆ خەڵک بکەن. کچی ئێزیدیم بینیوە، تەمەنی ٢٠ساڵ بوە، ٢١جار کڕین و فرۆشی پێوەکراوە، ٢١جار بازرگانیی بەجەستە و کەسایەتی کراوە، ٢١جار وەک کۆیلە ناوچە بەناوچە گەڕێندراوە و ژیانی پڕ بووە لەتراژیدیا، ھەتا ئەوکاتەی لەدەست داعش رزگار کراوە و گەڕێندراوەتەوە بۆ نێو باوەشی نیشتیمانەکەی، بەڵام کاتێک ویستومە بیدوێنم و کامێرام روتێکردووە، ئامادە نەبووە چیرۆکەکەی بگێڕێتەوە و قسەم بۆ بکات. کچم بینیوە، دوو خوشک بوون و تەمەنیان لەنێوان ١٦ و ١٥ ساڵدا بووە. ھەردوکیان زیاتر لە ١٠جار کڕین و فرۆشیان پێوە کراوەو مارەیی ھەر یەکەیان ١٥ھەزار دیناری چاپی برێمەر یاخود ١٢دۆلار بووە. ئەوان بەزنجیر بەستراونەتەوە، ئینجا دەستدرێژی سێکسیی کراوەتە سەریان. لێیان دراوە و قاچی یەکێکیان شکێندراوە و پاشتر بەشێوازێکی نازانستیی قاچی بۆ گیراوەتەوە، تا ئەو ڕادەیەی قاچی سەقەت (شەل) بووە، بەڵام کاتێک کامێرام روتێکردوون، ئامادە نەبوون بەسەرھاتی خۆیان بۆ نەوەکانی داھاتویان بگێڕنەوە. ئامادە نەبوون ببن بە شاھیدحاڵ و گەواھیدەدەری ئەو روداوە قێزەونەی بەسەریاندا ھێنراوە. چەندان کچم بینیوە کە تەمەنی ١٩ساڵ بووە لە ٦٥ساڵ مارە بڕاوە، ٢٠ساڵ بووە لەکوڕ مارە بڕاوە دوای ئەوەی کردویەتی بەژن و دەستدرێژی سێکسیی کردوەتەسەر. باوکی کوڕە پێی تەڵاق داوەو لەخۆی مارە بڕیوە، ئەوەش بۆ ئەتککردن. پاشتر ئەو باوکە، ئەو کچەی بەخشیووە بە ئامۆزا و ئامۆزا بۆ براو، برا بۆ خەڵکی دیکە. بەوەش ئەو کچە لەنێوان چەند پیاوێکی خێزانێکدا زیاتر لە چەند دەستێکی کردووە. بۆ ھەموو ئەو کچانە ئاستەم بوو لەبەردەم کامێرادا بوەستن و قسەم بۆ بکەن، بەڵام ئەوە بۆ نادییە موراد ئەستەم نەبوو. ئەو، رووبەڕووی کامێرا بوەوە چیرۆکی خۆی گێڕایەوە، بوو بە گەورەترین گەواھیدەدەری کەیسی ئێزیدییەکان.

نادییە موراد، دوای ئەوەی لەچنگی داعش دەردەھێنرێت و رزگار دەکرێت، یەکەم رووبەڕووبونەوەی لەگەڵ کامێرادا دەبێت. ئەو زۆر سەرکەوتوانە چیرۆکی خۆی و قەتڵ و عامی خەڵکی بێگوناھی گوندەکەی (کۆچۆ) دەگێڕێتەوە. ئەو لەژێر فشاری دەروونییدا بێت یاخود لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقیی بەرزی مرۆیی، توانی وەک گێڕەرەوەیەک، چیرۆکی پڕ تراژیدیای ئەو نەھامەتییانە بگێڕێتەوە کە بەسەر خەڵکی بێگوناھی بێچەک و مەدەنیی گوندەکەیدا ھاتووە. ئەو گوندەی کە پێکھاتبوو لە نادییە مورادو دەیان کچی وەک نادییە مورادو دەیان خێزانی وەک خێزانەکەی نادییەو منداڵ و پیرو گەنج و دەیان مرۆڤی بێتاوان.

نادییە موراد؛ چیرۆکەکانی لە سنوری گوندەکەیدا گیرۆدە نەکرد، لەکەیسی خۆیدا بەتەنھا باس لەقەتڵ و عامکردنی خەڵکی گوندەکەی نەکرد، بەڵکو ئەو بوێرانە باس لەھەموو ئەو نەھامەتی و دەستدرێژی سێکسیی و کوشتن و بڕینانە دەکات کە داعش و چەکدارە خێڵەکییەکانی عێراق و سوریا، بەسەر کوڕان وکیژانی ئێزیدییەکاندا ھێنایان. ئەو وەک گەواھیدەدەرێکی سەرکەوتوو، پێبەپێ زانیاریی دروستی گەیاند، بەھەموو ئەو دام و دەزگاو میدیاو رێکخراویی مرۆیی و خانەوادەی ئێزیدی و کەسوکاری قوربانیانەی، کە چاوەڕوانی ھەواڵی نوێ بوون. لەسەر ئەو مرۆڤە بێتاوانانەی کە لەشەوو رۆژێکدا ڕفێندران و لەزوڵمەتی شەودا ونکران. نادییە توانی وێنای روونتری ئەو کارەساتە، بخاتە پێش چاوی دونیا. ئەو توانی لەگێڕانەوەکانیدا، بەتەنھا پەنجە نەخاتە سەر  ھەموو ئەو ئازارانەی کە لەلایەن بکەرانەوە، بەسەر جەستەی پاکیزەیی ئەم و ھاوڕێ ئێزیدییەکانیدا ھێنراوە، بەڵکو توانی پەنجەی تاوانباربوون بۆ ھەموو ئەو کەسانەش درێژ بکات کە  لەو کەیسەدا بەشداربوون و بەشێکبوون لەکوشتن و بڕینی ئێزیدییەکان. ئا لێرەوە نادییە دەبێت بە نوێنەری کچان و کوڕانی بەرکەوتە یاخود (قوربانی) داعش. لەھەمانکاتدا دەبێت بە سیمبولی ئازایەتی، شوێنەبەشوێن، وەک گەڕیدەیەک، سنوری قاڕەکان دەبڕێت، ھەرجارەو لەبەندەرێک و ھەرجارەو لەسەکۆیەک لائەدات و چیرۆکی پڕ تراژیدیای ئێزیدییەکان دەگێڕێتەوە.

NRT

AM:08:45:08/10/2018