"شکاندنی ئەو/ئەوانی دی" وەک دەردێکی تۆقێنەر!
تارق هێدی




(شکاندن چییە؟)

باسکردن لەدیاردەی "شکاندن" لەکۆمەڵگەی خاوەن سیستمە مۆدێرنەکاندا زیاتر لەبواری پەروەردەو فێرکردندا کاری تێدا دەکرێت. بەهۆکاری ئەوەی لەسیستمی قوتابخانەی ئێمەدا بەسیستماتی‌و زانستییانە کار لەسەر ئەم دیاردەیەو زۆر دیاردەی دیکەی نێگتیڤ نەکراوە، ئەوا تاکە تاکەی کۆمەڵگەش هێشتا دەرباز نەبووە لەخۆ دەربازکردن لەو دیاردەیەو بۆتە بەشێک لەکولتور!

"شکاندن" دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی نەخوازراوەو بەشێکە لەوەی، کە لەبواری پەروەردەدا ئێمە بە"ئازاردان یان چەپاندن "Bylling/mobbing" پێی ئاشنابووین*. لەدۆخی کوردیدا تیبینی دەکرێت، کە بەردەوام لەگەڵ پەرەسەندی ململانێ سیاسیەکاندا، پرۆسەیەکی ڕێکخراو یان ڕێکنەخراو لە"شکاندنێکی خەست"ی ئەو/ئەوانی دی سەرهەڵدەداتەوە. ترسناکیی ئەم دیاردەیە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە، کە زۆرینەی تاکەکانی کۆمەل بەجۆرێک لەجۆرەکان بوونەتە بەشێک لەو پرۆسە نێگەتیڤە! ئەوەتا ئەندام پەرلەمان بێباکانە هاوڕی پەلامارتارەکەی بەوتارۆچکە دەشکێنێتەوە. نووسەر بەناوی وتاری شیکاریانە یاخود "تەنز"ەوە ئەوەی بەمێشکی دا دێت لەوشەی ناشرین دەینووسێت‌و بڵاوی دەکاتەوە. زۆرجار میدیاو ڕۆژنامەنووس‌و میدیاکارانی کەنالەکانی راگەیاندنیش لەپێناو خەستکردنەوەی قوڕیێکدا بۆ ئەو/ئەوانی دیدەست‌و دەم ناپاریزن. تاکی خوێنەوارو نەخوێنەواریش بە قسە، نووسین، گۆرانی، شیعر، فیلم‌و وێنە مۆنتاژکردن‌و میتۆدی دیکە بوونەتە مەکینەی بەرهەمهێنانی ئامرازەکانی ئەو "شکاندن"انە.

 دەکرێت لەگەڵ ئەو/ئەوانی دیدا جیاواز بین، بەڵام با نەیانشکێنین. ئاخر شکاندن بۆ کەسی "شکێنراو" دەبێتە هۆای سەرهەڵدانی ئازاری دەرونیی وەک خەمۆکی، ترس و دلەڕاوکێ، خەولەچاوتۆران، سترێسبوون، باوەڕبەخۆنەمان، لەش داهێزران و نەمانی چێژی خواردن و تەنانەت پەنابردنە بەر خۆکوشتن!

دەشێت جۆرەکانی "شکاندن" فۆرمی جۆراوجۆریان هەبێت، وەک:

- لە پشتەملە قسەکردن و بوختان و درۆ بۆ هەڵبەستن.

-تووندوتیژی و پەلاماردانی فیزیکی.

-خراپکردنی شتومەکەکانی بەرامبەر، بە نموونە وەک: (کتێب سووتاندن، بارەگا سووتاندن، سەیارە سووتاندن، دەموچاو شکاندن، شوختکردنە سەیارە، بەردبارانکردن... تاد.)

-هەڕەشەکردن (بە ڕاست یان بە سوعبەت)

- گاڵتەپێکردن و تانەلێدان.

-لاساییکردنەوە و دەمەلاسکێ

-ناو و ناتۆرە لێنانی نێگەتیڤانە

- چاو لێمۆڕکردنەوە و بەکارهێنانی جووڵەی جەستەی ناپەسەند.

-جنێوپێدان، فەرمانبەسەرداکردن یان بڕیاربەسەرداسەپاندن.

-دەرکردن لە گرووپ و قسە لەگەل نەکردن

-بە چاوی سووک تەماشاکردن

- پەلاماردانی شەرەف

- پەلاماردانی کەسایەتی و مێژووی کەس و خێزان

- پەلاماردانی زێدی لەدایکبوون و نیشتەجێبوون و زار و شێوەزار

-زۆری دی...

پرسیار ئەوەیە، کە ئایا کێ و کەی و چۆن سیستمی سیاسی، کارگێڕی و پەروەردەیی بە جددی کار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردە قێزەونە دەکات؟ کەی دەخرێتە پرۆگرامەکانی خوێندنەوە؟ کەی لە ناو دەزگا فەرمی و نافەرمییەکاندا لێکۆڵینەوە و دەرنجام و چارەسەریان بۆ دابین دەکرێت؟ لەوەش گرنگتر کەی ئەم دیاردانە دەبن بە خەمێک بۆ تاکی بچووک و گەورەسالی ئێمە؟

*لێرەدا بە گشتی لە مووبەکردن نەدواوم بەهێندەی لەو بەشەی کە تایبەتە بە شکاندنەوە.
 
 
awene
 

PM:12:17:02/09/2015