رۆژنامەنووسە هەنگارییەکە ‌
كیسرا ئه‌حمه‌د‌



سۆڤێتییەكان لە جەنگی جیهانی دووەەمدا، مەجەر (هەنگاریا)یان لەدەستی نازییەكان رزگار كرد، لەوێ مانەوە، بەهۆی بارودۆخ و رەوشی خراپی ئابوورییەوە لەوێ لەدژی سۆڤێتییەكان شۆڕش دروستبوو، سۆڤێتییەكان هەستیان بەوە دەكرد كە هەیمەنەیان لەناو هەنگاریا نەماوە، تانك و جبەخانەیەكی زۆریان رەوانەی ئەو وڵاتە كرد، شۆڕش تا دەهات كڵپەی دەسەندو مەجەرییەكان توانیان بەسەریاندا سەركەون، شەڕ و ئاڵۆزی بەردەوام بوو تا كۆتایی بەجەنگ هات و دیواری بەرلین رووخاو كۆتایی بە یەكێتی سۆڤێت هات.. سۆڤێتییەكان كاتێك چوونەوە ناو بۆدابێستی پایتەختەوە خەڵكی هەنگاریا هیچ متمانەیەكیان بە بەڵێنەكانیان نەمابوو شۆڕشی كرێكاران و مانگرتنی سەرتاسەری و هەڵگرتنی چەك لەدژیان بەردەوام بوو.

هەنگارییەكان وەك ئەڵمانەكان سۆڤێت و روسەكان لەلایان وەك یەكە، تائێستاش تەمی نەهامەتی لەلای ئەوان كە بەدەستی سۆڤێت بەرسەریاندا هاتووە نەڕەویوەتەوە. من لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ (ئەندراش بەڵۆك) كە كاندیدی سەرۆك كۆماری هەنگاریا بوو لە هەڵبژاردنەكانی ئەو وڵاتەدا ئەو پرسیارەم لەسەر شۆڕشەكانیان بەرامبەر سۆڤێت و پەیوەندییەكانیان لەگەڵ روسیا لێكرد، ئەو لەوەڵامدا خواستی هەڵدانەوەی لاپەڕە پڕ لە ئازارەكانی نێوانیانی نەبوو لەكاتێكدا ئێستا بەجۆرێك لە جۆرەكان پەیوەندییەكانیان پێی ناوەتە قۆناغێكی ترەوەو سەردەمی جەنگیان تێپەڕاندووە.
 

گرتە ڤیدیۆییەكەی كچە رۆژنامەنووسە هەنگارییەكەم بینی، هەتا بڵێی كردەیەكی نامرۆڤانەیە، چونكە هەڵسوكەوتەكەی بەرامبەر بە كەسانێك كردووە كە لەترسی شەڕو نەهامەتی هەڵاتوون، وەك چۆن ئەوان دووچاری ئەو نەهامەتییە ببوون لە رابردوودا، بەڵام ئەگەر بە دیوێكی تردا هەڵسوكەوتی ئەو كامێرەمانە بخوێنینەوە پەیوەندی بە ئینتما بوون و خۆشەویستیی بۆ خاكەوە هەیە، ئەگەر بە وردتر دیقەتی بدەین، ئەو كەسەی پاشقولەكەی لێدەگرێت (پەنابەرەكە) لەدەست سەرباز یان پۆلیسێك رادەكات و دەیخات بۆ ئەوەی بگیرێتەوە وەك چۆن كەسێكی تاوانبار لەدەست پۆلیس هەڵدێت، ئەوانی تریش بەهەمان شێوە لەدەست پۆلیسەكان هەڵدێن.. ئەمە كێ ئەم ئینتما و خۆشەویستییەی لەلای هاووڵاتییەكانی دروست كردووە؟ چۆن دروست بووە؟ ئەوانە دروستیان كردووە كە لەپێناوی ژیانی هاووڵاتییەكانیان و خۆشبەختی ئەوان قوربانیان داوەو خۆیان خۆستۆتە ناو چەندین دڕك و داڵەوە. تەنها جیاوازی كردەوەكەی ئەو رۆژنامەنووسە ئەوەیە، لەگەڵ كۆچبەرێكی لێقەوماودا ئەوەی كردووە دەنا لەجەوهەردا كردەوەكەی پڕاو پڕە لەخۆشەویستی خاك و ئینتما بوون بۆ نیشتمانەكەی. چونكە رۆژنامەنووسیش وەك هاووڵاتییەكی وڵاتەكەی خۆی واجبە لەسەری ئاسایشی نەتەوەیی خۆی و وڵاتەكەی بپارێزێ لە ئەگەری نەخوازراودا.
 
 
knwe.org

PM:01:04:19/09/2015