ئه‌گه‌ر بۆ ڤیدگنشتاین "شێوه و ئایكۆن بریتیبێ له مۆدێلێكی واقیع” ئه‌وه له‌ئێستادا شێوه خۆی وه‌ك واقیعێكی سه‌ربه‌خۆ ده‌بینرێ. له‌م كۆنتێكسته‌دا، بونی شێوه‌ی وێنه‌یی وه‌ك شێوه‌ی بینراوی سه‌رده‌می میدیای تازه بووه‌ته تێمێكی گرینگ و بنچینه‌یی. ئه‌گه‌ر له‌كۆمه‌ڵگه‌ی ترادیسیۆنییا راستینه‌ی شێوه‌ی بینراو گومانی ره‌تنه‌كردبێته‌وه، ئه‌وا له‌سه‌رده‌می مۆدێرندا شێوه ده‌بێته ره‌نگدانه‌وه‌ی واقیعی بابه‌تیانه.
پرسیار بۆ من ئه‌وه‌یه، ئایا ئه‌گه‌ر شێوه مۆدێلێك بێ له واقیع ، یان واقیعێكی سه‌ربه‌خۆبێ بۆ خۆی، ده‌بێ جیاوازی جه‌وهه‌ری له‌نێوان ئه‌و دوو فۆرمه‌ی شێوه و وێنه‌داچیبێت؟ ئایا مۆدیلی واقیع ئه‌شێ چه‌شنی واقیعێكی دیاریكراو بێ؟ لێره‌یا وێنه و شێوه گوازه‌ره‌وه‌ی واقیعێكی مرۆیی، كۆمه‌لایه‌تی و رامیاری و …هتد.
ئه‌گه‌ر وێنه‌ی منداڵه خنكاوه‌كه ته‌ماشابكه‌ین، ئه‌كرێ مۆدێلی ژیانی مرۆڤی سه‌رده‌م و شوێنێكی دیاریكراوبێ. ئه‌و تراژیدیایه‌ی گواستییه‌وه و پیشانی جیهانیدا له‌بنه‌ڕه‌تا مۆدێلی واقیعێكی رامیاری، ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تییه، كه‌له هه‌ناویدا هه‌ڵگری توخم و ره‌گه‌زی جیاوازی ئه‌و تراژیدیایه‌یه. تراژیدیا دۆخ و بونیكی دیاریكراوی مرۆڤییه به‌گشتی، به‌ڵام به‌رجه‌سته‌بون و دیارده‌بونی له‌ته‌نها ئاسۆ و زه‌مینێكدا نییه، وێنه و شێوه له‌بارێكدا ئه‌شێ ته‌نها هێمابن به‌بونی تراژیدیا و، له‌ئاستێكی تریشدا، نمایشكاری خودی ئه‌و تراژیدیایه‌بن كه‌له دۆخی راسته‌قینه‌ی كات و شوێنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیاریكراوا ئاماده‌یی هه‌یه.
ئالان مۆدێلی ژیانی منداڵانێكن، كه جه‌نگ، كاولكاری، نادادی و هه‌ژاری ئابوری و فه‌رهه‌نگی هه‌نوكه ده‌یانخنكێنێت. خنكانی ئالان له‌ده‌ریادا ته‌نها ئاماژه‌یه‌كه بۆ خنكانی ئه‌و منالانه‌ی بارگرانییه‌كانی دونیای تایبه‌تییان بون و چاره‌نوسی بونیان هه‌ناسه‌توند و خنكاو بارده‌هێنێ. ئه‌گه‌ر وێنه‌كه مۆدێلی ژیانێكی دیاریكراوه، ئه‌وه له‌هه‌مانكاتا هێمای بونی حه‌قیقه‌تێكیشه، نه‌ك هه‌موو حه‌قیقه‌ت.
حه‌قیقه‌ت هه‌میشه له‌نه‌زانراوییا ده‌مێنێته‌وه، ئه‌گه‌ر وانه‌با حه‌قیقه‌ت نه‌یده‌توانی ببێ. راده‌ستبون و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی حه‌قیقه‌ت كۆتایی و مردنیه‌تی. ئه‌وه‌ی لێره‌دا كۆتایی دێ به‌ته‌نها حه‌قیقه‌ت نییه، بیركردنه‌وه و خوێندنه‌وه و گه‌ڕانه‌كانی مرۆڤیش به‌كۆتایی ره‌های خۆیان ده‌گه‌ن. حه‌قیقه‌تبون و حه‌قیقه‌ت واتای سازگاربونی نێوان دوو ره‌گه‌زه، له‌لایه‌كه‌وه، گونجانی شته‌كان له‌گه‌ل ئه‌وه‌ی له‌باره‌یانه‌وه بیركراوه‌ته‌وه پێشتر و، له‌روویه‌كی دیكه‌وه، گونجان و ته‌بایی بیرلێكراوه و هزرێنراو له‌دوان و قسه‌كردنه‌كاندا له‌ته‌ك شته‌كاندایه.
ئه‌مه دیاریكردنێكی ترادیسیۆنییه سه‌باره‌ت به‌جه‌وهه‌ری حه‌قیقه‌ت. ئه‌گه‌ر وێنه و شێوه لێره‌دا هزر و زانینی مرۆڤ ده‌رباره‌ی واقیع پێكبهێنێ و بمانه‌وێ ئه‌و گونجاوییه‌ی نێوان ئه‌وه‌ی وێنه ده‌یگوازێته‌وه و واقیعی بابه‌تی بدۆزینه‌وه، رووبه‌ڕوی كێشه‌ده‌بین، چونكه نه‌وێنه و، ته‌نانه‌ت نه‌هوشیاری و زانینمانله‌باره‌ی واقیعێكی دیاریكراوه‌وه ناتوانن ئه‌و حه‌قیقه‌ته بگوازنه‌وه‌له‌دۆخی ته‌واوی خۆ‌یا.
به‌م پێیه وێنه وه‌ك هوشیاری و زانینی مرۆڤ سه‌باره‌ت به‌دیارده و رووداوێك له‌توانای ده‌رخستنی ته‌واوی ئه‌و راستییه‌دا نییه كه بنه‌مای دامه‌زراندنی وێنه‌كه خۆیه‌تی، به‌ڵكو ته‌نها و له‌باشترین دۆخدا هێمایه به‌به‌شێك له‌حه‌قیقه‌ت و ، خودی وێنه‌ش دابڕاو له واقیع ده‌بێته حه‌قیقه‌تێك، مه‌به‌ست له‌حه‌قیقه‌تی بونی وێنه‌كه خۆیه‌تی نه‌ك ئه‌و راستییه‌ی وێنه‌كه ویستویه‌تی بیگوازێته‌وه.
ئێمه ده‌رباره‌ی وێنه وه‌ك مۆدێلی واقیع بیرمانكرده‌وه، ده‌بێتته‌ماشای خودی وێنه و شێوه‌ش وه‌ك واقیعێكی سه‌ربه‌خۆبكه‌ین. واقیعی سه‌ربه‌خۆ به‌دیوێكدا ده‌كرێ واتێیبگه‌ین كه‌به‌ته‌نها شێوه خۆی و جیا و دابڕاو له‌واقیعی جیهانی بابه‌تی سه‌ربه‌خۆیه به‌چه‌شنێ وێنه وه‌ك خودی وێنه، نه‌وه‌ك به‌ته‌نها گوازه‌ره‌وه‌ی حه‌قیقه‌تیكی دیاریكراوی واقیع بێ.
ده‌توانین له‌گۆشه‌نیگایه‌كی دیكه‌وه روانینی خۆمان له‌باره‌ی شێوه یان وێنه وه‌ك واقیعی سه‌ربه‌خۆ دابمه‌زرێنین: شێوه و وێنه به‌و پێیه‌ی ،ئه‌گه‌ر هاتوو گریمانه‌ی گوازه‌ره‌وه‌ی حه‌قیقه‌تمان به‌راست زانی، پێویسته سه‌رنج بده‌ین، وێنه خودی حه‌قیقه‌ت و راستینه‌ی رووداوه‌كان نییه. هه‌موو شێوه و وێنه‌یه‌ك شێواندن له‌گواستنه‌وه و ده‌رخستنی راستییه‌كانا دروستده‌كا. ئه‌م شێواندنه خه‌سڵه‌تی بنه‌ڕه‌تی ئۆنتۆلۆژیانه‌ی هه‌موو وێنه و شێوه‌یه‌كه به‌بێ هه‌ڵاوێردكردن. ئه‌م خه‌سڵه‌ته وێنه والێناكات توانایی هێماكردن به‌حه‌قیقه‌ت له‌ده‌ستبدات.
یه‌كێك له‌و بیریارانه‌ی سه‌باره‌ت به وێنه روانینی فه‌لسه‌فییانه‌ی بونیادناوه "ویلێم فلوسێر”ه و، پێیوایه: "هیچ شتێك ناتوانێ به‌ره‌نگاری ئه‌و شاڵاوه‌ی شێوه‌ی ته‌كنه‌لۆژی ببێته‌وه، نه‌چالاكی هونه‌ری،نه‌زانستی و رامیاری، كه رووه‌و ئه‌و ئاراسته‌كرابن، نه‌هه‌ڵوێستێكی ئاسایی كه ته‌به‌نی نه‌گرتنی وێنه بكات.
له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌موو هه‌ڵپه‌ی ئه‌وه‌یانه بۆ هه‌میشه له‌یاده‌وه‌ریدا بمێننه‌وه و به‌هه‌میشه‌یی دوپاتبكرێنه‌وه”. هه‌موو رووداوه‌كان له‌مرۆدا هه‌وڵی ئه‌وه‌یانه بچنه شاشه‌ی تیڤییه‌كان و فۆتۆكان ده‌ریانبخه‌ن و، وه‌ك دۆخیكی دیاریكراو بڕۆنه ئاراوه. فلوسێر دروست بۆی چووه له‌ته‌وژمی هه‌ڵپه‌خوازانه‌ی ته‌كنه‌لۆژیای وینه و شێوه‌ی میدیاییدا به‌گشتی كه تائه‌ندازه‌یه‌كی مه‌ترسیدار چه‌شنێكی كۆنترۆڵی ئاواكردووه له‌په‌یوه‌ند به‌ژیانی مرۆڤه‌وه به‌گشتی و له‌ئاسته تایبه‌تییه‌كه‌شیدا. وێنه بووه‌ته پانتایی ده‌ركه‌وتن بۆ ئینسان به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك، ئه‌گه‌ر رووداو و دیارده‌كان نه‌توانن له‌وێنه‌ی بینراودا نمایشببن، ئه‌وه ده‌كرێ وه‌ك نه‌بوو مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێ.
كێشه‌ی گه‌وره‌ی ئه‌م چه‌رخه وێنه‌ییه‌ی فلوسێر باسی ده‌كا ئه‌وه‌یه، پێشمه‌رجی ده‌ركه‌وتنی تراژیدیا‌كان و ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی به‌سه‌ر مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا دێن گواستنه‌وه‌یانه له‌رێگه‌ی وێنه‌كانه‌وه، ئه‌مه له‌لایه‌ك و، له‌لایه‌كی تره‌وه، وێنه و شێوه له‌بری حه‌قیقه‌تی رووداو و تراژیدیا‌كان دێنه‌گۆرێ و، هه‌ندێ جار شوێنی رووداو و تراژیدیاكه ده‌گرن به‌ئاستێكی وه‌ها سه‌رنج و گرینگیپێدانه‌كان له‌خودی رووداو و تراژیدیا‌كه‌وه بۆ سه‌ر وێنه‌كه ده‌گوازرێته‌وه. لێره‌یا وێنه رۆڵی شوێنبزركردنی حه‌قیقه‌ت ده‌گێرێ. به‌زمانێكی دیكه بێژین، وێنه شه‌رێكی هه‌ڵگیرساوه بۆ شێواندن و له‌كه‌داركردنی حه‌قیقه‌ت.
راسته وێنه زه‌مینه‌ی مانه‌وه له‌یاده‌وه‌ری مێژوویدا ئاوه‌ڵاده‌كاته‌وه، به‌ڵام ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ی به‌ئینسانی ده‌دا بێكه‌ڵك و پوچه، ته‌نها له‌كاتێكی دیاریكراوی ژیانی ئه‌و ئینسانه خۆیدا نه‌بێ وێنه ناتوانێ مانه‌وه بپارێزێ، ئێمه خۆمان له‌وێنه‌كانمانا هه‌ین تائه‌و شوێنه‌ی ئاماده‌ین له‌دونیا، كۆتایی ئێمه كۆتایی وێنه‌كانمانه. ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌یه، وێنه خۆی چركه‌ساتی مردنی كات و ژیانێكی دیاریكراوه، تائه‌و كاته‌ی مرۆڤ خۆی ده‌ژی، كاته مردووه‌كانی خۆی تێكه‌ڵاوی ژیان ده‌كاته‌وه، ئه‌وه مرۆڤ خۆیه‌تی زیندوێتییه‌ك كه هه‌یه‌تی، پێی ده‌به‌خشێ، له‌گه‌ل مه‌رگی مرۆڤ خۆ‌یا وێنه‌كانیشی ده‌مرن.
فلوسێر ده‌رباره‌ی ئیشی فۆتۆئه‌پارات ده‌نوسێ:”ئامانجی ئه‌و له‌وه‌دانییه كه جیهان بگۆڕێ، له‌وه‌دایه واتای جیهان بگۆڕێ. نییه‌تی فۆتۆئه‌پارات سیمبۆلییه”. ئه‌وه‌ی رۆشنه ناتوانایی فۆتۆئه‌پاراته بۆ گۆڕینی دونیا، به‌ڵام گۆڕینی واتای جیهان ره‌نگه له‌و شێواندنه‌دا به‌رجه‌سته‌ببێ كه فۆتۆ له‌رێگه‌ی هه‌لگرتن و گواستنه‌وه‌ی دونیاوه ده‌یهێنێته گۆرێ. واتای جیهان له پنت و دیارده جیاوازه‌كانیدا تائاستێك خۆی پیشانده‌دا.
ئه‌مه ئه‌گه‌ر نه‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ر واتای بنه‌ڕه‌تی ئۆنتۆلۆژیانه‌ی بونی جیهان به‌گشتی. بۆیه فۆتۆئه‌پارات به‌هۆی وێنه‌گرتنی جیهانه‌وه، جیهان له‌بونێكی جوڵاو و داینامیكییه‌وه ده‌گۆڕێته سه‌ر ته‌نێكی وه‌ستاو و بێ گیان. جیهان له‌وێنه‌دا و له‌چركه‌یه‌كی ژیانی خۆیدا راده‌وه‌ستێ و ده‌مرێ. ئه‌گه‌ر واتاگۆڕین حه‌قیقه‌تی هه‌بێ، ئه‌شێ وه‌ك گۆڕینی جیهان له‌بونێكی داینامیكییه‌وه بۆ بونێكی ناداینامیكی بتوانێ گوزارشت له‌ئامانجی فۆتۆئه‌پارات و خودی كاركردی وێنه‌كانیش بكا. وێنه هه‌میشه چه‌شنێك له‌بێدادی ده‌خوڵقێنێت له‌نێوان ئه‌و دیارده و روداوانه‌ی تۆماریانده‌كا له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌ی شیاوێتی مانه‌وه و تۆماركردنیان تێدایه، به‌ڵام فه‌رامۆشیانده‌كا، یان نایانبینێت. ئه‌وه‌ی لێره‌دا كاراكته‌ری ئه‌م جیاوازی و نادادی خوڵقاندنه‌یه بكه‌رانی وێنه و، ئه‌وانه‌شن كه ته‌نها وینه‌كان به‌حه‌قیقه‌تی كۆتایی وه‌رده‌گرن و باوه‌ڕی پێ ده‌كه‌ن. حه‌قیقه‌ته‌كان ته‌نها ئه‌وانه‌نین وێنه‌كانی میدیای هاوچه‌رخ پیشانیان ده‌ده‌ن، ئه‌وان له‌فه‌رامۆشی و نه‌بینراوییدا، له‌ودیو چوارچێوه‌ی فۆتۆكانه‌وه له چاوه‌روانی هاتندان بۆسه‌ر رۆشنه‌پانتایی وێنه‌كان.
وێنه له‌دونیای هاوچه‌رخدا مرۆڤی توشی ترازانێكی گه‌وره‌تر كردووه، ترازان له‌خودی خۆی و، نامۆبونی به‌مه‌به‌ست له‌ئاستی بونی فیزیكی خۆیدا، ئه‌م خۆنامۆكردنه به‌خودی خۆی له‌هه‌وڵی خۆشاردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ده‌گرێ. زۆرجار ناویسترێ وێنه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ن شته‌كان، یان مرۆڤه‌كان بگوازنه‌وه. به‌رده‌وام به‌شێك له‌هه‌وڵی خۆشاردنه‌وه و خۆفریودان و، ئه‌وانیدیكه‌فریودان له‌وێنه‌كانا مانیفێستده‌بێ.
فۆتۆئه‌پارات و وێنه ده‌رفه‌تی ئه‌م چه‌شنه فێڵسازی و فریوسازییه ده‌ڕه‌خسێنن، به‌چه‌شنێك ئامێر و میكانیزمه ته‌كنه‌لۆژییه‌كان فره‌ئاراسته و فره‌دیون، كه‌له‌توانای گۆڕینێكی شێوێنه‌رانه‌ی جیهانی بابه‌تی و بونی فیزیكی مرۆڤدان. ته‌نانه‌ت وێنه له‌دونیای هاوچه‌رخدا ئاسۆی شێواندن و ساخته‌كردنی باری ڕۆحی ئینسانه‌كانی ئاوه‌لاكردووه. مرۆڤی هاوچه‌رخ كه ئێمه به‌شێكین لێی، له‌چركه‌ساتی چركاندنی وێنه‌دا به‌پێچه‌وانه‌ی باری رۆحی خۆیه‌وه ده‌توانێ به‌پێكه‌نین و زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی ناراسته‌وه رووخساری خۆی بۆ ناو وێنه بگوازێته‌وه.
مرۆڤ له‌وێنه‌دا زۆر به‌ساكاری ده‌توانێ ئه‌كته‌رئاسا رۆڵێكی دیكه وازیبكا كه ته‌واو دوربێ له‌حه‌قیقه‌تی هه‌نوكه‌یی خۆیه‌وه. بۆ فۆتۆگراف ده‌رفه‌تی گۆڕینی تێكده‌رانه‌ی واقیعی شته‌كان و جیهان ئاوه‌ڵاتره به‌پێی سه‌لیقه و چییه‌تی ئامێری وێنه‌گرتنه‌كه‌ی. له‌وه‌ها ره‌وشێكا، ناتوانین هیچ بنه‌ما و ئه‌رگۆمێنتێك باوه‌ڕپێبهێنین سه‌باره‌ت به‌حه‌قیقه‌تی ناو وێنه‌كان. وینه وه‌ك زۆر شتی دیكه بیر، ئایدۆلۆژیا و جیهانبینی ئینسان گه‌وهه‌ر و ئاستی حه‌قیقه‌تبونی دیاری و سنوردارده‌كه‌ن.
ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر وێنه‌كه‌ی ئالان و، له‌باره‌ی بونی فۆتۆگرافه‌ره‌وه بیربكه‌ینه‌وه،به‌تایبه‌ت له‌روانگه‌ی فلوسێره‌وه، به‌رۆشنی له‌وه تێده‌گه‌ین، بایه‌خ و تامه‌زرۆیی فۆتۆگرافه‌ر له‌سه‌ر فۆتۆئه‌پارات چڕبووه‌ته‌وه و سه‌نته‌ریگرتووه، جیهان بۆ ئه‌و ته‌نیا زه‌مینه‌یه‌كه بۆ ریالیزه‌بون و به‌رجه‌سته‌بونی توانایی و شیاوێتییه‌كانی كامێرا. ئه‌م بیریاره پێیوایه، وێنه‌گر كارناكات و ناخوازێ جیهان بگۆڕێ، ته‌نها زانیاری كۆده‌كاته‌وه.
یه‌كێك له‌و كێشه بنه‌ڕه‌تیانه‌ی بونی فۆتۆگرافه‌ر و وێنه‌كانی هه‌ڵگرین ئه‌وه‌یه، به‌ته‌نێ كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری و خودی وێنه‌كه وه‌ك وێنه ئامانجن، نه‌ك ئه‌و بابه‌ت و رووداوانه‌ی پێویسته وینه‌كه نه‌خشی بكا. تراژیدیای خنكان نابێته ئامانجی بنه‌ڕه‌تی، ئه‌وه‌نده‌ی حه‌زی خاوه‌نبونی وه‌ها وێنه‌یه‌ك جیگه‌ی گه‌وره‌ی گرتووه. تراژیدیای ئالان له‌م رێگه‌یه‌وه پیشاندرا، به‌ڵام چركه‌ساتی وێنه‌گرتنه‌كه‌ی وه‌ك مرۆڤ و تراژیدیا لێینه‌ڕوانراوه، بۆ فۆتۆگرافه‌ر و كامێراكه‌ی بابه‌تێكی گرینگ و سه‌نجراكێشبووه. ئالان له‌و ده‌مه‌دا هۆیه‌ك بووه بۆ خوڵقاندنی وێنه‌یه‌كی هه‌ژێنه‌ر و له‌پێشینه‌بونی وێنه‌كه توانیویه‌تی رووداوه‌كه له تراژیدیاكه به‌تاڵبكاته‌وه و، جه‌وهه‌ره ئینسانییه‌كه‌ی به‌قوربانی ره‌هه‌نده میدیاییه فراوانخوازه‌كه‌ی بكات. به‌ڵام وێنه‌ی ئالان ته‌حقیقی ئه‌و ئامانجه‌ی كرد كه فلوسێر باسیكردووه و ، پێیوایه مه‌به‌ستی فۆتۆگرافه‌ر سیمبۆلیكیانه‌یه، له‌م ئاسته‌دا وێنه‌ی ئالان وه‌ك سیمبۆلی حه‌قیقه‌تێكی دیاریكراوی ژیانی و كۆمه‌ڵایه‌تی كاریگه‌ری و كاردانه‌وه‌ی دروستكرد، له‌هه‌مانكاتیشدا حه‌قیقه‌تی زۆر تراژیدیای مرۆیی دیكه‌ی په‌راوێزخست.