نە بەختی خۆت بسوتێنە و نە ئاڵای خەڵک
عومەر محەمەد



ئەگەر بەخۆهەڵکێشان لێم وەرنەگرن، یەکەم کەس بووم لە دوای ڕووخانی بەعس، کە لەسەر ئاڵای عێراقم نووسی و دوای ڕەتکردنەوەیم کرد نەک سوتاندنی. ڕۆژنامەی ئاڵای ئازادی گەواهی ئەم قسەیەمە. ئەم جۆرە کوردانەی ئێستا دەماری نەتەوەییان دەرپەڕیوە، ئەوسا عێراقچی بوون و بیروڕای ئێمە و مانانیان بەتێکدەر دەزانی، لێرە قسە لەسەر ئەو کەسانە نییە، کە وەک جۆکەر بۆ هەموو سیناریۆیەک ئامادەن، بەڵکو ڕووی قسەم لەو قەڵەم بەدەستانەی کوردانی باشوورە کە فاشیانە لەبەرانبەر ڕەفتاری شۆڤێنیانەی عەرەبی شیعە تازە بە نەڕنەڕ، دەیانەوێ هەموومان بەدوای جەهل و هەراو هوریای خۆیان بخەن. دوای ئەوەی عێراقی عروبە لە بری جارێک ١٠ جاران بوزی پێوەکردوون، ئەوان تازە ئاوڕ دەدەنەوە و پاشەڵی خۆیان هەڵدەکڕێنن ودەیانەوێ ئاڵای عیراق بسوتێنن! ئەوسا من نوسیبووم ئاڵای عێراق بگۆڕن ئینجا نوێنەر بنێرنە بەغدا، ئاڵایەک کە جگەلە فاشیزمی بەعسی وعەرەبی هیچ مۆرکێکی پێکهاتەکانی تری پێوە نییە و واتای پێکەوە ژیانی تێدا کۆنەبووەتەوە، ئاڵایەک کە لەژێریدا کورد ئەنفال و گازباران کراوە و سوکایەتی بە ئینسانکراوە و بەسەر تەرمی سەدان هەزار مرۆڤی ئەنفالکراوی بێگوناه و تەرمی ئەو ژن ومنداڵانەوە دەشەکێتەوە، کە بەبێ کفن و بەبێ گۆڕ لە چاڵەکانی مەرگدا بەسەریەکدا کەوتوون و ساڵانێکە دەست و پەنجەیان تێکەڵ بە لمی بیابان بووە.

فاشیەت لە هەرساتەوەختێکدا دەرفەتی بۆهەڵکەوێ بە ئاشکرا خۆی دەنوێنێ، ئاخر مرۆڤ چۆن خۆی لە هەراوغەڵبەغەڵبی فاشییانە گێل بکات، کاتێک دەبێنێ پارچە پەڕۆیەکی کۆپی کراوی لە خوێن و کەرامەتی ئینسانەکان بەلاوە پیرۆزتر و بەنرخترە؟ لە تاوانی ئەنفال وشەنگالدا، نەک هەرعەرەبی سوننە و شیعە، بەڵکو سیاسەتمەدارانی هەموو دنیا وەک نەعامە سەریان خستبووە ناوگەڵیانەوە و خۆیان لەو تراژیدیا خوێناوییە نەدەگەیاند، ئەگەر لەکاتی تاوانی شەنگالدا نوزەیەک هەبوو، ئەوا لەکاتی ئەنفالدا هەموویان نەیاری کورد و هاوسۆزی سەدام بوون لە دژی ئێران. کوردان بەکۆمەڵ کوژران و کچەکانیان ئەتکرا و فرۆشران. ئێستاشی لەگەڵ بێت کەس مێشی میوان نییە. ئەوەی بەناوی هاوکاریی سەربازییەوە دەدرێتە کورد هیچ نییە جگە لە ساغکردنەوەی بازاڕی چەکەکانیان.

کەچی بە سوتاندنی ئاڵای كوردستان (کە ئەویش داوێکە بۆکورد) لێرە سوكایەتی بە ئاڵای عیراق دەکرێت! ئایا ئاڵای عێراق هی خۆشتان نییە؟ مەگەر ئیوە خۆتان بەعێراقی نازانن؟ ئەی کەوایە چۆن ئاڵای خۆتان دەسوتێنن؟ ئەی ئەگەر ئاڵای خۆتان نییە ئەو ئاڵایەی لەسەرشەقامەکان دەیسوتێنن بەسەر باڵاخانەی سەرۆکایەتییەکانەوە بۆ دەشەکێتەوە؟ بەسەر تەلاری وەزارەتەکان و دام ودەزگاکانی حکومەت و تەنانەت بەسەر بارەگای حزبەکانتانەوە چییە؟

ئەگەر شەڕ لەسەر کەرامەتی کوردە فەرموون لێرە شکۆ بۆ کەرامەتی ئینسانی کورد بگێڕنەوە باشترین پەرچەکردارە، ئەگەر دەتانەوێ ئاڵاسوتاندنی کورد ڕابگرن، بە سەرکردایەتیی حزبەکانتان بڵێن كەرامەتی میللەتەكەی خۆی بپارێزێت و ڕێز لە دەنگدەرەکانیان بگرن و شەرعیەت بۆ پەرلەمانەکەی بگێرنەوە.

ناشێت نوێنەرەکانت لە بەغدا و لە بن ئەو ئاڵایە بێدەنگ بن وتۆش لێرە بتەوێ دەهۆڵی ناعێراقی بوون بکوتی وئاڵاکەی بسوتێنی. ناکرێت دەسەڵاتداران نەوتی کوردستان بدزن و داوای مووچەی فەرمانبەرانیش لە عێراق بکەیت و لێرەش ئاڵاکەی بسوتێنی؟

لێگەڕێن با عێراق بۆخۆیان بێت و ئاڵا بۆخۆیان بێت، ئەگەر هەموو ئاڵای کوردستان لە خوارووی عێراق بسوتێنن چی لە کورد کەم دەبێتەوە لەوەتای هەن بەختی خۆیان و عەقڵی خۆیان لەگەڵ ئاڵای ئیسرائیل دەسوتێنن بێ ئەوەی بتوانن هەنگاوێک ئیسرائیل بەرنە دواوە ئەوان، کە بە سوتاندنی ئاڵای کوردستان بەربەریەتی خۆیان دەسەلمێنن، پەرچەکرداری تۆی بە حساب عەلمانی و بە حساب مەدەنی و بەحساب دیموکراسی چی؟ عەقڵ بۆ مرۆڤ باشە، ئەگەر سوتاندنی ئاڵای کوردستان دواکەوتوویی و بەربەرێت بێت ئەی سوتاندنی ئاڵای عێراق چییە؟ شۆڕشە یان خەباتی مەدەنی؟ بێگومان جگە لە هەنگاوی فاشیانەی ناسیۆنالیستی شتێکی تر نییە، لێگەڕێن با ئەوان لەسەر ناشیرینکردنی خۆیان و سوتاندنی ئاڵای کوردستان بەردەوام بن. لەبەرانبەردا ئێوەش دەستبەرداری دەمارگیری حزبی و کۆیلایەتی بن، وەرن بەهای ئازادی بەرز بکەنەوە و ماڵی کورد ڕێک بخەنەوە، شکاندنی بەها و كەرامەتی ئینسانی کورد بکەنە هێڵی سوور، ڕێگە بە سیاسەتی تاکڕەوانەی حزبەکانتان مەدەن کوردستان بکاتە مەیدانی پێشێلکاریی مافی ئینسان، ئەگەر کوردستان ببێتە وێنەیەکی دزێو لە پێشێلکاریی مافی هاووڵاتییان و ببێتە نیشتمانی دز و جەردەکان ئیدی ئاڵای كوردستان چ بەهایەکی بۆ دەمێنێتەوە، هەر بەڕاست ئاڵای عێراق بە چی بەهای لە دەستداوە بە دیموکراسی یان بە ملهوڕیی و دیکتاتۆرێتی بەعسییەکان؟ ئایا ئێوە ناتانەوێ لە بەعسییەکان جیاوازبن؟ دەتانەوێ لە داعش بچن؟ ناتانەوێ لە شیعەکان جیاواز بن؟ دەتانەوێ وەک هەر توندڕەفتارێک بەد کار و دڵڕەق و ناپەسەند بن؟

AM:01:56:24/11/2015