دوێنێ له شاری سلێمانی حه‌مه‌ی مه‌لا كه‌ریم، هه‌ڵكه‌وتووه نووسه‌ر و وه‌رگێڕ و لێكۆڵه‌ر كۆچی دوایی كرد، ئه‌و كۆچ كردنه نه‌ك بۆ بنه‌ماڵه‌ی موده‌ریسیه‌كان، به‌ڵكو بۆ كورد به‌گشتی و كایه‌ی نووسین و وه‌رگێڕان و ئه‌و بوارانه‌ی تریش كه مامۆستا تێیدا ده‌نووسی، زیانێكی گه‌وره بوو.
ئه‌وه‌ی له نزیكه‌وه له خزمه‌تی دانه‌نیشتبێت له هه‌ست و ئاستی زیره‌كی و بیركردنه‌وه‌ی نیشتمانیانه‌ی ئه‌و تێناگات، راسته به‌م دواییانه به‌ته‌واوی ده‌ستی قه‌ڵه‌می نه‌ده‌گرت، به‌ڵام هه‌رچۆن بوو و هه‌رچۆنیش بوایه باری ته‌ندروستییه‌كه‌ی، ئه‌و شه‌ڕی خۆی بۆ نووسینه‌وه و لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ خۆی ده‌كرد و بێ به‌رهه‌م نه‌بوو.
حه‌مه‌ی مه‌لا كه‌ریم چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌كی هه‌بوو، له‌وانه:
یه‌كه‌م: كوڕی مه‌لایه‌كی گه‌وره‌ی كورد و موفتی عیراق بوو، به‌ڵام خۆی به‌نووسه‌ر و سیاسییه‌كی چه‌پ ده‌زانی و دوور و نزیك سه‌روكاری له‌گه‌ڵ ئایین نه‌بوو.
دووه‌م: به‌ته‌نیا له یه‌ك بواردا نه‌یده‌نووسی، به‌ڵكو شیعر و ئه‌ده‌ب و وتاری سیاسی و ساغكردنه‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ باوكی ئه‌نجام ده‌دا.
سێیه‌م: نووسه‌رێكی په‌ڕگیر نه‌بوو، هه‌ستێكی جوانی مرۆڤانه له‌ناخیدا چه‌كه‌ره‌ی كردبوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری ژیانی له غه‌ریبی به‌سه‌ربرد، به‌ڵام به‌نووسین و هه‌ڵوێسته‌كانی كوردێكی چاك و پاك و راستگۆ بوو.
چواره‌م: زمانی حه‌مه‌ی مه‌لا كه‌ریم زمانێكی كوردانه‌ی په‌تی بوو، خه‌می ئه‌و خه‌می ئه‌و پاشه‌گه‌ردانییه بوو له نووسین و رێنووسی كوردیدا، به‌داخه‌وه سه‌ری نایه‌وه و زمانێكی یه‌كگرتووی كوردی نه‌بینی.
دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ سلێمانی به‌یه‌كجاری و نیشته‌جێبوونی له سلێمانی، چه‌ندین جار بۆ ئیشوكار و بۆ گوێگرتن له رێنوێنی و سه‌رنجه گرنگه‌كانی چوومه‌ته خزمه‌تی، ساتی جوان و شیرین له خزمه‌ت پیاوێكی وا گه‌وره‌دا شایانی نووسینه‌وه و پیاهه‌ڵدانه، به‌تایبه‌ت كه شایانی زۆر له‌وه زیاتریش بێت.
جارێكیان پرسیاری نووسه‌رێكی كوردم لێ‌كرد كه وا بڵاوبووبۆوه به‌عسی بووه، رێك ئه‌وكاته بوو كه تازه له نه‌خۆشی هه‌ڵسابۆوه و هێشتا ده‌نگی نووسابوو، به‌ڵام من نه‌مده‌ویست یه‌ك خوله‌ك له‌وكاته‌ی له خزمه‌تی بم له پرسیاركردن بووه‌ستم، ده‌مویست شتی لێوه‌فێربم، هه‌مووجارێك كه چوومه‌ته لای زۆرێك له سه‌رنجه‌كانیم نووسیوه‌ته‌وه.
مامۆستا وه‌كو هه‌میشه راستگۆیانه قسه‌ی كرد، وتی ئه‌و نووسه‌ره به‌عسی نه‌بووه، هیچم لێ نه‌بینیوه، دوا قسه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و پرسیاره‌ی من وتی، وه‌ڵڵاهی ئه‌و كابرایه وه‌ته‌نییه‌كی شه‌ریف بوو نه‌ك به‌عسی.
حه‌مه‌ی مه‌لا كه‌ریم نووسه‌رێكی گه‌وره بوو، به‌ڵام هێنده‌ی به پێداچوونه‌وه به نووسینی خه‌ڵكی تر و به‌رهه‌می زۆرێك له‌هاوڕێكانیدا خۆی خه‌ریك كردبوو، نیو هێنده بۆ نووسینه‌كانی كاتی نه‌بوو، ته‌نانه‌ت جارێكیان داده شیرینی خێزانی مامۆستا وتی: حه‌مه تا گه‌نج بوو هه‌ر خه‌ریكی پێداچوونه‌وه بوو به نووسینی خه‌ڵكی تر و ئه‌وانه‌ی خۆی پشتگوێ ده‌خست.
كاروانی ژیانی حه‌مه‌ی مه‌لاك كه‌ریم له بیاره‌وه ده‌ستپێده‌كات، له‌وێوه بۆ سلێمانی و پاشان كه‌ركوك، دواتریش بۆ به‌غدا تادوای پرۆسه‌ی ئازادی به‌ڕێزه‌وه بۆ یه‌كجاری هاته‌وه سلێمانی، تاڵی و سوێری زۆری چه‌شت، نه‌خۆشی و ناخۆشی جۆراوجۆر، نه‌هامه‌تی و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ترسی به‌عس و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی، به‌ڵام دوای 86 ساڵ ته‌مه‌ن و نووسین‌و ده‌یان به‌رهه‌می ناوازه و مانه‌وه‌ی له به‌غدا، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر وه‌ته‌نییه‌كی شه‌ریف بوو.