فەیسبووك خستییە زیندانەوە
ژیلەمۆ عەبدولقادر




كچێك سكاڵای لەسەر كوڕێك هەبوو كە ئەكاونتێكی فەیسبووكی بەناوی ئەو كردبووەوە و زۆربەی وێنەكانی كچەكە و خێزانی كچەكەی تێدا بڵاوكردبووەوە، بەڵام ئەو وێنانە چۆن كەوتبوونە دەستی كوڕەكە؟

كچەكە گێڕایەوە كە لە مۆڵێك كاری دەكرد، كارمەندێكی مۆڵەكە خۆی لێ‌ نزیك دەكاتەوە، دوای ماوەیەك گفتوگۆ، كوڕەكە پێیدەڵێت كە زۆر سەرسامە بە كەسایەتیی ئەو و دەیەوێ‌ ببێتە هاوژینی. كوڕەكە داوای چەند وێنەیەك لە كچەكە دەكات بۆ ئەوەی بە خێزانەكەی نیشان بدات. كچەكەش لە نیازپاكیی خۆی ئەلبوومێك لە وێنەكانی خۆی و خێزانەكەی دەداتێ‌.

بەڵام كچەكە هەرزوو پەشیمان دەبێتەوە و بە كوڕەكە دەڵێت شووت پێناكەم، كەچی كوڕەكە وازی لێ ناهێنێ‌ و بەردەوام لێی دەپاڕێتەوە كە شووی پێ‌ بكات، ئەگەرنا هۆكارەكەی بۆ روون بكاتەوە، بەڵام كچەكە هیچی پێ ناڵێت. كوڕەكە كاتێك دەزانێت پاڕانەوە سوودی نییە، دەكەوێتە هەڕەشەكردن لە كچەكە. هەرچەندە كچەكە هەڕەشەكان بە جددی وەرناگرێ‌، بەڵام ئەو نامە هەڕەشەئامێزانەی لە كوڕەكەوە بۆی هاتوون، لای خۆی دەیانپارێزێت.

رۆژێكیان كارمەندێكی مۆڵەكە مۆبایلەكەی دەردێنێ‌ و ئەكاونتێكی فەیسبووك پێشانی كچەكە دەدات و لێی دەپرسێ‌ ئەوە ئەكاونتی تۆیە؟ كچەكە واقی وڕدەمێنێ‌ و یەكسەر خەیاڵی بۆ ئەو كوڕە دەچێت كاتێك بە نیەتێكی پاكەوە ئەلبوومێكی وێنەی تەسلیم كردووە، بەڵام ئەو سەرجەم وێنەكانی لە ئەكاونتێكدا بەناوی كچەكەوە بڵاوكردووەتەوە.

كچەكە سكاڵای لەسەر كوڕەكە تۆمار كرد، بە تۆمەتی ئەوەی هەڕەشەی لێكردووە و لە فەیسبووك ئەكاونتێكی ساختەی بەناوی ئەوەوە كردووەتەوە و گوایە بەو هۆیەوە ئابڕووی چووە. دۆسیەكەی رەوانەی بەردەم دادوەر كرا، دادوەر بەپێی ماددەی دوو لە یاسای ژمارە شەشی ساڵی 2008ی یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن لە هەرێمی كوردستان-عێراق، بڕیاری دەستگیركردنی كوڕەكەی دەركرد.

تۆمەتبار دەستگیركرا و سەرەتا لە لێكۆڵینەوەدا نكۆڵی لەوە كرد كە هەڕەشەی لە كچەكە كردبێ‌ و ئەكاونتی بەناوی ئەوەوە كردبێتەوە. تەنانەت گوتی دوای ئەوەی پەیوەندیمان نەما، هەموو وێنەكانم بۆ كچەكە گەڕاندەوە. كاتێك ئەو نامانەی نیشاندران كە بۆ كچەكەی ناردبوو، چیدی نەیتوانی نكۆڵی بكات، بەڵام بۆ ئەكاونتەكە هەر نكۆڵی دەكرد.

لەگەڵ دەستگیركردنی كوڕەكە، ئەكاونتەكەش داخرا و چیدی نەكرایەوە، بۆیە گومانەكانی زیاتر لەسەر تۆخ بوونەوە. ئەو گەنجە دوای دادگاییكردنی، سزای شەش مانگ بەندكردنی بەسەردا سەپێنرا.

لە ماددە دووی یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردندا هاتووە: سزا دەدرێت بە حەپسكردن بۆ ماوەیەك كەمتر نەبێت لە شەش مانگ و زیاتر نەبێت لە پێنج ساڵ و بە بژاردن كە كەمتر نەبێت لە ملیۆنێك دینار و زیاتر نەبێت لە پێنج ملیۆن دینار، یان بە یەكێك لەم دوو سزایە، هەر كەسێك بە خراپی تەلەفۆنی خانەیی (مۆبایل)، ئامێری پەیوەندیی بەتەل یان بێ‌ تەل، ئینتەرنێت و پۆستی ئەلیكترۆنی بەكاربهێنێ، ئەویش لە رێگای  هەڕەشە، تۆمەت هەڵبەستن، جنێودان، بڵاوكردنەوەی هەواڵی جۆراوجۆر كە ترسی لێ‌ بكەوێتەوە. دزەپێكردنی گفتوگۆكان، وێنەی جێگیر یان جوڵاو، كورتەنامە كە دژی رەفتار و رەوشتی گشتی بێت. یان وێنەگرتنی بێ‌ مۆڵەت و بێ‌ رەزامەندی، یان دانە پاڵی بارێكی وا كە ئابڕووبەر بێت. بڵاوكردنەوەی زانیاریی پەیوەندیدار بە نهێنیی ژیانی تایبەتی یان خێزانیی تاكەكان كە ببێتە هۆی زیان پێگەیاندنیان.
 
 
rudaw

PM:01:33:03/02/2016