ژینگه‌ی راگه‌یاندن؛ رۆژنامه‌نوسان روبه‌ڕوی مه‌رگ ده‌كاته‌وه‌
شۆڕش خالید*

ژینگه‌ی كاری راگه‌یاندن له‌ هه‌رێمی كوردستان و عیراق بۆ رۆژنامه‌نوسان گونجاو نییه و تیایدا روبه‌ڕوی هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن، سوكایه‌تیی و لێدان ده‌بنه‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌پێی راپۆرتی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، كه‌ تیایدا جه‌ختكراوه‌ته‌وه‌ "له‌ ترسی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌لایه‌ن كه‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌كان، میلیشیاكان و رێكخراوه‌ تاوانكارییه‌كان، راگه‌یاندنه‌كان روماڵی لایه‌ندار ده‌كه‌ن".

راپۆرته‌كه‌،‌ تایبه‌ته‌ به‌ ساڵی 2018ه‌و مانگی نیسانی رابردوو بڵاوكراوه‌ته‌‌وه‌، مه‌ترسییه‌كی نوێ له‌ عیراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌خاته‌ڕوو، ئه‌وه‌ش كه‌مبونه‌وه‌ی ده‌زگای راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا حزب و كه‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌كان کاریگەریی زۆر، یان کۆنترۆڵی تەواوەتیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر زۆرینەی ئەو چەند سەد رۆژنامە و كه‌ناڵی رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنه‌ی بونیان هه‌یه‌.

وه‌ك له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌ "میدیای سه‌ربه‌خۆ ناتوانن کێبڕکێ لەگەڵ راگەیاندنە گەورەکانی حیزبە سیاسییەکان و بەرپرسەکان بکەن".

لانیكه‌م 1000 ووشه‌ی ئه‌و راپۆرته‌ تایبه‌تكراوه‌، به‌ پرسی ئازادی راده‌ربڕین و ئازادی راگه‌یاندن له‌ عیراق و هه‌رێمی كوردستان، له‌كۆی 22 هه‌زار وشه‌ی كۆی گشتی راپۆرته‌كه‌ كه‌ باسی مافی مرۆڤ ده‌كات.

ئه‌و راپۆرته‌ له‌كاتێكدایه‌ ئه‌مڕۆ 3ی ئایار له‌ رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامه‌نوسیدا، زۆرینه‌ی رۆژنامه‌نوسانی عیراق و هه‌رێمی كوردستان داوای جێبه‌جێكردنی یاساكان ده‌كه‌ن له‌ پێناو ره‌خساندنی ژینگه‌یه‌كی له‌بارتر بۆ رۆژنامه‌نوسان.

دەستوری عیراق، مافی ئازادی دەربڕینی بە ئازادی راگەیاندنیشەوە بەخشیوە، بەمەرجێک کە نابێت پێشێلی نیزام و ئادابی گشتی بکات، پاڵپشتی دەرببڕێت بۆ حیزبی بەعسی قەدەغەکراو، یان بانگەشە بکات بۆ گۆڕینی سنوری وڵات لەڕێگەی توندوتژییەوە.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ده‌ڵێت "سەرەڕای پاراستنی دەستوریی بۆ ئازادیی دەربڕین، هەندێک کات چاودێریی و سانسۆری حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بونەتە هۆی دەستوەردان لە کارەکانی راگەیاندن، هەندێک جار بونەتە هۆی داخستنی کەناڵی راگەیاندن، سنوردارکردنی روماڵ، رەتکردنەوەی دەستگەیشتن بە زانیاری گشتیی و دەستوەردان لە خزمەتگوزاری ئینتەرنێت. کەسەکان توانیویانە بەڕێگەی گشتی یان تایبەت رەخنە لە حکومەت بگرن، بەڵام ترسی کاردانەوەیان هەبووە".

هەندێک کات چاودێریی و سانسۆری حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بونەتە هۆی دەستوەردان لە کارەکانی راگەیاندن. لە مانگی تەموزی 2018، تۆڕی راگەیاندنی عیراق، سکرتێری نوسینی گۆڤاری تۆڕی راگەیاندنی عیراقی دەرکرد، پاش ئەوەی رەخنەی لە حکومەت گرت لەسەر پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پاڵپشتی دەربڕی بۆ خۆپیشاندەران لە بەسرە.

لە مانگی ئەیلول، کەناڵی تەلەفزیۆنی ئەلحوڕە، هەڕەشەی توندوتیژی لێکرا، پاش بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک بابەت کە وەک بڵاوکردنەوەی روانگەی دژە ئێرانی دەبینرا.

له‌ هه‌رێمی كوردستانیش، لە 26 و 27ی ئازاری هه‌مان ساڵ، هێزە ئه‌منییه‌كان، رێگرییان کرد لە پەیامنێرانی چەند تەلەفزیۆنێکی هەرێمی کوردستان، بۆ روماڵکردنی خۆپیشاندانەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران لەدژی دواکەوتنی موچە، لە چەند شوێنێکی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک.

لە 26 ئایاریش، هێزەکانی ئاسایشی دهۆک رۆژنامەنوسی فریلانس (مستەفا ساڵح بامەڕنێ)یان بۆ ماوەی دە رۆژ دەستگیرکرد، لەسەر رەخنەگرتن لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. ئه‌مانه‌ مشتێكن له‌ خه‌رواڵێكی هه‌ڕه‌شه‌ و سوكایه‌تیی و به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م رۆژنامه‌نوسان له‌ هه‌رێمی كوردستان و عیراق.

"هەندێک لە رەخنەگرانی حکومەت لەسەر ئینتەرنێت ناوی خوازراو بەکاردەهێنن، بۆ خۆپاراستن لە تۆڵەی حکومەت و گروپە چەکدارەکانی سەر بە بەرپرسە هەڵبژێردراوەکان"، به‌پێی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا.

هه‌روه‌ها هاتووه‌ "بەهۆی ترس لە تۆڵەسەندنەوە لەلایەن حیزبە سیاسییەکان، میلیشیاکان، گروپە تیرۆریستیەکان، رێکخراوە تاوانکارەکان و کەسانی تایبەت، لەناویاندا کەسایەتییە سیاسییەکان. ئەو کەناڵانەی راگەیاندن، کە ناتوانن تێچوی پەخش پڕبکەنەوە لەڕێگەی داهاتی ریکلام، زۆرجار پشت دەبەستن بە کۆمەکی لایەنە سیاسییەکان، کە دەبێتەهۆی روماڵکردنی لایەندار. حیزبە سیاسییەکان کاریگەریی زۆریان یان کۆنترۆڵی تەواوەتیان هه‌یه‌، له‌سه‌ر زۆرینەی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن".

هاوكار حسێن خه‌ڵكی شاری دوزخورماتووه‌، سه‌رقاڵی ڕووماڵكردنی شه‌ڕی نێوان داعش و پێشمه‌رگه‌یه‌ له‌ یه‌كێك له‌ سه‌نگه‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی كه‌ركوك فۆتۆ: ئاژانسی میترۆگرافی
رێکخراوە ناحکومییە ناوخۆییەکان دەڵێن، لە هەرێمی کوردستانی عیراق راگەیاندنی سەربەخۆ کەمبۆتەوە، چونکە ناتوانن کێبڕکێ لەگەڵ راگەیاندنە گەورەکانی حیزبە سیاسییەکان و بەرپرسەکان بکەن. بەڕای شارەزایانی راگەیاندنی ناوخۆیی، راگەیاندنە حیزبییەکان، رۆژنامەنووسان بەکاردەخەن و لە راگەیاندنی سەربەخۆ دوریان دەخەنەوە، ئەمەش بۆتە هۆی لاوازتربونی راگەیاندنی سەربەخۆ. راپۆرته‌كه‌ نمونه‌ی رۆژنامه‌ی هاوێنه‌ی هێناوه‌ته‌وه‌، لە 5 حوزەیرانی به‌هۆی كێشه‌ی داراییه‌وه‌ لە چاپکردن وەستا.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ره‌خنه‌ له‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، دوو حیزبە سەرەکییەکەی هەرێم ده‌گرێت، به‌وه‌ی ئەولەویەتی دەستگەیشتن دەدەن بەو راگەیاندنانەی سەر بەخۆیانن.

پارتی و یەکێتیی ئەولەویەتی دەستگەیشتن دەدەن بەو راگەیاندنانەی سەر بەخۆیانن "لە ناوچەی دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان، تەلەفزیۆنی کوردستان، رووداو و (K24) دەستیان دەگات بە هەموو شوێن و زانیارییە گشتییەکان، لەکاتێکدا لە ناوچەی دەسەڵاتی یەکێتی لە پارێزگای سلێمانی، تەلەفزیۆنی کوردسات و گەلی کوردستان هەمان ئیمتیازیان پێدراوە، بەپێچەوانەوە ئەو راگەیاندنانەی سەربە حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانن یان پەیوەست نین بە هیچ حیزبێکەوە، دەستگەیشتنیان سنووردارە بە زانیارییە گشتییەکان".

لە 27 ئازاری هه‌مان ساڵ، ئاسایشی فڕۆکەخانەی هەولێر رێگرییان کرد لە تیمەکانی رادیۆ و تەلەفزیۆنی نالیا و تەلەڤزیۆنی پەیام بۆ روماڵکردنی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێر. لە 5 تەموز، ئۆفیسی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێگرییان کرد لە تەلەفزیۆنی (KNN) بۆ روماڵکردنی کۆنفرانسی رۆژنامەوانی سەرۆک وەزیران لە هەولێر.

ئه‌مه‌ بۆ عیراقیش هه‌ر راسته‌، لە حوزەیرانی 2018 پۆلیس لە فەللوجە، پارێزگای ئەنبار رۆژنامەنوسێکی دەستگیرکرد، کە بەدواداچونی دەکرد بۆ تێوەگلانی بەرپرسانی شارەوانی لە سکانداڵێکی موڵک و زەوی. بەپێی رێکخراوی رۆژنامەنووسانی بێسنوور (RSF)، پۆلیس زانیاریان نەداوە بە رۆژنامەنووسەکە لەسەر هۆکاری دەستگیرکردنی، دواتر بێ ئاراستەکردنی تۆمەتی فەرمی، پاش سێ رۆژ ئازادییان کردوە.

پۆلیس لە فەللوجە، رۆژنامەنوسێکی دەستگیرکرد، کە بەدواداچونی دەکرد بۆ تێوەگلانی بەرپرسانی شارەوانی لە سکانداڵێکی موڵک و زەوی
بەپێی راپۆرتی لیژنەی پاراستنی رۆژنامەنووسان (CPJ)، هیچ رۆنامەنوسێک لەعیراق و له‌ ساڵی 2018 نەکوژراوە.

به‌ڵام له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا روماڵکردن لە ناوچە كۆنترۆڵكراوه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش هێشتا سەخت و مەترسیداره‌.

"رۆژنامەنوسان، کە روماڵی پێکدادانە چەکدارییەکانیان دەکرد لەنێوان هێزەکانی حکومەت، میلیشیاکان و پاشماوەکانی داعش، روبەڕوی هەڕەشەی راستەقینە بونەتەوە".

له‌ پله‌به‌ندی ئازادیی رۆژنامه‌وانی بۆ ساڵی 2019، عیراق به‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ له‌ بارودۆخی سه‌ختدایه‌، به‌پێی رێكخراوی رۆژنامه‌نوسانی بێسنور.

کارمەندانی راگەیاندن به‌پێی راپۆرته‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، هەندێک کات راپۆرتیانداوە کە سیاسییەکان، بەرپرسانی حکومەت، دەزگاکانی ئاسایش، پێکهاتە خێڵەکییەکان و بازرگانان، فشاریان خسۆتە سەریان بۆ بڵاونەکردنەوەی وتاری رەخنەیی. رۆژنامەنووسان راپۆرتیانداوە لەسەر رووداوی توندوتیژی، ترساندن، هەڕەشەی کوشتن و گێچەڵ لەلایەن حکومەت یان حیزبە سیاسییەکانەوە.

بۆ نمونه‌ لە مانگی تەموزی 2018، پۆلیس چەکی کارەبایی بەکارهێناوە لەدژی سێ رۆژنامەنوس و هەڕەشەی لێکردون و بۆ ماوەی سێ کاتژمێر دەستبەسەری کردون، کە سەرقاڵی روماڵکردنی خۆپیشاندانەکان بون لە فڕۆکەخانەی پارێزگای نەجەف.

بەپێی (RSF) هەر سێ رۆژنامەنوسەکە ئاشکرا دیاربوو کە رۆنامەنوسن کاتێک پۆلیس پەلاماری داون.

لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، چەندین راپۆرت هەبوو لەسەر لێدان، دەستبەسەرکردن و هەڕەشەی کوشتن، لەدژی کارمەندانی راگەیاندن. لە هەندێک کەیسدا پەلاماردەران بەرگی سەربازی یان پۆلیسی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان پۆشیوە.

راپۆرته‌كه‌ وردترده‌بێته‌وه‌ له‌وه‌ی "بەرپرسانی گشتی کاریگەرییان هەیە لەسەر ناوەڕۆک لەڕێگەی پاداشتدانەوەی روماڵی ئەرێنی لەڕێگەی بەرتیل، بەخشینی پارە، زەوی، دەستگەیشتن بە شوێنەکان و سودی تر بۆ رۆژنامەنوسان، بەتایبەتی ئەندامانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی نزیک لە حکومەت. ئەم سنوردارییانە درێژبونەوە بۆ کەناڵە تەلەفزیۆنە ئەهلییەکان کە لە دەرەوەی وڵات کاردەکەن".

به‌رپرسانی گشتی کاریگەرییان هەیە لەسەر ناوەڕۆک لەڕێگەی پاداشتدانەوەی روماڵی ئەرێنی لەڕێگەی بەرتیل، بەخشینی پارە، زەوی،
ئەنتۆنیۆ گۆتیریس، سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان، له‌ رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامه‌نوسیدا، هه‌ینی 3ی ئایار، له‌ وتیارێكیدا وتی "هیچ دیموکراسییەک تەواو نییە بەبێ گەیشتن بە زانیاری رون و باوەڕپێکراو، هەروەها بناغەی‌ دروستبونی‌ دادپەروەرییە لە دامەزراوەکانداو وا له‌ بەرپرسەکان دەکات بەشێوەیەکی‌ بەرپرسانە مامەڵە بکەن و راستییەکان بڵێن".

وتیشی "پەلاماردانی رۆژنامەنوسان و توندوتیژیی‌ و دەستدرێژیکردنە سەریان، لەگەڵیشیدا نوسین لە دژیان زیادی‌ کردووە بەتایبەتی‌ ژنان".

ئه‌و بێزاریی خۆی ده‌ربڕی، لە بەرزبونەوەی‌ ژمارەی‌ پەلامارەکان و دەربازبونی پەلاماردەران لە سزا.

بە پێی راپۆرتی‌ یونسکۆ لە ساڵی‌ 2018دا نزیکەی‌ 100 رۆژنامەنوس کوژراون و سەدانی تر زیندانیكراون.

ئه‌نتۆنیۆ به‌ بۆنه‌ی رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامه‌نوسی، داوایكرد مافی‌ رۆژنامەنوسان پارێزراوبێت "بە هەوڵەکانیان یارمەتی‌ ئێمە دەدەن بۆ بونیادنانی‌ جیهانێکی‌ باشتر بۆ هەموان".

"کاتێک راگەیەندکارێک دەکرێت ئامانج، کۆمەڵگە هەمووی‌ باجەکەی‌ دەدات"، ئه‌و به‌مه‌ كۆتایی به‌ وتاره‌كه‌ی هێنا.

AM:08:11:04/05/2019