سوتاندن سەلماندی کە هیچ شتێک ناتوانێت ئێن ئاڕ تی ڕابگرێت
ئاوات عەلی
شەش ساڵ بەر لەئێستا و لە بەرەبەیانی ٢٠ی شوباتی ٢٠١١دا، دوای تێپەڕبوونی تەنیا سێ شەو بەسەر دەستپێکردنی پەخشی کەناڵی ئێن ئاڕ تیدا، لەلایەن هێزێکی دەمامکدارەوە، هێرشکرایە سەر کەناڵی ئێن ئاڕ تی و کەلوپەل و ئامێرەکانیان گولـلەبارانکرد و دواتر بینای کەناڵەکەشیان سوتاند. ئەوانەی بڕیاری سوتاندنەکەیان دەرکرد وایان زانی چەند ڕۆژێکە و وەک هەموو ڕووداوەکانی‌ تر ئێن ئاڕ تیش بیر دەچێتەوە.

سوتاندنی کەناڵی ئێن ئاڕ تی گوڕ و تینێکی تری بەخشییە خاوەن و بەرپرسان و ستافی کەناڵەکە و وایکرد ئەوەنەی تر سووربن لەسەر ئەو ئامانج و پەیامەی هەڵیانگرتووە، کە بوونی دەنگ و ڕەنگی ئازادە لە هەرێمی کوردستان بۆ یەکەم جار لە دوای ڕاپەرینی ساڵی ١٩٩١ ەوە.

جگە لە سوتاندنی کەناڵی ئێن ئاڕ تی لە ساڵی ٢٠١١ دا، لە شەش ساڵی ڕابردوودا چەندین جار و بەچەندین شێوەی جیاواز هێرشکراوەتە سەر کەناڵی ئێن ئاڕ تی و تیمە ڕۆژنامەوانییەکانی‌ و خاوەن و بەرپرسانی کەناڵەکە، دیارترین پێشێلکارییەکانیش بریتی بوون لە تەقەکردن لە خاوەنی‌ کەناڵەکە شاسوار عەبدولواحید و داخستنی ئۆفیسەکان لە هەولێر و دهۆک و هێرشکردن بە بۆمب بۆ سەر بینای‌ سەرەکی ئێن ئاڕ تی و چەندین پێشێلکاری جۆراوجۆری تر.

سەرباری سەرجەم ئەم پێشێلکارییانەی بەرامبەر ئێن ئاڕ تی ئەنجامدراوە هەر لەڕۆژی دەستپێکردنی پەخشەوە تا ئێستا، بەڵام ئێستا دامەزراوەی میدیایی نالیا و کەناڵەکانی ئێن ئاڕ تی سنورەکانی هەرێمی کوردستانیان تێپەڕاندووەو لە میدیایەکی لۆکاڵییەوە بوونەتە میدیایەکی جیهانی بە تایبەت دوای کردنەوە کەناڵی ئێن ئار تی عەرەبی. لە ئێستاشدا دامەزراوەی میدیایی نالیا خاوەنی سێ کەناڵی ئاسمانی‌ و سێ رادیۆ و سەنتەرێکی راهێنان و شەش ماڵپەر و کۆمپانیایەکی بڵاوکردنەوەو بەرهەمهێنانەو ئۆفیسی بێجگە لەنێو هەرێم و عێراق لە زۆربەی پایتەختی وڵاتە گەورەکانی جیهاندا هەیە، ئەمەش وایکردووە ببێتە تاکە میدیا و دامەزراوەی کوردی کە سنورەکانی هەرێم ببڕێت و لە لۆکاڵی بوون دەرچێت و ببێت بە میدیایەکی جیهانی.

AM:02:55:20/02/2017