ساڵیادی شەهید شیفا
ئاکۆ محەممەد
دروستبوون و شەڕی داعش، بووە پەردەپۆش و دواخەری زۆر لە كێشەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ، بەتایبەتی كێشەكانی عێراق و سووریا . لەبەرئەوەش دوای نەهێشتنی هەبوونی چەكداریی داعش لە زۆر شوێن ، زۆر لە ململانێ و كێشەكان سەریانهەڵدایەوە . هەر بەشێك لەو كێشە و ململانێیانەش بوونە زەمینەی دروستبوونی داعش و شەڕەكانی دیكەی سووریا و عێراق . لەبەرئەوەش كە سكرتێری ناتۆ رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لە برۆكسل گوتی : سەركەوتنی سەربازی بەسەر داعشدا سەركەوتنێكی زۆر گرنگبوو ، بەڵام دروستكردنی سەقامگیری لە ناوچەكەدا گرنگترە ، بۆیە نامانەوێ هێزەكانی ناتۆ ئێستا لە عێراق بكێشینەوە .

ئەوە راستیی چارەسەری كێشەكانی ناوچەكە نیشاندەدات ، بەڵام ئەو سەقامگیرییە دەیان ساڵە لە ناوچەكەدا نییە . ململانێ ركابەرییە كۆنەكانی ناوچەكە، تووندتربوونی ململانێی نێوان شیعە و سوننە و نەبوونی یەكسانی نێوانیان زەوینەی دروستبوونی داعش بووە ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بێ چارەسەری هێشتنەوەی كێشەی كوردستان و بەرەنگاربوونەوەی شۆڕشی خەڵكی كوردستان بەدڕندەترین شێوە یەكێكە لە هۆكارەكانی نەبوونی سەقامگیری لە ناوچەكەدا. بەڵام بەداخەوە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جارێكی دیكەش ئەوەی نیشاندایەوە كە ئامادە نییە بەپێی بنەما یاسایی و گەردوونییەكانی مافی مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ چارەسەرەكەیدا بكات لە هیچ شوێنێك . بەشێوەیەكی گشتی دۆخی ناوچەكە دوای رووخاندنی دەوڵەتی داعش سەقامگیر نییە بەڵكو زۆریش ئالۆز و ئاگردارە .

كە ئەو دیمەنەی سەرەوە دەبینم ، زۆر بەخەمگینییەوە لە قسەكانی كاك عەبدوڵڵا كەسكین ، بەڕێوەبەری وەشانخانەی ئاڤێستا لە ئیستەنبوول تێدەگەم ، كە دوێنێ بە تەلەفۆن پێیگوتم :"مخابن رەوش لێرە قەت گونجاو نییە بۆ ئەنجامدانی ئەو كۆبوونەوەیەی كە بڕیارماندابوو بۆ بڵاوبوونەوەی چاپی كرمانجی كتێبی شەهید شیفا سازی بكەین ". رەوشەكە لە ئیستەنبوول بەوشێوەیە ، لێرەش باشووری كوردستانی ئابلۆقەدراو ، كە گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەكان هێشتا تێیدا راگیراون ، گونجاو نەبوو بۆ ئەنجامدانی یەكەمین رێوڕەسمی ساڵانەی خەڵاتی جیهانیی شیفا گەردی .

وەڵامی رۆژنامەڤانە ئافرەتە جیهانییەكان ئەوانەی كە بەشدارییان لە رووماڵكردنی شەڕی موسڵ و شەڕەكانی دیكەدا كردبوو لەجیهان لەساڵی رابردوودا و ، رووبەڕووی سەختی و مەترسی گەورەببوونەوە، زۆر دڵگەرمانە بوو بۆ بەشداریكردن لە پێشبڕكێ و ئەو رێوڕەسمەدا ، بەڵام نەكرانەوەی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان ، ناچاریكردین ئەو رێوڕەسمە ئەمساڵ ئەنجامنەدەین . لە كۆبوونەوەكانی سەرەتایی ئەنجامدانی رێوڕەسمەكەدا ، بۆچوونی ئەنجامدانی رێوڕەسمی خەڵاتەكەش لە دەرەوەی كوردستان هەر لە سەرەتاوە نەبووە جێگەی رەزامەندیی لیژنەی ئامادەكار. ئێمە لێرەدا دووبارە سوپاسی بەدەنگەوە هاتنی ئەو رۆژنامەڤانە جیهانیانە دەكەین ، لە هەمانكاتدا هیوادارین ساڵی داهاتوو بتوانن ئامادەی رێوەڕەسمەكە ببن لە كوردستان .

ئەمساڵ لە رۆژی شەهیدبوونی شیفا گەردیدا ، رووداو چەند بەرنامەیەكی تایبەتی دەبێت ، بەڵام بەڕاستی شەهید شیفا رۆژ بە رۆژی ئەو ساڵەی لەگەڵماندا نەبووە ، لە بیر و لەنێو دەروون و كاری ئێمەدا بووە . بۆیەش ئەوەی ئەمساڵ و لە داهاتووشدا دەیبینن ، تەنیا بیرهێنانەوەیەكی ئاشكرایە ، بەڵام بەڕاستی هەبوونەكەی لەگەڵ ئێمەدا هەمیشەییە و لە هەموو كاتێكدایە . هەموو ئەوانەش كە بەشداربوون لەگەڵماندا لەكاتی شەهیدبوونی و لەدوای ئەوەش جێگەی رێزن ، شەهید شیفا بووە شەهیدی هەموو رۆژنامەڤانانی جیهان و شەهیدی هەموو گەلی كوردستان و نەتەوەی كورد.

شەهید شیفا ، نموونەی رۆژنامەڤان و بەڕێوەبەرێكی دڵسۆز و بەوەفابوو بۆ كارەكەی و دەزگاكەی . ئەمڕۆش رۆحی شەهید شیفا لەگەڵ هەموو هاوكارانی رووداودا دەژیت ، بەڕاستیش هێشتا زۆر لە ئێمە لەو باوەڕەداین كە ئەو شەهید نەبووە و لەگەڵماندایە و، شەهیدبوونەكەی تەنیا خەونێكە و هەر ئێستا نا ساتێكی دیكە لەو خەونە ناڕاستە وشیار دەبینەوە .

AM:12:38:25/02/2018