رەسمەن ئینفیسالی بوو
ئاکۆ محەممەد


ئوستاد بەشیر موشیر دەیگوت "جەمال بۆیە تۆم زۆر خۆشدەوێت ، چۆنكە تۆ رەسمەن ئینفیسالیت"، لە راستیدا ئەوە بەس بوو بۆ ئەوەی مامۆستا جەمال نەبەزت خۆشبوێت ، بەتایبەتی كە ئەو لە چەندین لێكۆڵینەوەی زانستانە و كتێبی تایبەتدا بیری سەربەخۆییخوازیی كوردی خستووەتە چوارچێوەی بیروباوەڕێكی تایبەتەوە كە بە "بیری نەتەوەیی" یاخود بە "قوتابخانەی كوردیی ناسیۆنالیزم" ناوی دەنا، لە كتێبێكیشدا زۆر بە وردی روونیكردەوە كە "بیری نەتەوەیی" چ جیاوازییەكی هەیە لەگەڵ بیری قەومییەتی رۆژهەڵاتی و ناسیۆنالیزمی رۆژئاوایی .

زۆر كەس لەنێو كورددا هەوڵیانداوە و كاریان كردووە لەپێناو داڕشتنەوەی هەستی كوردی لەچوارچێوەی نووسیندا، بەڵام كاری مامۆستا جەمال نەبەز بەتەواوی پێگەیشتوو بوو، تەوەری سەرەكی كاركردنی ساڵانێكی زۆری بوو كە سەرەتاكەی لە كۆتایی ساڵانی پەنجاكاندا لە كاژیكنامەوە دەستیپێكرد . كورد بۆ دۆزینەوەی سەرەتاكانی دەركەوتنی بیری نەتەوەیی دەگەڕایەوە بۆ دەقەكانی ئەحمەدی خانی، بەڵام زۆرجار ئەوە لەلایەن زۆر لە لێكۆڵینڤانەكانەوە بە هەستێكی شاعیرانە لێكدەدرایەوە. مامۆستا جەمال نەبەز بە چەند كتێبێكی زانستانەی درێژكراوەی یەكتر، بیری نەتەوەیی كوردی لەچوارچێوەیەكی دیاردا داڕشتەوە و خستوویەتییە بەردەستی خوێندەوارانی نەتەوەكەی.

ئەو كتێبانەی مامۆستا جەمال نەبەز كە لە دوای راپەڕین كەوتنە دەست من و كەسانی وەك من لە باشووری كوردستان، زۆر گرانبوون لەڕووی نرخەوە و زۆریش سەختبوون بۆ خوێندنەوە بەهۆی ئەوەی هەموویان كۆپیكراوی چەنددەستكراو بوون. ئەو كتێبانە ئێستاش بە تیراژ و چاپی باشەوە لە كوردستان نەكەوتنە بەردەستی خوێنەران. هەرچەندە زۆر درەنگیشە ، بەڵام دیسانەوەش دڵخۆشم كە دەبینم ئێستا هەندێك كەس دەنووسن : پێویستە بەشێك لە كتێبەكانی مامۆستا جەمال نەبەز بخرێنە نێو پرۆگرامی خوێندنەوە .

مامۆستا جەمال نەبەز هەوڵێكی زۆری دا كە سیستەمی كوردی لە خوێندن و پەروەردەدا هەبێت لە كوردستان. لەبەرئەوەش هەمیشە گفتوگۆیەكی زۆر خەستی لەسەر ئەوە دەكرد كە تەنیا خوێندن بە كوردی بەس نییە ، بەڵكو پێویستە سیستەمی خوێندن و پەروەردە كوردی بێت. لە هەمانكاتدا هەوڵی دەدا زانستەكانیش بە كوردی بخوێنرێن هەر لەوپێناوەشدا لە ساڵی 1960 دا پەرتووكی (سەرەتای میكانیك و خۆماڵەكانی ماددە)ی بڵاوكردەوە ، كە یەكەمین كتێبی زانستی فیزیایە بە كوردی . 

ئەو كتێبەی كاتی خۆی بۆ خوێندكارانی ناوەندی نووسیبوو. هەوڵێكی زۆری دا بۆ ئەوەی كورد یەك رێنووس (رێنووسی لاتینی) و رێزمانێكی هاوبەشیان هەبێت، پێیوابوو بناخەی دروستكردنی زمانی ئەدەبی یەكگرتووی كوردی ئەوەیە. مامۆستا جەمال نەبەز بەتەنیا بوو، پشتیوانی لێنەكرا، هەندێجار دەروێشانی ئایدیۆلۆژیاكانیش زۆر دژایەتییان كرد ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خاوەن كاریگەرییەكی زۆربوو ، هەرچەندە مامۆستا جەمال نەبەز ، بەهیوای لەدایكبوونی دەزگای تەواو سەربەخۆ ، خۆی لە قسەكردن لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆنەكان دەپاراست و داوای لەوشێوەیەی رەتدەكردنەوە ، لەبەرئەوەش ئەوەی ناسیویانە ئەوانەن كە لە رێگەی كتێب و وتارەكانییەوە ناسیویانە .

كتێب و لێكۆڵینەوە زانستییەكانی مامۆستا جەمال نەبەز بە توانایی و زیرەكی ئەو مرۆڤەیان ئاشنا دەكردی، بەڵام كە ئاشنایەتی راستەوخۆت لەگەڵدا پەیدا دەكرد ، گەورەیی ئەو مرۆڤەت زیاتر بۆ دەردەكەوت. هیچ پێشمەرگەیەكی ئاوارەبوو بۆ ئەوروپا و هیچ سیاسەتكارێكی كورد نییە كە چووبێتە شوێنێك مامۆستا جەمال نەبەز كاری لەوێ هەبووبێت و هاوكاری نەبووبێت. هیچ رێكخراوێكی پیشەیی كوردی نییە لە ئەوروپا ، پێویستیان بە مامۆستا جەمال نەبەز بووبێت و یارمەتی نەدابن. مرۆڤێكی دەستكراوەی هەمیشە حەز لە سەربەرزی بوو ، بۆیەش بە درێژایی تەمەنی سەربەرزانە ژیا .

من یەكەمجار لەساڵی 1999، دوای وەرگرتنی ژمارەی تەلەفۆنەكەی لە بەهەشتی د.مارف خەزنەدار ، لە رێگەی تەلەفۆنەوە قسەم لەگەڵ كرد . دوای ئەوە لە ساڵی 2000دا بەردەوام وتارەكانی بۆ رۆژنامەی (میدیا) دەناردن. وتارەكانی سەنگ و رەواجێكی زۆر گەورەتریان دابووە رۆژنامەی میدیا ، هەروەها نەوەی نوێش ئاشنای بۆچوونەكانی مامۆستا جەمال نەبەز بوون . من خۆم وەك سەرنووسەری میدیا ، زۆر دڵخۆشبووم كە مامۆستا جەمال نەبەز وتارەكانی بۆ دەناردین ، بەڵام لەهەمانكاتدا هەستمدەكرد كە دەبێ مامۆستا جەمال لەجیاتی ئەو وتارە بیرەوەرییەكانی و لێكۆڵینەوەی زانستانە لەسەر ئەو بوارانە بنووسێت كە بەڕاستی لەنێو كورددا كەسانی دیكە توانایان بەسەردا ناشكێت ، چەند جارێك ئەوەم پێگوت ، دەیگوت راستە ، بەڵام ئەوەش پێویستە كە لەسەر رووداوە هەنووكەییەكان بنووسرێت . دوای نەمانم لە رۆژنامەی میدیا، كتێبێكی لەسەر بنەچەی وشە كوردییەكان و لێكۆلینەوەیەكی زانستانەی لەسەر یارسانەكان نووسی ، كە بەڕاستی دوو كاری زۆر نموونەیین .هەروەها دوو پاشكۆی تایبەت بە دوو بیرەوەری گرنگی لە رۆژنامەی (رووداو)دا بڵاوكردنەوە ، كە تێیدا زۆر رووداو رووندەكاتەوە لە مێژووی هاوچەرخی كورددا .

لە مانگی نیسانی 2006 بۆ یەكەمجار لە بەرلین راستەوخۆ مامۆستا جەمال نەبەزم بینی ، ئەوە رۆژێكی زۆر خۆشبوو بۆ من . شەو دەبووایە پێكەوە دابنیشین ، دوای ئەوەی نانی ئێوارەمان خوارد ، هەندێك پارەی بۆ خەرجییەكانی من خستبووە زەرفێكەوە ، لەگەڵ بلیتێكی یەك مانگەی ترێن لە ئەڵمانیا . زۆرم هەوڵدا قەناعەتی پێبێنم وەرینەگرم ، بەڵام نەمتوانی بەسەر پێداگیرییەكەیدا سەركەوم . كە گەڕامەوە كوردستان ، هەندێك پارەی دیكەم خستە سەر پارەی ناو زەرفەكەی مامۆستا جەمال نەبەز و كتێبی (كێشەی كورد ، لەبەر گڕی ئاگردانی شەڕی عێراق و ئێران دا) ، ئینجا سێ پەرتۆكی دیكەشمان بۆ چاپكرد.

دوای ئەوە دوو جاری دیكە مامۆستا جەمال نەبەزم بینییەوە ، جاری دووەم لە پێشانگەی كتێب بوو لە فرانكفۆرت لەساڵی 2013 ، كە ئێمە وەك رووداو زیاتر لەبەر ئارەزووی ئەو بەشداریمان كرد و بە درێژایی ئەو چوار رۆژە تاوەكو شەو بەیەكەوە بووین ، جاری دواییشیان لە شاری كوێلن بوو ، كە بەتایبەت لە بەرلینەوە هات بۆ بینینی ئێمە و دواتریش یەكسەر گەڕایەوە بۆ بەرلین . هەموو ئەو جارانەش پێكەوە نانمان دەخوارد ، جاری وابووە زۆربووین ، بەڵام هەمیشە ئەو پارەی هەمووانی دەدا ، لەكاتێكدا ئەو هیچ مووچەیەكی نەبوو و بە كاری زانستانە و وەرگێڕان دەژیا . لەگەڵ هەموو خەڵكیشدا هەروابوو ، نەیدەهێشت یەك نانیش بە رەنجی كەسێكی دیكە بخوات . لەبەرئەوەش مامۆستا جەمال نەبەز هیچ سامانێكی دارایی بەجێنەهێشت ، بەڵام بیری نەتەوەیی و سامانێكی گەورەی نووسراوی بۆ بەجێهێشتین .

ماڵئاوا مامۆستا گیان و رووحت شاد .


رووداو 

AM:07:21:13/12/2018