دەمەوێ بژیم
ئاڵا لەتیف
واز لە لوشکە لوشک و گریان و کوڕوزانەوە و سۆز فرۆشی بێنن، ژیان لەگەڵ تراژیدیا و چیرۆکی پڕ لە ترس و دەستدرێژی سێکسی ناو حەرام سەراکانی داعش بێگومان هێندە ئاسان نییە، بەڵام ئەوانەی کە گەڕاونەتەوە هیوایان بە ژیان هەیە، ئایا دەتوانین چییان بۆ بکەین؟
بۆ ئامادەکردنی ئەم ژمارەیەی گۆڤاری ژن چوینە دهۆک، ئەو مەملەکەتەی کە زۆرترین ئاوارەی ئێزدی لەخۆ گرتووە، هەر لێرەش بەدەیان و سەدان شاهیدحاڵی زیندوو هەن کە لەسەر دەستی داعش کراون بە کەنیزەک و سەبیە و جاریە.
 
 
ئێمە لەوێ کچانی ئێزیدی هاونیشتیمان و هاو نەتەوەی خۆمانمان بینی کە تیایاندا هەبوو هەفتەیەک بەسەر گەڕانەوەیاندا لە رقەو موسڵ و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خەلافەتی ئیسلامی تێنەپەڕیبوو، ئەوان بە پارەیەکی زۆر ئازادییان بۆ کڕدرابوو، ئێستاش ئەم ئازادییەی خۆیانیان گەلێک خۆش دەوێ، وێڕای هەژاری و ئاوارەیی و بێ دەرەتانی.
 
 
هیوا بە ژیان و عەشق بۆ ئازادی لە چاوی دەربازبووەکاندا بەئاسانی دەبینرێ، من کە بەبیستنیی چیرۆکەکانی ئەوان لە بردن و دەستدرێژی و سوکایەتی و هەوڵدان بۆ راکردن و دووبارە دەستگیرکردنەوە سام دەیگرتم و بە ئاشکرا چاوەکانم پر دەبوون لە ئاو، کەچی ئەو کیژۆڵە یازدە ساڵە دڵنەوایی دەدامەوە کە بە ١٨٠ وەرەقە هەفتەیەک پێش جەژن کڕدرابۆوە.
ئەو دەیوت "من شاهیدحالی زیندووی بە کۆیلەکردنی سێکسیم لەسەر دەستی داعش، بەڵام ئەم ئازادییەی ئێستامم خۆش دەوێ و دەشمەوێ بژیم."
بیستنی "دەمەوێ بژیم" دڵخۆشی کردم، چونکە هەرچیم دەخوێندەوە لەسەر دەربازبوانی دەستی داعش هەر پیشاندانی بێهیوایی، بێهوودەیی، نائومێدی بوو. وەک چۆن خوودی داعش لەبڵاوکردنەوەی بێ ئومێدیدا گەورەترین سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
ئەو کیژۆڵەیەو دەربازبوانی دیکە لەوەدا لەیەک دەچن کە دەیانەوێ هەرچی بەسەریاندا هات داهاتوویان بێ ئیرادە نەکات، دەیانەوێ بە ڕەشبینی و کڕوزانەوە، هێز و شادی و ورە و وزەی ئومێد بە ژیانێکی جیاواز لە خۆیاندا وشک نەکەن.

AM:02:55:07/08/2016