‌ژنێکی پیاوانە
ئاڵا لەتیف
رەنگبێ رەخنە گرتن لە ئەداو شیاوی و لێهاتووییەکانی بەڕێوەبەری ژن قورس بکەوێتەوە بۆ من وەک سەرنووسەری گۆڤاری ژن ئەو گۆڤارەی کە هەمیشە دەیەوێت دیوە هیوابەخشەکانی چالاکیی ژن پیشان بدات و هەمیشە خۆی لەبەرەی هاندانی ژناندا دەبینێتەوە.

چونکە کاتێک باسەکە دێتە سەر ژن و بەرپرسیارێتی و هەڵسەنگاندنی کارەکانی، هەمیشە تاوانبار دەکرێین بەوەی پشتی یەکتر ناگرین و هەر خەریکی پاشقول گرتنین.

 یان دەڵێن هیچ ژنێک دانی خێر بە ژنێکیتردا نانێ و هەمیشە لەپشتی ژنێکی تێکشکاو و زەبوونەوە ژنێک هەیە.  تا دەگاتە ئەوەی ئێمەی ژنانیش ئەو وتەیە بەردەوام دووبارە بکەینەوە کە هەمیشە بەسەر زاری پیاوانەوەیە و دەڵێ: دوژمنی راستەقینەی ژنان تەنها رقی ژنان خۆیانە لە هاوڕەگەزەکانیان!!

خۆی ئەمانە دەکرێت بەشێک بن لە راستی، بەڵام ناکرێت کەموکوڕیی و نەبوونی ئەتەکێتی مامەڵەو خراپ بەڕێوەبردنی ژنێک لە پۆستەکەیدا هەر بەو هۆیانەی سەرەوە پشتگوێ بخرێت وەک چۆن بێگومان ئەمانە بۆ بەڕێوەبەرێکی پیاو دەبنە جێگەی رەخنە.

من هەمیشە کە لەگەڵ هاوڕێ کچەکانم دەربارەی ئەزمونی ئەوان لەگەڵ بەڕێوەبەرێکی ژن دەکەومە گفتوگۆ، لەخۆم رادەمێنم وەختێک دەڵێن: لەنێوان ژنێکی بەڕێوەبەرو پیاوێکی بەڕێوەبەر بێگومان پیاوەکە هەڵدەبژێرم، تەنانەت ئەگەر بزانم زۆریش خراپە.

ئەوان بەراشکاوی دەڵێن: بۆ من ئاسایی ترە مامەڵەی خراپی پیاوێک ببینم، لانی کەم  دەڵێم دواجار ئەو پیاوەو منیش ژنم، دەبێت بەپێی هەموو لێکدانەوەکانیش ئەوی پیاو ئاوا مامەڵە بکات.

ئینجا پرسیارەکە ئەوەیە کە بۆچی ئێمە هەمیشە تووشی بێ هیوایی دەبین وەختێک هاوڕەگەزە ژنەکانمان دەگەنە پۆستە بەرزەکان؟
بۆچی جارێکیتر هەزار خۆزگە دەخوازینەوە بە بەڕێوەبەرێکی پیاو؟ ئایا ئەوە بەراستی خەلەلی ژنەکانە یان ئەوە سیستەمێکی پیاوسالارانەیە کە ئەم ژنانە دەکاتە پیاو ئینجا پۆستیان ئەداتێ؟

تۆ سەیری ئەم دەربڕینە بکە: توخوا ئەوە پیاوە کردویانە بە مودیر؟! یەعنی ئەبێ مودیر پیاو بێ، دنیابینی و تێڕوانینی ئێمە هەر ئاوا دیزاین کراوە کە مودیر ئەبێ هەڵسوکەوتی پیاوانە بێ ئەگینا مودیر نییە، بۆیە مودیرە ژنەکەش دەیەوێت وابکات.

ئەم باسە فرە رەهەندە، قاچێکی لە کلتورو ئایندایە قاچەکەی تریشی لەناو سیاسەتێکدایە کە بەپشتیوانی ئەوەی یەکەمیان هەنگاودەنێ، کاریگەرییە سایکۆلۆجییەکەشی لە تۆڵەکردنەوەدا دەردەکەوێ، بەڵام تۆڵە کردنەوەیەک کە تەنانەت ژن لە روحییەتی هاوڕێیەتی و هاوپیشەیی و هاوکاریش دادەماڵێ.

هاوڕێ کچەکانم بۆیان دەگێڕامەوە کە چۆن ئێستا گەورەترین کێشەیان بەڕێوەبەرە ژنەکەیانە، ئەوان نیگەران نین لەوەی بەڕێوەبەرەکەیان چاودێری کاتی هاتن و رۆشتن و دەوامکردنیانە، بەڵکو بە نیگەرانییەوە قسە لەسەر هاتنە ئارای ژینگەیەکی پڕ لە حەساسیەتی کارکردن دەکەن کە نەک ژنەکان بەڵکو پیاوەکانیش تێیدا ئارام نین.

ئەو پرسیارەش لە مێشکی خۆیاندا دەهێنن و دەبەن: بەڕێوەبەرە تازەکەمان ژنێکی باش بوو، هاوڕێیەکی باش بوو، ئێستا چی گۆڕاوە؟ بۆچی دەبێت حەزی لەوە بێ پێی بڵێن رەق و توندە و پیاوانە بەڕێوەمان دەبات؟ 

وەڵامی ئەم پرسیارە بۆ ئەو ژنانە بەجێدێڵم کە ئێستا گەیشتوون بە ناوەندەکانی بەرێوەبردن و دروستکردنی بڕیار، کاتی ئەوە هاتووە پەنجە بخەینە سەر برینەکان بەهیوای دۆزینەوەی چارەسەر.


وێستگه‌ نیوز 


AM:03:24:17/05/2017