هەمو ئەوانەی رێ‌یان دەکەوێتە ناو دیوانە شیعرییه‌كه‌ی قانعه‌وه وێنەیەکی ئە‌م شاعیرەیان لادروستدەبێت کە دەشێت به‌وێنەی رۆشنبیرێکی رەخنەیی ناوی ببه‌ین. رۆشنبیر‌و رەخنەیی بون بەمانا مۆدێرنەکانی ئە‌م چەمکانە. قانع شاعیرێکه رۆڵی رەخنەگرێکی کۆمەڵایەتیی‌و سیاسیی‌و فەرهەنگیی‌و دینیی هەمەلایەن‌و شێلگیریی کۆمەڵگای کوردستانیی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم، ده‌بینێت. واتە پرۆژه‌ی رەخنەكردن لای ئە‌م شاعیرە پرۆژه‌یه‌كی فره‌لایه‌نه، لەیەککاتدا هەم رەخنەگرێکی کۆمەڵایەتی‌و سیاسییە، هەم رەخنەگرێکی فەرهەنگیی‌و دینیی‌و هەم رەخنەگرێکی ئەخلاقییشە.
گۆڕانی «شاعیر» بۆ «رۆشنبیر»و گۆڕانی «شیعر» بۆ «ئامڕاز»ێكی سه‌ره‌كیی رەخنەكردنی كۆمه‌ڵگا دیاردەیەکی نوێی ناو دونیای ئێمەیە، هاوکات گرێدانی بابه‌ته‌شیعرییه‌كان به‌ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیی‌و سیاسییه‌وه، کردنی شیعر بەڕوبەرێک بۆ نمایش‌کردنی بیمارییەکانی کۆمەڵگاش گۆڕانێکی نوێیە‌و بەزۆر ماناش دەستنیشانکەری شوناسی ئەدەبیاتی ئێمەیە لەنیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا. قانع بکەرێکی چالاکی ناو ئە‌م تازەبونەوە ئەدەبیی‌و فەرهەنگییەیە، یه‌كێكه‌له‌دروستكه‌ران‌و گه‌شه‌پێده‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م وه‌رچه‌رخانه فه‌رهه‌نگییە.
كه باس له«رۆشنبیر»یش ده‌كه‌م باس له‌خوێنده‌واره كلاسیكییه‌كان ناكه‌م، باس لەعارف‌و سۆفیی‌و شاعیر‌و پیاوانی ئاینی ناو دونیای كۆن ناكه‌م، باس لەمنەوەرانی ناو دونیای کلاسیکی ناکەم، به‌ڵكو باس له‌و بونه‌وه‌ره تازه‌یه‌ی ناو دونیای ئێمه ده‌كه‌م كه‌قسه‌كردن له‌سه‌ر «ژیانی گشتیی»و له‌سه‌ر «كێشه هاوبه‌ش»و "خەمە کۆمەڵایەتیی”یە هه‌مه‌جۆره‌كانی ناو كۆمه‌ڵگا، به‌زمانێك كه به‌شداربوانی ئه‌و ژیانه گشتییه لێیتێبگه‌ن، بەئەرکی ژمارە یەکی خۆی دەزانێت.
رۆشنبیر لەپەیوەندیدا بەکۆمەڵگاوە، بەخەم‌و خەون‌و شکستە گشتییەکانەوە، بونەوەرێک کە ماناکانی ژیانی تایبەتیی خۆی تەنها لەپەیوەندیدا بەژیانی گشتییەوە دەبینێت‌و بەشداربونی چالاکانە لەو ژیانە گشتییەدا دەبێتە ژێرخانی ئینتیما‌و شوناس‌و تێفکرین لەلای. بەم مانایە رۆشنبیر بكه‌رێكی تەواو تازه‌ی ناو ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیی‌و سیاسیی‌و فه‌رهه‌نگیی ئێمەیە‌و وەک وتیشم ئه‌ركی ژماره یه‌كی ره‌خنه‌كردنی ئه‌و ژیانه‌و بیركردنه‌وه‌یه له‌چۆنیه‌تی سەرلەنوێ داڕشتنەوە‌و گۆڕان‌و پێشخستنی. له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی خوێندەوارانی سەردەمی قانعدا، رۆشنبیر به‌مانا تازه‌كه‌ی نەك ته‌نها له‌دایكده‌بێت، به‌ڵكو ده‌بێته بكه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی گرنگ.
«ساده‌كــــــردنــــــــــه‌وه‌ی زمان»و «ساده‌كردنه‌وه‌ی شیعر»و «داهێنانی ئه‌رك‌و رۆڵی نوێ» بۆ شاعیر له‌ناو ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا، بەشێکن لەو روانینە تازەیەی لەسەدەی بیستەمدا بۆ وێناکردن‌و چییه‌تی ئه‌ده‌بیات، له‌دیكده‌بن. به‌مه‌ش هەم شیعر خۆی وەک ژانرێکی ئەدەبیی تایبەت تازە ده‌كرێته‌وه‌و هەم زمان وەک ئامڕازێکی گرنگیی دەربڕین‌و پەیوەندیکردنیش. لەهەمانکاتدا هەم ئەو ئەرک‌و رۆڵ‌و پەیامانەی شاعیران لەناو کۆمەڵگادا دەیگرنە ئەستۆی خۆیان، بەتەواوی دەستکاریدەکرێن‌و سەرلەنوێ دادەڕێژێنرێنەوە. به‌م مانایه لەگەڵ نەوە ئەدەبییەکەی قانع لەیەککاتدا سێ رەهەندی گرنگ بەتەواوی لەناو دونیای ئه‌ده‌بیی ئێمه‌دا گۆڕانیان بەسەردا دێت.
یەکەمیان، بونی رەخنە، به‌تایبه‌تی ره‌خنه لەکۆمەڵگا‌و لەدەرکەوتە سونه‌تییه‌كانی ژیانی کۆمەڵایەتیی، بەیەکێک لەئەرکە سەرەکییەکانی شیعر‌و ئه‌ده‌بیات‌و لەوێشەوە لەدایکبونی كۆمه‌ڵێك خەونی کۆمەڵایەتیی‌و سیاسیی تازە پەیوەست بەو رەخنانەوە، سەبارەت بەشێوازی ئەو کۆمەڵگایەی پێویستە دروستبکرێت.
دوهەم، لەدایکبونی زمانێکی تازە بۆ شیعر‌و ئەدەبیات کە زمانێکی سادەی بێ گرێیە‌و لەزۆر روەوە تەواو دابڕاوە لەو ئاڵۆزییانەی زمانی شیعر‌و ئەدەبیاتی کلاسیکی هەڵگریبون.
سێهەمیشیان، هاتنەکایەی وێنەیەکی نوێیه بۆ شاعیر خۆیشی‌و بۆ ئەو ئەرکانەی شاعیر لەکۆمەڵگادا دەیگرێتە ئەستۆی خۆی. ئه‌م سێ گۆڕانكارییه له‌ناو كایه‌ی ئه‌ده‌ب خۆیدا ده‌بنه هۆكاری له‌دایكبونی جۆرێكی نوێ له‌شیعر‌و ئه‌ده‌بیات جیاواز لەئەدەبیاتی ئێمە لەسەدەکانی رابردودا، وەكچۆن له‌ده‌ره‌وه‌ی «كایه‌ی ئه‌ده‌بیات» خۆیشیدا، ده‌بێته‌هۆی له‌دایكبونی «رۆشنبیر» وه‌ك بكه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی نوێ‌و جیاواز لەعارف‌و منەوەرە کۆنەکان. بکەرێک کە هەڵگری دید‌و کەسایەتییەکی رەخنەییە‌و ئه‌ركی سه‌ره‌كیی خۆی وەک كاركردن له‌سه‌ر باشتركردنی "ژیانی گشتیی”و بیركردنه‌وه له”خەمە گشتییەکان”ی کۆمەڵگا، وێنادەکات. قانع یەکێکە لەبكه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی ناو ئه‌م جێگۆڕكێ‌و تازه‌بونه‌وه هەمەلایەنەی شیعر‌و ئه‌ده‌بیات خۆی‌و تازه‌بونه‌وه‌ی رۆڵ‌و به‌رپرسیارێتییه كۆمه‌ڵایه‌تیی‌و سیاسیی‌و ئەخلاقییه‌كانی شاعیران خۆیشیان.
به‌كورتیی، ئه‌م پرۆژه‌ی ره‌خنه‌كردنه، به‌هەمو ئەو ئه‌رك‌و په‌یام‌و پەیوەندییانەوە، كه‌قانع دەیانخاتە سەر شانی خۆی‌و سەرشانی شیعر، په‌یام‌و ئەرکی تازەن‌و بەشێكن لەکردەی له‌دایكبونی "روانینێكی نوێ” بۆ ئه‌ركی شیعر‌و بۆ ئه‌ركی شاعیر له‌دونیادا.، هاوشان بەلەدایکبونی روانینێکی نوێ بۆ چییەتی کۆمەڵگا‌و چیەتی ژیانی کۆمەڵایەتیی‌و چییەتی پێکەوەبونی گشتیی. هاوکات ئەو گۆڕانکارییانە ده‌ربڕی تێگه‌یشتنێكی نوێن بۆ چییه‌تی نوسین خۆیشی‌و ئەو ئەرک‌و پەیامانەی نوسین پێویستە بیگرێتە ئەستۆی خۆی. هەمو ئەمانە به‌سه‌ریه‌كه‌وه وێنه‌یه‌كی تەواو نوێی نوسه‌ربون‌و شاعیربون له‌جیهانی ئێمەدا ده‌كێشن. کە له‌مێژوی نوسین‌و شاعیربونی بەر لەسەدەی بیستەمی ئه‌ده‌بیاتی ئێمه‌دا، بونیان نه‌بوه، یان به‌شێوه سه‌ره‌تاییه‌كه‌ی له‌كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا‌و به‌تایبه‌تی لەئەزمونی شیعریی‌و ئەدەبیی حاجی قادری كۆییدا، له‌دایكده‌بن.
له‌كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا حاجی قادری کۆیی ده‌ستكارییه‌كی گرنگیی تێگەیشتنه سونەتییەکانی دونیای ئێمە بۆ شیعر‌و ئەدەبیات‌و بۆ ئه‌رك‌و پەیامی شاعیران له‌ئه‌ده‌بیاتی ئێمه‌دا، ده‌كات. حاجی قادر کۆمەڵێک ئه‌ركی تازه ده‌خاته سەرشانی شیعر‌و سه‌رشانی شاعیران. لەڕاستیدا لەگەڵ حاجی قادردا "شاعیر” بۆ یەکەمجار لەدونیای ئێمەدا دەگۆڕێت بۆ "ڕۆشنبیر”، له‌ئەده‌بیاتی کوردیش‌دا حاجی قادر خۆیشی یه‌كه‌مین شاعیره كه بكرێت پێناسه‌ی «رۆشنبیر»بونی به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێت. رۆشنبیربون به‌و مانایه‌ی پێشتر باسمانكرد.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به‌ر له‌حاجی قادر‌و بەتایبەتیش به‌ر له‌ئه‌زمونی قانع‌و نه‌وه ئەدەبیەكه‌ی نێوانی هه‌ر دو جه‌نگه جیهانییه‌كه‌ی سه‌ده‌ی بیسته‌م، "شاعیربون” لەدونیای ئێمەدا خۆبەخۆ‌و بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکیی مانای "رۆشنبیربون” ناگەیەنێت، بەتایبەتی رۆشنبیرێک ئەرکی ژمارە یەکی خۆی وەک ئه‌ركی رەخنەگرتن له‌ده‌ركه‌وته‌جیاوازه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی ببینێت‌و ئە‌م ئەرکەش وەک بەشێک لە”بەرپرسیارێتی نوێ” بداتە پاڵ نوسین‌و ئەدەبیات بەگشتیی‌و پاڵ شیعر بەتایبەتی. كۆكردنه‌وه‌ی «شاعیربون»و «ره‌خنه‌گربون» به‌یه‌كه‌وه، به‌تایبه‌تی كۆكردنه‌وه‌ی شیعر‌و ره‌خنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی‌و سیاسیی‌و فه‌رهه‌نگیی به‌یه‌كه‌وه، یان گۆڕینی شیعر بۆ ئامڕازی سه‌ره‌كیی پیاده‌كردنی ئه‌و شێوازه جیاوازانه‌ی ره‌خنه‌گرتن، بەستنەوەی ئەمانەش بەجۆرێکی نوێ لەبەرپرسیاریەتییەوە، دیارده‌ی تازەی ناو ئەدەبیاتی ئێمەن‌و ته‌نها له‌سه‌ده‌ی بیسته‌مدا لەکایەی ئه‌ده‌بیاتی ئێمه‌دا دروستده‌بن. ئه‌زمونی نوسین لای قانع چالاكانه به‌شداره لەبەکامڵ گەیاندن‌و پتەوکردنی ئە‌م پرۆسه تایبەت‌و گه‌وره‌یه‌ی گۆڕانكاریدا.
تائەم ساتەی ئێستایشمان کەسێک دەتوانێت شاعیر بێت، شاعیرێکی گەورە‌و داهێنەریش، بەڵام مەرج نییە رۆشنبیر بێت‌و رۆڵی رۆشنبیر له‌كۆمه‌ڵگادا ببینێت. وەكچۆن مه‌رج نییه ئه‌وه‌ی رۆشنبیر بێت شاعیر بێت، ئاواش مه‌رج نییه ئه‌وه‌ی شاعیر بێت رۆشنبیر بێت. یان ئەوەی ئەدیب‌و نوسەر بێت بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی رۆشنبیر بێت، یان کە رۆشنبیر بویت بەپێویست ئەدیب‌و نوسەر بیت. كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌م شتانە بەیه‌كه‌وه، واتە کۆکردنەوەی نوسەربون‌و رۆشنبیربون بەیەکەوە، ئه‌ركی ئه‌و نه‌وه‌یه‌بو كه به‌حاجی قادری كۆیی ده‌ستپێده‌كات‌و له‌قانعدا به‌ته‌واوی گه‌شه‌ده‌كات‌و به‌رجه‌سته‌ده‌بێت.
بۆ رونكردنه‌وه‌ی ئە‌م تێزه باسه‌رنجێك له‌ئه‌زمونی مه‌حوی له‌ناو ئه‌ده‌بیاتی نیوه‌ی دوهەمی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م‌و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا بده‌ین. لەئەدەبیاتی ئێمەدا مەحوی نمونەی رۆحێکی شیعریی تایبه‌ت‌و توانایه‌كی شاعیرانەی گەورەیە. زێدەڕۆیی نییە گەر بڵێین مه‌حوی یەکێکە لە”شاعیر”ە هه‌ره‌گەورەکانی ناو مێژوی ئەدەبیاتی ئێمه، هەم ئەدەبیاتێکی بەرز‌و بەهاداری نوسیوە هەم خاوەنی ئەزمونێکی رۆحانیی تاکەکەسیی هێجگار قوڵ‌و پڕمانایە. لەپاڵ ئەمانشەدا مەحوی خاوه‌نی توانایەکی شیعریی گەورە‌و هه‌ستێكی ئیستاتیکی به‌رز‌و ده‌سه‌ڵاتشكانێكی هه‌مه‌لایه‌نەیە به‌سه‌ر زمان‌و وێنە‌و داڕشتن‌و بابەتە شیعرییە جیاوازەکاندا.
به‌كورتی مه‌حوی شاعیرێكی زۆر دەگمه‌نی ناو ئه‌ده‌بیاتی ئێمه‌یه، بەڵام مەحوی نه”ڕۆشنبیر”ه‌و نه”رۆلی رۆشنبیر”یش لەدونیای ئێمەدا ده‌بینێت، به‌و مانایه‌ی له‌سه‌ره‌وه بەچەمکی رۆشنبیربونمان بەخشی.
مەحوی شاعیرێکی گەورەیە، بەڵام رۆشنبیر نییە بەو مانایەی حاجی قادری كۆیی‌و قانع‌و پیرەمێرد‌و زێوەر‌و ئەوانیتری جیلی قانع رۆشنبیرن. لای مەحوی ژیانی ناوەکیی خۆی، پەیوەندیی ئەو لەگەڵ خۆیدا، لەدونیای دەرەوە‌و پەیوەندیی ئەو بەژیانی گشتیەوە گرنگترە. مەحوی هێندەی لەخەمی دڵەڕاوکێ‌و گومانە تاکەکەسیی‌و دابەشبونە ناوەکییەکانی خۆیدایە، ئەوەندە کاری بەکێشە گەورەکانی دونیای دەرەوەی خۆیەوە نییە. مەحوی لەناو کێشە سەرەکییەکانی «ژیانی گشتیی» کۆمەڵگا‌و «خه‌مه كۆمه‌لایه‌تییه‌كان»و «کێشە سەرەکییەکانی سەردەم»ەکەی خۆیدا ئامادە نییە‌و ئەزمونە شیعرییەکەی لەگەڵ بابەتە سەرەکییەکانی ناو ژیانی گشتیی کۆمەڵگاكه‌یدا دەرگیر نییە. مەحوی کەمتر پەیوەندی بەکێشەکانی کۆمەڵگا‌و زیاتر پەیوەندی بەکێشەکانی ناو هەناوی خۆیەوە هەیە، كه‌متر له‌خه‌می دروستكردنی كۆمه‌ڵگایه‌كی جیاوازدایه‌و زیاتر لەخه‌می دروستكردنی كه‌سایه‌تیی خۆیدایه وەک تاکەکەسێکی جیاواز. ئەوەندەی خەریکی "خودسازیی”ە هێندە خەریکی کۆمەڵگا‌و نەتەوە‌و نیشتیمانسازیی نییە.
به‌م مانایه پەیوەندیی مەحوی لەگەڵ ناوەوەی خۆیدایە، لەگەڵ گومان‌و وەسوەسە‌و پرسیارە شەخسییەکانی خۆیدایه، نەک لەگەڵ كێشه سیاسیی‌و کۆمەڵایەتیی‌و فەرهەنگیی‌و شارستانییەکانی ناو ئەو دونیایه‌دا کە تیایدا دەژی. زمانی شیعری مەحوی خۆیشی زمانی «دۆزێنەوە»و «داهێنان”ی خودە بۆ خۆی، ئامڕازی دروستکردنی کەسایەتییەکی ئەخلاقیی‌و ئیستاتیکیی تایبەتە، وەک تاکەکەسێکی تەنها‌و رۆحانیی‌و وه‌ڕس لەژینگەكەی، نەک زمانی شاعیرێک بیەوێت بگاتە "خەڵک”و "کۆمەڵگا”. لای مەحوی خودی رۆحانیەت خۆیشی لەزۆر روەوە مانای تەڵاقدانی دونیا‌و روکردنە هه‌رێمه نەناسراوه‌كانی خوده.
مه‌حوی به‌م مانایه عابید‌و سالیک‌و زاهیدێکی ئیستاتیکیی‌و شیعرییه، شیعریش ته‌كنۆلۆژیای داڕشتن‌و به‌خشینی فۆرمه به‌ئه‌زمونه رۆحانییه‌كه‌ی خۆی وه‌ك تاكه‌كه‌سێكی نائارامیی پڕ وه‌سوه‌سه‌و دڵه‌ڕاوكێ. بابەتی سەرەکیی شیعریش پەیوەندیی شاعیرەکەیە بەناوەوەی خۆیەوە‌و بەکەلەپورێکی ئەدەبیی تایبەتەوە کە مێژویەکی درێژی هەیە.
له‌شیعری مەحویدا کێشە كۆمه‌ڵایه‌تیی‌و سیاسیی‌و فه‌رهه‌نگییه سەرەکییەکانی سەردەمەکەی خۆی نادۆزینه‌وه، مه‌حوی لەگەڵ ئەو تەحەدا‌و مەترسییە تازانەشدا دەرگیرنییە کە روبەڕوی ئەو کۆمەڵگا‌و سەردەمە ده‌بنه‌وه کە تیایاندا ژیاوە، له‌ته‌حه‌دای هاتنی كۆڵۆنیالیزمه‌وه بیگره بۆ هه‌ستكردن به‌دواكه‌وتویی شارستانیی ناوچەکە‌و لەتەحەدای سه‌ره‌تاكانی دروستبونی كێشه‌ی هاتنه‌كایه‌ی نه‌ته‌وه‌و نیشتمان‌و شوناسی نادینییەوە بۆ تەحەدای دروستبونی شێوازی تازه‌ی جه‌نگ‌و پێكدادانی سیاسیی، دروستبونی هه‌ڕه‌شه‌ی نه‌ته‌وه‌یی‌و ئه‌تنی‌و سیاسیی تازه…هتد. بەکورتی مەحوی شاعیری «خودی گوناهبار‌و ته‌نهاكه‌وتوی» خۆیەتی له‌دۆخی دابڕانیدا لەدونیا، خودێكی دینیی بیمار له‌ناو دونیایه‌كی پڕ گۆڕانكاریی گه‌وره‌دا، لەکاتێکدا حاجی قادری کۆیی، کە هاوسەردەم‌و هاوڕۆژگاری مەحوی بوە، تەواو بەئاقارێکی دیکەدا رۆیشتوە‌و ئەو شیعر‌و شاعیربونی تەواو ناکۆک بەدیدەی مەحوی بینیوە‌و مامەڵەکردوە.
لەحاجی قادری کۆییەوه، به‌تایبه‌تی دواتر له‌لای قانع، ئەرکی ژمارەیەکی شاعیر کارکردن لەسەر دونیای ناوەکیی شاعیرەکە خۆی نییە، بەڵکو دەرگیربونە لەگەڵ دونیای دەرەوەدا، بەتایبەتی لەگەڵ کێشەکانی ئەو ژیانە گشتییەدا کە شاعیرەکە بەکۆمەڵگاکەی خۆیەوە گرێئەدات. بەم مانایە شیعر لەحاجی قادری کۆییەوە ئه‌ركی ژمارە یەکی كاركردن نییه له‌سه‌ر برینه ناوه‌كییه‌كانی شاعیر خۆی، هه‌ڵاتنیش نییه له‌جیهان به‌ره‌و ده‌رون‌و نەفس‌و خود، كێشانی سنورێكیش نییه له‌نێوان خود‌و كۆمه‌ڵگادا، ئیستاتیکای ناو گۆشەگیریی‌و وەسوەسە شەخسییەکان نییە، به‌ڵكو ئه‌ركی ژمارە یەکی شیعر دەرگریبونه له‌گه‌ڵ دونیا ده‌ره‌كیی‌و ته‌حه‌دا جیاوازه‌كانیدا، بەتایبەتی تەحەدا سیاسیی‌و کۆمەڵایەتیی‌و فەرهەنگییە گشتییەکان، سه‌رقاڵبونه به‌كێشه‌كانی ژیانی کۆمەڵایەتیی‌و سیاسیی‌و فەرهەنگیی ئه‌و ساته‌وه‌ختەوە کە شیعر‌و شاعیری تیادایە‌و بینینی ئه‌م سه‌رقاڵبونه‌شه‌وەک به‌شێك له‌هه‌وڵدان بۆ دروستكردنی كۆمه‌ڵگا‌و فه‌رهه‌نگ‌و ژیانێکی گشتیی نوێ، وەك به‌شێك له‌هه‌وڵێكی به‌رده‌وام بۆ گۆڕین‌و ده‌ستكاریكردنی دونیا، سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پەیوەندییەکان‌و کێشەکان. به‌شكردنی هه‌مو ئه‌م شتانه‌ش لەگەڵ کەسانی تری سەر بەو کۆمەڵگایەدا‌و بون بەگشتێکی هاوبەش‌و هاوخەم‌و هاوچارەنوس.
ئه‌وه‌ی حاجی قادری كۆیی‌و قانع‌و ئه‌وانیتر له‌نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا دەستكاری ده‌كه‌ن ئه‌و تێگه‌یشتنه مه‌حوییانه‌یه بۆ شیعر‌و ئه‌ده‌بیات‌و ئه‌و رۆڵەیشه كه ئه‌و دیده مەحوییە سونه‌تییه به‌نوسه‌ر‌و شاعیرانی ده‌به‌خشێت. ئه‌م ده‌ستكاریكردنه‌یه‌واده‌كات چه‌مكی "رۆشنبیر” به‌مانا مۆدێرنه‌كه‌ی له‌كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا له‌دایكببێت، رۆشنبیر وەک بکەرێکی گرنگیی ناو "ژیانی گشتیی”. به‌م مانایه ئەزمونی قانع ئەزمونی له‌دایكبونی شاعیرە وەک رۆشنبیر، «رۆشنبیرێکی رەخنەیی» کە روبەری سەرەکیی کارکردنی كێشه سه‌ره‌كییه‌كانی ناو «ژیانی گشتیی» ئەو کۆمەڵگایەیە کە بە بەرچاویەوە دروستبوە‌و دروستده‌بێت.
لەم دۆخەدا شاعیر ده‌خوازێت هه‌م خۆی‌و هه‌م ئەده‌بیاته‌كه‌ی ببنه‌هێزی دروستكردنی ئه‌و دونیایه، ببنە وزەیەک بۆ دروستکردن‌و گۆڕان‌و داڕشتنەوە، بۆ بونیادنانەوەی ئەو دونیایەی کە هەیە‌و دروستکراوە وه‌ك دونیایەكی «پێشكه‌وتو»و «دادپه‌روه‌ر»و «یه‌كسانخواز». ئەوەی دیوانەکەی قانع بخوێنێتەوە نەک تەنها لەکێشە‌و تەحەدا گەورەکانی كۆمه‌ڵگای كوردستانی له‌سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ئاگاداردەبێتەوە، بەڵکو ئەزمونێکی شیعرییش ئەدۆزێتەوە کە لەبەرامبەر گشتێتی ئەو کێشانەدا وەستاوە‌و شاعیربون بوە بەجۆرێک لەڕۆڵ‌و بەرپرسیارێتی‌و ئەتیکی تازه، لەبەرامبەر مه‌سه‌له سه‌ره‌كییه‌كانی کۆمەڵگادا.
لەم ڕوەوە شیعری قانع، تەواو وەک شیعری حاجی قادری کۆیی، شیعری دابڕانێکی قوڵ‌و هەمەلایەنە، لە«ئەزمونی مەحویی»انەی شاعیربون. هاوكات هێنانەکایەی ئەزمونێکی تەواو نوێ‌و جیاوازی شیعرنوسین‌و شاعیربونە، چونە ناو زمان‌و گەمەیەکی شیعریی نوێیە، بابەتی تر‌و کێشەی تر‌و خەونی تر دەهێننە ناو ئە‌م ئەدەبیاتەوە. بەمانایەکی دیکە، لەحاجی قادری کۆییەوە روانینێكی نوێ لەئەدەبیاتی ئێمەدا دروستدەبێت کە مانایەکی تر بەشیعر‌و رۆڵێکی تر بەشاعیربون‌و ئەتیک‌و ئەخلاقیاتێکی تر بەنوسین، دەبەخشێت. ئە‌م ڕوانینە نوێیه لەئەزمونی قانعدا گەشەی تەواوەتی خۆی دەکات‌و دیوانەکەی ئە‌م شاعیرە له‌زۆر ئاستدا بەرجەستەکەرێکی راستەقینەی ئە‌م تێگەیشتنە تازەیه‌یه بۆ شیعر‌و بۆ شاعیربون‌و بۆ ئەخلاقیاتی نوسین‌و مەسەلەی بەرپرسیارێتی، لەدونیای ئێمەدا.
وه‌ك وتمان پێكه‌وه‌گرێدانی رۆڵی شاعیر‌و رۆڵی رۆشنبیر له‌ئه‌ده‌بیاتی ئێمه‌دا پێكەوەگرێدانێكی تازه‌یه. له‌م گرێدانه‌دا شیعر کەمتر باسی خود‌و زیاتر باسی دونیا دەكات، له‌باتی سه‌فه‌ر به‌ناو وه‌سوه‌سه ناوه‌كییه‌كانی خود خۆیدا، سه‌فه‌رە به‌ناو قوڵایی كێشه كۆمه‌ڵایه‌تیی‌و فه‌رهه‌نگیی‌و سیاسییه‌كاندا، لەباتی دەنگی رۆحێکی خەمبار‌و دابەشبون‌و گوماناوی بێت، دەنگی مێژو کۆمەڵگا‌و سەردەمێکی تایبەتە کە نیازی گۆڕان‌و تازەبونەوەی هەیە.
ئه‌گه‌ر وردتر بدوێین ده‌كرێت بڵێین: شیعر له‌ئه‌زمونی قانعدا‌تۆماری باسكردنی نیگه‌رانییه‌كانی خوده لەپەیوەندیدا بەخۆیەوە نا، بەڵکو لەپەیوەندیدا بەکێشە‌و ته‌حه‌دا سه‌ره‌كیی‌و گشتییه‌كانی ئەو دونیایەوە كه ئه‌و وه‌ك تاكه‌كه‌س‌و بكەرێكی رۆشنبیری، تیایدا ئاماده‌یه‌و کێشەکانی بەکێشەی شەخسی خۆی دەزانێت. لێرەدا په‌یوه‌ندی سه‌ره‌كیی ته‌نها پەیوەندیی نییه لەنێوان خود‌و خود خۆیدا، شیعر بەتەنها ئامڕازی دروستكردنی خود نییە وەک تاکەکەسێکی ئه‌خلاقیی، شتێك نییه بۆ بەرجه‌سته‌كردنی كێشه رۆحیی‌و ناوه‌كییه‌كانی شاعیره‌كه به‌ته‌نها، بەشێک نییە لەتەکنۆلۆژیای دروستکردنی خود بەتەنها، بەڵکو ئامڕازی بەرهەمهێنانی دونیایەکی جیاواز‌و كۆمه‌ڵگایه‌كی جیاواز‌و یەکەی دەستەجەمعیی‌و کۆیی تازەیشە. لەسەردەمی حاجی قادری کۆییەوە ئه‌م یه‌كه كۆیی‌و ده‌سته‌جه‌معییانه ناویان «نەتەوە»و «نیشتیمانێكی نه‌ته‌وه‌یی» «کۆمەڵگایەکی مۆدێرن»و «ژیانێکی پێشكه‌وتو”ه.
شیعر لەم دونیا تازه‌یه‌دا چه‌نده ئامڕازی به‌رده‌ستی شاعیرێكه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت ته‌عبیر لەخۆی وه‌ك تاكه‌كه‌سێكی تایبه‌ت بكات‌و باسی دونیا ناوه‌كیی‌و پرسیار‌و وه‌سوه‌سه‌و دابه‌شبون‌و دڵه‌ڕاوكێكانی بكات، ئه‌وه‌نده‌ش، ئه‌گه‌ر زیاتریش نه‌بێت، ئامڕازی دروستكردنی دونیایه‌كی نوێیه كه مرۆڤی نوێ‌و بیری نوێ‌و خه‌ونی نوێ ئاراسته‌ی بكات. شیعر لێرەدا به‌شێكه له‌خه‌م‌و خه‌ون‌و توانای تازه‌كردنه‌وه‌یه‌كی سه‌رتاسه‌ری كۆمه‌ڵگا.
له‌ئه‌زمونی قانعدا ئێمه له‌به‌رده‌م شاعیرێكداین خۆی وەک بكه‌رێكی زیندو ئۆرگانیی ناو ئەو کۆمەڵگایە وێنادەکات کە تیایدا دەنوسێت، قانع وه‌ك كه‌سێك ئاماده‌یه كه خه‌ونی گۆڕانی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌و خه‌می گۆڕانی ئه‌و دونیایه‌ی هه‌ڵگرتوه كه له‌ئارادایه‌و باڵادەسته. بۆیه كێشه شه‌خسی‌و ناوه‌كییه‌كانی قانع خۆی وه‌ك مرۆڤێك، به‌توندی گرێدراون به‌و كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌وه، خەم‌و پەژارەکانیی‌و ئومێد‌و تێکشکانەکانی بەتوندی پەیوەستن بەکێشەکانی ئەو دونیایەوە کە خەونی گۆڕان‌و داڕشتنەوەی دەدات. دونیای ناوه‌كیی قانع وەک شاعیرێک به‌ده‌یان پردی شیعریی‌و ناشیعرییه‌وه به‌دونیای دەره‌وه‌و به‌ته‌حه‌دا گه‌وره‌كانی كۆمه‌ڵگاكه‌یه‌وه گرێدراوه. هەم خۆی دەبێتە بەشێک لەدونیا دەرەکییەکە‌و هەم دونیا دەرەکییەکەیش دەبێتە بەشێک لەدونیا ناوەکییەکەی ئەو.
خودسازیی ناوەکیی لێرەدا بەشێکە لەدونیاسازییەکی دەرەکیی. له‌م دۆخه‌دا شاعیر تەنها موناجاتکەرێکی سوفیی ئاسا نییە گیریی بەدەستی ئاڵۆزییەکانی خودی خۆیەوە خواردبێت، بەڵکو بكه‌رێكی مێژوییه كه کێشەکانی كۆمه‌ڵگا وه‌ك كێشه‌ی تایبه‌تی خۆی وێناده‌كات‌و به‌شێكی گه‌وره‌ی ته‌فاسیله‌كانی دونیا ناوه‌كییەکەی خۆی له‌ته‌فاسیلی ئه‌و كێشه گه‌ورانه‌ی كۆمه‌ڵگاكه‌یه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن کە دەرگیری تەحەدا سەرەکییەکانییەتی.
لەم دۆخەدا دروستكردنی خودی خۆی وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی شیعریی به‌شوناسێكی ئه‌ده‌بیی‌و ئه‌خلاقیی تایبه‌ته‌وه، به‌شێكه لەکردەی دروستكردنی ئه‌و دونیایه‌ش كه به‌شایسته‌ی سه‌رده‌م‌و قۆناعه‌كه‌ی خۆی ده‌زانێت. ئه‌م دیالێكتیكه نوێیه له‌نێوان ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه دا‌واده‌كات كێشه‌كانی دونیای ده‌ره‌وه ببنه كێشه‌ی شه‌خسی ئەوو به‌ئه‌ركی خۆیشی بزانێت له‌ناو تێكسته شیعره‌كانیدا وه‌ك كێشه‌ی هه‌ره‌سه‌ره‌كیی بونی خۆی مامه‌ڵه‌یان بكات.
ئەوەی لەم پەیوەندیەدا شوێنی تێڕامان‌و لەسەر‌وەستانە ئەوەیە کە قانع ناتوانێت لەگەڵ "هەقیقەت”و "دید”و "حیکایەت”و «پێدراوه» سه‌ره‌كیی‌و باڵادەستەکانی ئەو کۆمەڵگایەدا تەبابێت كه تیایدا ده‌ژی، ناتوانێت ئه‌و شتانه قبوڵبکات بەو شێوەیەی کە هەن‌و دروستکراون‌و بون بە بەشێک لەفەزای کۆمەڵایەتی‌و سیاسیی‌و فەرهەنگیی باڵادەست. بۆیه شێوازی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی ئه‌م شاعیره به‌كۆمه‌ڵگاكه‌ی خۆیه‌وه گرێی دەدات په‌یوه‌ندییه‌كی گرفتئامێزی پڕ ململانێ‌و ناكۆكییه.
شیعری قانع تۆمارێکی وردی ئە‌م ململانێ‌و توانای پێکەوە هەڵنەکردن‌و پێکەوەنەژیانەی هۆشیارییه‌كی ره‌خنه‌ییه له‌ناو ژینگه‌یه‌كدا کە ناخوازێت لانیکەمی خواستەکانی ئەو هۆشیارییە دابینبکات. شیعری قانع بەرجەستەکەر‌و نیشاندەری ئەو بۆشایی‌و مەسافەیەیە کە لەنێوان «هۆشیاریی رەخنەیی»و «هۆشیاری سونه‌تیی» ئەو کۆمەڵگایەدا دروستده‌بێت. شیعر لێره‌دا ده‌بێت به به‌شێك له‌م په‌یوه‌ندییه پڕ ململانێیه، دەبێت به‌هێزێك بۆ نه‌فیكردنی روكاره بریندار‌و نه‌خۆشه‌كانی واقیع‌و به‌وزه‌یه‌ك بۆ گۆڕان‌و تازه‌کردنەوەی ئەو دونیایە.
ئە‌م ناكۆكییه وادەکات ئینتیمای قانع بۆ ئەو دونیایەی بەشیعر‌و لەڕێگای شیعرەوە هه‌م رەخنەی دەکات‌و هه‌م دروستیده‌كات، ئینتیمایەکی رەخنەیی ئاڵۆز‌و پڕ نیگەرانیی‌و دڵشکان‌و وه‌ڕسیی‌و توڕه‌بون بێت. شیعری قانع شیعری له‌دایكبونی سایكۆلۆژیایه‌كی نوێیه كه هۆشیارییه‌كی نوێ دروستیکردوە، له‌ناو واقیعێكی مێژوییدا كه به‌سایكۆلۆژیا‌و هۆشیاریی سونه‌تی گه‌مارۆدراوه.
له‌زۆر روه‌وه ئه‌زمونی قانع ئه‌زمونی گیرخواردنی هۆشیاریی نوێیه به‌ده‌ست دونیا‌و كۆمه‌ڵگایه‌كه‌وه كه عه‌قڵانیه‌تی ئه‌و هۆشیارییه‌و مژده نوێیه‌كانی ناو ئه‌و سایكۆلۆژیا تازه‌یه‌ی بۆ قوت ناچێت. هه‌ر ئه‌مه‌یه واده‌كات لەشیعری قانعدا، له‌پاڵ باوه‌ڕێكی گه‌وره‌دا به‌توانای مرۆڤ‌و كۆمه‌ڵگا بۆ‌خۆتازەكردنه‌وه‌و باشتركردنی دونیا، هاوكات ترسێكی گه‌وره به‌چه‌قبه‌ستن‌و نه‌گۆڕان‌و خۆدوباره‌كردنه‌وه‌ئاماده‌بێت. قانع بۆ خۆده‌ربازكردن له‌م گیرخواردنه وجودییه په‌نا بۆ نوسینی «وەسیەت» ده‌بات‌و به‌شێكی گه‌وره‌ی وه‌دیهێنانی خه‌ونه‌كانی ده‌داته ده‌ست نه‌وه نوێیەكان، ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ لێره‌ن‌و ده‌ژین‌و له‌قانعه‌وه په‌یامێك‌و زمانێك‌و كۆمه‌ڵێك مژدەیان بۆ ماوه‌ته‌وه كه تائه‌مڕۆش هه‌نوكه‌یی‌و ئێستایبونی خۆیان له‌ده‌ستنه‌داوه. ئه‌م ئێستایبونی په‌یام‌و خه‌ون‌و چاوه‌ڕوانییه‌یە واده‌كات قانع تائه‌مڕۆ له‌گه‌ڵمان بێت، نەمردبێت‌و زیندوبێت.
ئاوێنه