تێكۆشانی كرد؟ ‌
د.عیزه‌دین مسته‌فا ره‌سول
ئەوە من هەر ئەنووسم و كەس بە قسەم ناكا. با هەزار جار بڵێم كورد ئەڵێن (شام و حەڵەب) لە كەناڵە (زۆر بێ و بۆر بێكانماندا) هەر دەڵێن: (دیمەشق و حەلەب). جا رەنگە بە هەورامی (ڵ) نەبێ لەبەر ئەوە هەر (حەلەب) دەڵێن. بەڵام من لەسەرمە بنووسم. جا بە قسەم ئەكەن یان نا. ئەوە دەسەڵاتم نی یە. بەس نی یە لەسەر نووسین لێشم نادەن. ئەمڕۆ باسی ووشەی (تێكۆشان) ئەكەم. 

ئەم ووشەیە لەناو ئێمەدا زۆر كۆن نی یە. بەڵێ راستە ووشەی تێكۆشاوەمان بۆ هەوڵی داوە، یا كاری كردووە هەبووە. لە كرمانجیی ژووروودا (خەبتین) بە مانای كاركردن هەر هەبووە. ئەوەتا لەوێش ووشەی (خەبات) بەرامبەر بە (تێكۆشان)ەكە بەكار هات، كە هەردووكیان بەرامبەر بە (نچال) یان (كفاح)ی عەرەبی بەكاردێن- یا بڵێین بەرامبەر بە ووشەی (مبارزە)ی لای فارس بەكاردێت كە لە عەرەبی یەوە وەرگیراوە.

 بەڵام فارس بە مانا عەرەبی یەكەی بەكاری ناهێنن. كە بۆ (دوێل)ی لاتینی بەكاردێت. یا لای خۆمان (شەڕە شیری) پێ ووتراوە. كە دوو كەس بۆ كوشتن نا، بەڵكو بۆ ئازایی و بەسەر یەكدا زاڵ بوون، (شیر) یا شمشێر بەرامبەر بە یەك بەكار دەهێنن.

دەی نەیس- ئێستا لای ئێمەو لە تەلەفزیۆن و رۆژنامەكانماندا داڕشتنی- تێكۆشان- ئەكەن پەیدا بووە. وەك ئەوەی ووشەی تێئەكۆشن- یا تێدەكۆشن بەس نەبێ بەرامبەر بە (نچال یا كفاح) یا (موبارەزە) فارسی یەكە. 

باشە. ئەم (ئەكەن)، بۆ چی یە. بۆ ئەگەر هەر بڵێین تێئەكۆشن یا تێدەكۆشن بەس نی یە و كەس تێمان ناگات؟
ئەمە قسەیەكی خۆشم دێنێتەوە یاد كە لێرەدا تەواو گێڕانەوەی جێگەی خۆیەتی.

لە مۆسكۆ- برادەرێكمان هەبوو- لەوێ، لێرە نا لە كۆڕی تێكۆشاندا بۆر بۆڕێنی لەگەڵ هەمووماندا دەكرد.
 وەك ئێمە لێرە لە كونجی ماڵدا دانیشتبین- یا هیچ نەبێ فەقێ بووبین. ئێواران (راتووی فەقێ)مان كۆكردبێتەوە. – دیارە دەزانن من مەلاو كوڕە مەلاو مەلا زادەم- هەر لە مۆسكۆ برادەرێكمان لەگەڵ بوو. كە دووایی بوو بە (دوكتۆر عەلی كەریم) و (پسپۆڕی جوگرافیا) دەمێكە لێی بێ ئاگام. ئەگەر ماوە سەلامەت بێ و ئەم چەند دێڕەشم سڵاو بێ بۆی. ئەگەر خوا نەخواستە نەشمابێ هەزار رەحمەت لە گۆڕی و نەمر بێت. 

(دوكتۆر عەلی كەریم) بە قسەی خۆش بەناوبانگ بوو. كە ئەو برادەرە خۆی لە هەموومان زیاتر كردبوو بە (تێكۆشەر) چەند دێڕێكی بۆ نووسیبوو. ناوی نابوو (حەمەمین) كە ناوی خۆی نزیكی ئەو بوو، لە دێڕەكانی دوكتۆر عەلی كەریم ئەوەم لەبیر ماوە كە دەڵێ: 
نەوجوان حەمە مین خەریجی دهۆك
(عن گریق خارج) دەیكرد تێكۆشان
بەڵام بەداخەوە هەر ئەوەندەم لەبیر ماوە. وا ئەو بوو بە (حەمەمین). (خەریجی دهۆك)یش. چونكە لە خانەی مامۆستایانی (دهۆك) خوێندبووی. بەڵام لەڕێی حیزبەوە نێررابوو بۆ مۆسكۆ- خوێندنی باڵا تەواو بكات. هەرچی (عن گریق)ەكەیە، ئەو برادەرە لە دە رستەی كوردیدا (نۆی) بە عەرەبی دەووت. هەرگیز نەیدەووت (لەڕێگەی تۆوە). هەر دەیووت (عن گریق)ی تۆوە.
ئیتر ئەمەش یادگار- رەحمەت لەو و یادی دوكتۆر عەلی كەریمیش هەر نەمر بێ. خۆزگە كەسێ دەبوو شیعرەكانی لەلا دەبوو و بڵاویدەكردەوە. دەبا بە یادی ئەو دووانە- هەردووكیان- ئێمەش واز لەم (تێكۆشان ئەكەین)ە بهێنین و بڵێین (تێدەكۆشین) یا با هەر (خەبتین) بەڵام لاریم لەوە نی یە بڵێین (راو ئەكەین) (نای ئەكەین)...هتد. 
ئیتر هەر خۆش بن.

كوردستانی‌ نوێ‌ 

AM:10:09:20/07/2017