زمانی كوردی
د.عیزه‌دین مسته‌فا ره‌سول

من زمانەوان نیم، بەڵام (عاشق)ی زمانم، ‌و لەژیانمدا بەپێی ئەم ووڵات‌و ئەو ووڵات كردنەم بۆ خوێندن‌و بۆ گەڕان. چەند زمان فێر بووم، یا لە كەناری هەندێ زماندا شتێك فێر بووم.

دیارە هەر بەپێی خوێندنەوەكەم، شتێكیشم لەبارەی زانستی زمان‌و زمانەوانیشەوە خوێندووە دەی- ئەم پێشەكی یە درێژە بۆ ئەوەیە كە بیانوو بۆ ئەم نووسینەم‌و بۆ خۆهەڵقورتاندن لەباسی زمانەوان یەوە بهێنمەوە.

كاتی خۆی كە باسی زمانی عەرەبیمان دەخوێند پێمان دەووترا. بناغەی عەرەبی یا ووشەی عەرەبی- سیانە- یا پلاپی یە. واتە ئەگەر بتەوێ لە ووشەیەكی یا دەربڕینێكی عەرەبی بگەیت- دەبێ بچیتەوە سەر (فرمان- فعل)‌و سێ یانە یان (پلاپی) یەكەی. هەرچی لەو سیانەیە زیاد بێ- ئەوە عەرەبی نی یە.

جا بۆ نموونە دەووترا- هەرچی لە سیان زیاتر بوو و كۆتایی یەكەی(ج) یا (خ) یا (ح) بوو ئەوە ئەو ووشەیە عەرەبی نی یە. چەند ووشەم لەبەردەمدایە. وەك (رابح، ساژج، گازج، برزخ) تا دەگاتە شاری (سنندج).

با ئەمانە دووا تیپی یان لێ بكەینەوە دەبن بە (ڕەوا) ‌و بە (سادە) ‌و بە (تازە) ‌و بە بەرزە‌و ئەو شارەش دەبێ بە (سنە)‌و كورد هەروای پێ دەڵێ.

هەموو مانا كوردی یەكانی ئەمانەش دیارن. زۆرجار دەڵێین: كوردی زمانێكی كۆنە‌و ڕەگی لە مێژوودا داكوتاوە، لەبەر ئەوە ئەم هەموو ناكۆكی یە‌و یەك نەگرتنەی كورد، زمانی كوردی لەناو نابات، بەڵكو ئەمە خوایە جارێكیش كورد یەك بن.
لە قورئانی پیرۆزدا ئایەتێك هەیە( مرج البحرین یلتقیان، بینهما برزخ لا یبغیان) لێكدەرەوەكان (مفسر)ەكانی قورئانی پیرۆز ئەم ئایەتە بەدوو جۆر لێك دەدەنەوە.

هەندێك دەڵێن باسی ووڵاتێكە-كە ڕەنگە (بەحرێن) بێ-كە لەوێ دوو (دەریا-بەحر) خەریكە لەیەك ئەدەن، بەڵام(بەرزەخ) ێك لەنێوانیاندا هەیە نایەڵێت لەیەك بدەن- دیارە (برزخ)ەكەش هەر (بەرزە) یا شوێنی بەرزی كوردیی خۆمانە.

هەندێ (موفەسیر) ی تر- ئەم ئایەتە پیرۆزە وا لێكدەدەنەوە كە مەبەس لەچاوی (ئادەمیزاد)ە كە دوو چاوە كە خەریكە لەیەك ئەدەن- بەڵام (بەرزخ) ێك لەنێوانیاندا هەیە نایەڵێ لەیەك بدەن-كە ئەویش (لووت) یا (كەپوو)ە.

بەڵام لێرەدا مەبەسم هەر (برزخ) ەكەیە، ئەگەر(خ) ەكەی لێ لادەی دەبێ بە (بەرزە) واتە شوێنی بەرز- ئەمەش هەر دیسان كۆنیی زمانی كوردی دەسەلمێنێ‌و دیارە ئەو زمانە لەپێش ئیسلامدا هەر هەبووە‌و لەناو ناچێت‌و خۆزگە-كورد جارێك یەك ئەبون‌و دەوڵەتی سەربەخۆ دروست دەبوو، كە دروستیش بوو ئیتر بە كەس لەناو ناچێت‌و با ئەوسا هەر ڕێك نەبین.
زمانەكەمان ماوە‌و هەر ئەمێنێ.


كوردستانی‌ نوێ‌ 

AM:06:39:07/06/2018