ئان
د.عیزه‌دین مسته‌فا ره‌سول

زۆر دەمێكە-خولیام داوەتە سەر ئەو وشە كوردیانەی كۆتاییان بە (ان) دێت-چونكە لەكوردیدا زۆرن، بەتایبەتی لەكۆتایی ناوی شار‌و دێدا. هەر ووشەیەكم دەدی كە كۆتایی یەكەی بە (ان) دووایی هاتبێ-لەسەر كاغەزە شڕەكانی یادداشتەكانمدا تۆمارم دەكرد-لێكدانەوەی ئەم كۆتایی یەم لا ئاشكرا نەبوو. تا لەم دوواییەدا ووتارێكم لەسەر زمانی سومەری خوێندەوە. كتوپڕ خورپەیەكی دا بە دڵمدا.

سەیر كەن-لە زمانی سۆمەریدا كە كۆنترین زمانی ئەم دەوروبەرەیە (ان) بەمانای ئاسمانە‌و(كی) بە مانای (عەرد- یا ئەرد) ەكە بە هەردووكیان دەبن بە (ئاسمان‌و عەرد) –كە بناغەی داستانی (گەلگامیش) ن-بەڵام وریا بن (گەلگامیش) مانای (گەلە گامێش) نی یە-وەك زانایەكمان ووتویەتی.

كەواتە ئەم (ان) م بۆ دۆزرایەوە‌و ئیتر دەنووسم:
بەئاسمانەوە ئەستێرەم دیووە
لەباخچەی بەهار گوڵم چنیوە
(باجەلان-سیروان-گوڵان). گوندی (قلیان) لای سنەوە.
ئەمجارەش (زەمان) – (زەمەن نا)
عەرەب دەڵێن:
یقولون الزمان زمان سو‌و
وهم فسدوا وما فسد الزمان
(واتە: دەڵێن زەمانە زەمانی خراپەیە- نەخێر ئەوان خراپ بوون‌و زەمان خراپ نەبووە).
(تاڵەقان) هەر لەناودا (غێدان) ‌و (سەعفان) ئەوا برایانی (پ.ك.ك) ش- پێشمەرگەیان كردووە بە (شەڕڤان) هەر بۆ ئەوەی نەڵێن (پێشمەرگە).

خوا بە دووری بگرێ لێمان- بە (شێرپەنجە) ش دەڵێن (سرگان).
ئێمە (گوڵ‌و رێحانە) دەڵێین- جا ناتوانم بڵێم (ڕێحانە) عەرەبی یە- چونكە لە (قورئانی پیرۆز) دا نی یە.
جارێكی پێشوو-كاكە حەمەی مەلا كەریم-یادی هەر نەمر بێ-دەیووت: كاك ناسری ڕەزازی هەورامی یە. چونكە (هەورامی) نەبێ كەسیتر ناتوانێ بەو جۆرە (ڕێحانە) بكات بە (ریحانە).

هەر لەناوی شوێنانی كوردنشیندا (خوراسان) دەبینین‌ و هەر لەو نزیكانەش (باغ جنان) لای (بوخارا) وە هەیە.
جەمالەدینی (ئەفغانی) ی ئەسەد بادیمان هەیە هەر لەولاشی یەوە (شیبانی) هەیە. كورد دەڵێ (كوێرانە) باوەڕی پێكرد بەڵام كوێریش (دەرمان)ی هەیە.

(شادمان) ین كە كورد حكوومەتی هەیە‌و ئێمە بە (پارلەمێنت) دەڵێن (پەرلەمان). ئەوە لەم كوردی یە سەقەتەی ئێستادا (ئەجزاخانە) ش بووە بە (كۆگای دەرمان) –تۆ بڵێی هەر لەبەر (ئەلف‌و نوون) ەكە بێت؟. (نەوەڵڵا).

ئێمە (ئێسقان) مان هەیە- كە زۆریش مایەوە تووشی (سوان) دەبێت- كە لای عەرەب بووە بە (سوفان).
هەر لەپارچە كاغەزێكدا ناوی (راشد الزیانی) نوسراوە لام- وەزیرێكی(بەحرین) یە‌و هەر لەلایەوە نووسراوە(ریجستان) بە شوێنی لماوی دەڵێن لە (ئۆزبەكستان).
با (ستان) یش بمێنێ بۆ(كونجی داهاتوومان). هێشتا زۆرمان ماوە. هیوام وایە وەڕسم نەكردبن.


كوردستانی‌ نوێ‌ 

AM:06:09:22/09/2018