هونەری پێشكەش كردنی بەرنامە
د.عیزه‌دین مسته‌فا ره‌سول
پێم مەڵێن دەرسمان پێ مەڵێ. هەرچەندە لە ژیانی خۆمدا لە هەموو پلەكانی خوێندندا دەرسم بە قوتابیان ووتووە. ئێستاش ئامادەم دەرسێك لە زانكۆ وەرەگرم – ئەگەر /قوتابی یە/ دەسەڵاتدارەكانی خۆم بمدەنێ. بەڵام لێرەدا وەك ڕۆژنامەنووس قسە دەكەم – كە چەند پلەی ڕۆژنامەنووسیشم دیوە – بە خوێنراوە و بیستراو و بینراویانەوە. ئەمەش باسی خۆكردن نی یە – خوا لە خۆبایی بوون بمانپارێزێ – ئەمە ڕایەكە لەبارەی هەندێ دیمەنەوە لە تەلەفزیۆندا – كە من وەڕس دەكات و هیوام وایە بۆ خەڵكیتر وا نەبێ.

لە پێشكەشكردنی میواندا – پێشكەشكەر هەیە و میوان هەیە – جا میوان یا یەك كەس دەبێت یا دوو یا زیاتر. لای هەندێ تەلەفزیۆن بووە بە ڕێباز ئەگەر میوانەكە كەسێكی دیار یا لێپرسراو بێت ئەوە هەر خۆی دەبێت. بۆ ئەمەش دەتوانین لێكدانەوەمان هەبێت – بەڵام با (لێی گەڕێین). بۆ پێشكەشكەریش كە زیاتر لە ستافی تەلەفزیۆنەكە دەبێت. ئەوە ئەركی ئەوەیە كە میوانەكە پێشكەش بكا، ئەگەر پێویستیش بكات ئەوەندە بڵێ: كە ئەمە كێ یە و كاری چی یە و دەشتوانێ لە بارەی ئەو چاوپێكەوتنەشەوە پرسیار بكات. ئیتر پرسیارەكە یا خۆی دەیكا یا ڕاسپێردراوە و بۆی دانراوە. دیارە كاری پێشكەشكەریش كارێكە، ئەركێكە كە خاوەنەكەی شانازیی پێوە بكا.

بەڵام با بێمە سەر مەبەس:
با ناو نەهێنم – ڕەنگە مەبەسم هەر یەك كەسیش نەبێ، بەڵام نموونەیەكم لە خەیاڵدایە یا لەبەر چاوە. كابرا پێشكەشكەرە – بەڵام كە دەستپێدەكات – پاش ئەوەی ناوی خۆی دەڵێ: حیكایەتێك لە بارەی باسی چاوپێكەوتنەكەیەوە دەكا – كە ئەم مەسەلەیە وایە – بنەچەی لە كوێوە هاتووە – چەند لقی لێ دەبێتەوە – ئینجا دەكەوێتە لێكۆڵینەوە لە بارەی مەسەلەكەوە و لقەكانی چەندە و چارەسەری چۆنە، ئەگەر چارەسەری بوێت – پاش ئەوەی بەشێكی زۆر لەو كاتە دەبات كە بۆ (چاوپێكەوتنەكە) دانراوە – ئینجا دەپرسێ – كاكی میوان: تۆ دەڵێی چی؟ میوانی بەسزمانیش دەبێ – بڵێ – بەخوا ڕاست دەكەی و قسەكانی ئەو دووبارە بكاتەوە كاتی خۆی یا كەمتر لە كاتەكەی خۆی پێ بباتە سەر. خۆ خوانەخواستە ناوێرێ – یا ناشبێ بڵێ: بە خوا قسەكانتم پێ ڕاست نی یە – یا هێڵێك لە نێوان ڕاست و ناڕاستی قسەكانیدا ڕاكێشێت.

دیارە نووسینەكەی منیش بوو بە وێنەیەكی كاریكاتۆریی ئەو جۆرە چاوپێكەوتنانە و باوەڕیشم پێ بكەن كە مەبەسم وێنەی ناڕەوا كێشان نی یە – بۆ هیچ كەسێك و هیچ بەرنامەیەك و هیچ كەناڵێك. بەڵام هەندێ بەرنامە ئەمەیان بە قەڵەمەكەم نووسی. خۆ ئامادەشم گوێ لە هەموو وەڵامێك بگرم – یا هەموو وەڵام و لێ زیادكردنێكیش بخوێنمەوە.

یەكێك لەو كەسە كەمانەی (ئەم كونجە) دەخوێننەوە. برایەكی نووسەر و زانامە، جارێك پێی ووتم: نابێ كونجەكان هەموو جارێك سروشتی (جدی) یا (ڕەقیان) هەبێ. دەبێ جار و بار شتی گاڵتەئامێزی تێدابێ – كە دوو كونجم لەسەر شاعیری ڕەحمەتی (مەلا نامدار) نووسی – تەلەفوونی بۆ كردم ووتی: – دەی ئەمە باشە.
كەواتە با (ئەم كونجە)ش بچێتە ڕیزی ئەو كونجە گاڵتەئامێزانەوە و قسە خۆشەكانی سلێمانی بزانن وا منیش تۆزێ گاڵتە ئەزانم. داوای لێبوردن لە هەمووان دەكەم و ئیتر هەر خۆش بن.

كوردستانی‌ نوێ‌

AM:05:31:21/02/2019