خۆ ئامادەكردن بۆ كۆنگرەی دوەمی ڕۆژنامەنووسانی كوردستان ‌
مسته‌فا ساڵح كه‌ریم‌
پێشەكیەكی پێویست
دوای بڵاوبونەوەی بیرەوەریەكانی هاوڕێم كاك فەرهاد عەونی كە بە درێژی باسی چالاكیەكانی سەندیكای كردوە بەپێویستم نەزانی من ئەوانە دووبارە بكەمەوە، تەنیا چەند سەر دێڕێك نەبێ‌ لەهەندێ‌ ڕووداوو چالاكیی كە ڕەنگە لە تێڕوانینی خۆمەوە لێیان بدوێم و تیشك بخەمە سەر هەندێ‌ لایەنی باس نەكراویان.

بەپێی ئەو پەیامەی لە دیوانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە پێمان ڕاگەیەنرا بۆ دیداری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، سەعات چوارو نیوی پاش نیوەڕۆی 5/12/2007 لە تەلاری ئەنجومەن بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر بەگەرمی پێشوازیی كردین، كاك ئەكەد موراد بەڕێوەبەری ژمێریاریی سەندیكا بووجەی خەرج و تێچوونی كۆنگرەی دوەمی ئامادە كردبوو، نەقیبیش كاك فەرهاد عەونی پێیدا چوبوەوەو پەسندی كردبوو، سەرەتا داوامان لە سەرۆكی حكومەت كرد كە لە ئاهەنگی كردنەوەی كۆنگرەدا بەڕێزیان لەگەڵمانا بن و وتاریشیان  هەبێ‌.

 جگە لەوەی كە پێویستیمان بە هاوكاری هەیە بۆ دابین كردنی خەرج و مەسرەفی كۆنگرە، بەڕێزیان بەڕوویەكی خۆشەوە هەردوو خواستەكەمانی پەسند كرد، سەرف كردنی خەرجی كۆنگرەو هەروەها ئامادەبوونی بەڕێزیشی بە شەخسی و پێشكەش كردنی وتاریش. هەر لەو دیدارەدا باسی (زەوی)ش كرا بۆ ڕۆژنامەنووسان، ((لێرەدا نامەوێ‌ لەم لایەنە بدوێم هەڵی دەگرم بۆ گۆشەیەكی تایبەت چونكە لەوێدا بەدرێژی دەربارەی دەنووسم.))

* شیاوی باسە لەوەوبەر سەردانی سەرۆكی پەرلەمان بەڕێز عەدنان موفتیمان كردبوو بۆ هەمان مەبەست، بەڕێزیان سەرەڕای پیرۆزبایی لێ‌ كردنمان بەڵێنی ئامادەبوونی داینێ‌ و هەروەها وتاریش بخوێنێتەوە.

* ئێمە وەك ئەنجومەنی سەندیكا  لەوەوبەر بەهەڵبژاردن نوێنەرانی كۆنگرەمان دەست نیشان كردبوو، ئەو پرۆسەیە لەشارەكاندا بەسەرپەرشتی لیژنەیەكی سەندیكا بەشێوەیەكی یاسایی جێبەجێ‌ كرابوو،  سەردانی هەموو دەزگا ڕۆژنامەنووسیەكانمان كردبوو، لەنزیكەوە ئاگاداری چۆنیەتی هەڵبژاردنەكان بووین. 

بەڵام بۆهەڵبژاردنی ئەنجومەن دووبارە وەك كۆنگرەی یەكەم بڕیار لەسەر لیستی هاوبەش درابوو، بۆ ئەو مەسەلەیەش كاك فەرهاد عەونی پێش وەخت پەیوەندیی بەلایەنە سیاسیەكانەوە كردبوو، زۆر كەسی لە سەركردەكانی حزب و لایەنەكان بینیبوو، لەسەر ناوی پاڵێوراوەكانیشیان لەگەڵیانا ڕێك كەوتبوو، لەئەنجاما بەر لە كۆنگرە دوو كێشە لەسەر لیستەكە ڕووی دا یەكێكیان پەیوندیی بەكۆمەڵی ئیسلامیەوە هەبوو كە بەڵێنیان درابویە نوێنەریان لە ئەنجومەنا هەبێ‌، بەڵام  لە دەستكاریی و ئاڵوگۆڕكردنا ئەو كورسیە بەر زەحمەت كێشان كەوتبوو كۆمەڵ كرابوو بە احتیات، ئەوی تریان پەیوەندیی بە نوێنەری دوەمی (ی.ن.ك) هەبوو كە دەبێتە ئەندامی ئەنجومەن، لە ئەڵقەی داهاتوودا باسی دەكەم.

كوردستانی‌ نوێ‌ 

AM:04:15:24/05/2017