كۆنگرەی دوەم ‌
مسته‌فا ساڵح كه‌ریم‌
لە ڕۆژانێكدا كە زۆربەی خەڵكی لە خۆئامادەكردندا بوون بۆ بەڕێ‌ كردنی ساڵی 2007 و پێشوازی كردنی ساڵی نوێ‌، ئێمەی ئەنجومەنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان لە هەولێر لە چالاكیەكی بەردەوامدا بووین بۆ ڕێكخستنی هۆڵ و ڕیزكردنی كورسیەكان و نووسینی دروشمەكان.

 سەعات دەی ڕۆژی 27/12/2007 لەژێر دروشمی ((لەپێناو چەسپاندنی ئازادیی ڕۆژنامەنووسی و دەستەبەركردنی مافی ڕۆژنامەنووسان لەكوردستان)) بەندە بەسیفەتی بەڕێوەبەری بەرنامەكانی ئاهەنگی كۆنگرە، بە چەند وتەیەكی كورت بۆ بەخێرهاتن و ڕاوەستان بە بێدەنگی لە حزوری گیانی پاكی شەهیدانا دەستم بە پێشكەش كردنی بڕگەكانی كۆنگرە بەزمانی كوردی و زمانی عەرەبی كرد، پەیامی سەرۆك كۆمار جەلال تاڵەبانی جەوهەر كرمانج خوێندیەوە، پەیامی سەرۆكی هەرێم مەسعود بارزانی فەلەكەدین كاكەیی خوێندیەوە،  وتاری پەرلەمان عەدنان موفتی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، وتاری حكومەت نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وتاری نەقابەی ڕۆژنامەنووسانی عیراق شهاب التمیمی نەقیبی ڕۆژنامەنووسان، نامەی جیم موبیلا سەرۆكی فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی I.F.J نامەی سكرتێری گشتی فیدراسیۆن ئایدن وایت، نامەی ئەنجومەنی سنفیی ڕۆژنامەنووسانی ئێران ئاغای ڕەجەبی مەزروعی. نامەی (سیف الشریفی) جێگری سەرۆكی ڕۆژنامەنووسانی عەرەب، نامەی میشیل ستانسرین سەرۆكی یەكێتیی نەتەوەیی ڕۆژنامەنووسانی بەریتانیا و ئیرلەندە، وتاری كۆتاییش لەلایەن خانە خوێی كۆنگرە نەقیبی ڕۆژنامەنووسانی كوردستان فەرهاد عەونیەوە پێشكەش كرا. بەو شێوەیە زۆر بە ڕێك وپێكی بەرنامەكانی ئاهەنگی كردنەوەی كۆنگرە كۆتایی هات.

* دوای ڕۆیشتنی میوانەكان و پشوویەكی كورت دەستەی سەرۆكایەتی هەڵبژێررا ئەمجا ناوی لیژنە سەرەكیەكان بڵاوكرانەوە كە ئەمانە بوون: لیژنەی یاسای كاری ڕۆژنامەنووسیی، لیژنەی هەمواركردنی یاسای سەندیكا، لیژنەی دارایی، لیژنەی داكۆكی لەمافی ڕۆژنامەنووسان، لیژنەی سكاڵای ئەندامان.

* ڕۆژی دوەم 28/2 بەیانیش و ئێوارەش لیژنەكان هەریەكەیان لەلای خۆیەوە خەریكی ڕاپەڕاندنی كارەكەی بوو، موناقەشەی گەرم وگوڕیان هەبوو لەپێناو ئامادەكردنی ڕاپۆرتەكانیان.

ڕۆژی سێیەم گفتوگۆی تێروتەسل لەسەر ڕاپۆرتەكان  كراو لەئەنجاما ڕاسپاردەو بڕیارەكانی لیژنەكان خوێندرانەوەو خرانە دەنگەوە.

دانیشتنی دوەمی ڕۆژی سێیەم 29/2 تەرخان كرابوو بۆ هەڵبژاردن بە سەرپەرشتی دادوەرو نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ.
 هەڵبژاردن بە دوو قۆناغ كرا، یەكەمیان بۆ هەڵبژاردنی نەقیب، لەبەرئەوەی تاكە یەك پاڵێوراو هەبوو، كەسیش ڕكابەری نەكرد، فەرهاد عەونی بە نەقیب هەڵبژێررا. قۆناغی دوەم بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەن بوو لەبەرئەوەی لیستی ڕكابەر نەبوو بۆیە ئەنجومەنیش لەلایەن كۆنگرەوە دەنگیان درایەو هەڵبژێرران.

-لە ئەڵقەی داهاتودا ئەم بابەتە تەواو دەكەین-

كوردستانی‌ نوێ‌ 

AM:03:26:14/06/2017