هەموو هەوڵەكانمان بۆ بەرژەوەندی ڕۆژنامەنووسان بوە ‌
مسته‌فا ساڵح كه‌ریم‌
* ئەنجومەنی پێشووی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان لەماوەی حەوت ساڵی كاركردنیا دڵسۆزانە هەوڵی زۆری دا بۆ بەدی هێنانی خواستەكانی ڕۆژنامەنووسان، بەتایبەت لە دابین كردنی زەویدا، خۆشبەختانە توانیمان لە سلێمانی لەدەوری یەكێتیی ڕۆژنامەنووسان و دەوری سەندیكاشدا نزیكەی 100 پارچە زەوی بۆ ڕۆژنامەنووسان بەپێی خاڵبەندیی ئیستیحقاق دابین بكەین. ساڵی 2006 لقی سلێمانی لیستێكی 190 كەسی ئامادە كرد بۆ وەرگرتنی زەوی، بۆ گەیاندنی ئەو داخوازیە سەعات چوارو نیوی ڕۆژی 5/12/2007 لەگەڵ نەقیب و سكرتێری ئەنجومەندا لە سەردانمانا بۆ لای كاك نێچیرڤان بارزانی ـــ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ـــ لیستەكەمان پێشكەش كرد، بەڕێزیان بەڵێنیان دا هەر كاتێك زەوی دابین بكرێ‌ بەجددی پشتیوانیمان بكات.

* دوای ئاڵوگۆڕ كردنی پۆستی سەرەك وەزیران،  دیسان كەوتینە هەوڵدان، سەعات سێی ڕۆژی 5/1/2011 لەگەڵ كاك فەرهاد عەونی نەقیبی ڕۆژنامەنووسانا سەرۆك وەزیران كاك د. بەرهەم ساڵحمان بینی، دەمەوێ‌ بۆ مێژوو شتێك بخەمە ڕوو، ئەویش ئەوەبوو لەو دیدارەدا كاك فەرهاد عەونی ڕووی كردە سەرەك وەزیران و پێی وت: دكتۆر دەستت ماچ دەكەم ئەم داخوازیەی ڕۆژنامەنووسانی سلێمانیمان بۆ جێبەجێ‌ بكە چونكە زۆر مەبەستمانە، د.بەرهەم بە تەوازوعێكی زۆرەوە وتی: پێم ناخۆشە وا بڵێی ئێوە برای خۆشەویستن و لای من ڕێزی تایبەتیتان هەیە، دڵنیاتان دەكەم هەر كاتێك زەوی ئیفراز بكرێ‌ بەهەموو توانامەوە پشتیوانیتان دەكەم.

* لە تەمووزی ئەو ساڵەدا لە كۆنگرەی ڕۆژنامەنووسانا كاك فەرهاد و من خۆمان نەپاڵاوتەوە، بەڵام بەر لە ماڵئاوایی بە دوو مانگ جارێكی تریش ئەو مەسەلەیەمان بیری د. بەرهەم خستەوە، ئەوەبوو بەر لە كۆتایی ماوەی سەرۆكایەتی د.بەرهەم بەڵێنەكەی بردە سەرو بەڕەسمی بڕیارێكی دەركرد بۆ شارەوانی سلێمانی كە دەبێ‌ بەپێی ئەو لیستە هاوپێچە زەوی بۆ ڕۆژنامەنووسانی سلێمانی دابین بكرێ‌.

* لێرەدا دەبێ‌ ئەو ڕاستیە بخەینە بەرچاو كە دەستەی لقی سلێمانی دوای دەرچوونی بڕیارەكە ڕەنجێكی زۆر بەرچاویان دا تا ئەو بڕیارە لەسەر ئەرزی واقیعدا جێبەجێ‌ بكرێ‌ و نەخرێتە سەر ڕەفە. بەدواداچوون و موراجەعاتی زۆرو تەكلیف كردن لەم و لەو،  ئەم ژوورو ئەو ژووری شارەوانی و برتەو بۆڵەی هەندێ‌ كاربەدەست و پێداچوونەوە بە لیستەكەداو دڵنیابوون لە خاوەنداریی هەر یەكەیاندا ئەمانە هەر بەدەم خۆشن، ئەگینا دیارە كارو ماندووبوونی زۆری ویستوە، بۆیە لەو بارەیەوە دەستخۆشی لە دەستەی لقی سلێمانی دەكەم كە توانییان بڕیارەكە جێبەجێ‌ بكرێ‌ و ڕۆژنامەنووسان ببنە خاوەن زەوی خۆیان، سەد جار لێیان پیرۆز بێ‌.

كوردستانی‌ نوێ‌


AM:04:18:01/11/2017