یاسای كاری ڕۆژنامەنووسیی ژمارە 35 ساڵی 2007 ‌
مسته‌فا ساڵح كه‌ریم‌
* یەكێك لەكارە سوودبەخشەكانی دوو خولی سەندیكا 2003-2011 كە شانازیی پێوە دەكەین، ئامادەكردن و ڕێكخستنی یاسای كاری ڕۆژنامەنووسیی بوو كە بەهەوڵ و تەقەللاو شەونخونی و ڕەنجێكی زۆرو چەندین كۆبوونەوە و سیمینار  لە سلێمانی و لە هەولێر و هاوكاریی بەسوودی دەستەیەكی دڵسۆز لە دادەوەران و یاساناسە ناودارەكانی كوردستان لە پەرلەمان دەرچوو، دوابەدوای بڵاوبونەوەی ئەو یاسایە زۆر لایەن و كەسایەتی نێوەندی ڕۆژنامەنووسیی لە دەرەوەی وڵات و لە ناوەوەش لەڕووی فراوان كردنی پانتایی ئازادییەوە ستایشیان كرد، لەوانە وەك دێتە یادم ئایدن وایت، جیمی بولا، روبیر منیار، شمس الواعڤین، ئاغای ڕەجەبی مەزروعی، د.فائق بگی، د.قیس العزاوی، د.كاڤم حبیب، زهیر كاڤم عبود، د.منژر الفچل، محمد حسن البنا، رجائی فایدو چەندین شارەزای دیكەی بواری ڕۆژنامەنووسیی عیراقی و عەرەب و بیانیی.

* دەبێ‌ ئەو حەقیقەتە بڵێم: ئێمە دوای سۆز كەوتبووین و تا ڕادەیەكیش لەژێر كاریگەریی هەندێ‌ لە ڕۆژنامە ئەهلیەكاندا بووین، چونكە ئەوەندەی نەخایان كە دەركەوت هەندێ‌ ڕۆژنامەنووس یاساكەیان بۆ مەبەستی خۆیان و بۆ ناوزڕاندنی ئەم و ئەو بە بێ‌ بەڵگە بەكاردەهێنا، واتە دەستیان لە شێواندنی تێگەیشتنی ئازادیی ڕۆژنامەنووسیدا هەبوو.

لەم بارەیەوە كاك فەرهاد عەونی لە یاداشتەكانیدا ڕای خۆی بەڕوونی دەربڕیوە. لەڕووی پەیڕەوكردنی یاساكەشەوە تووشی هەندێ‌ تەنگ و چەڵەمە بوو. بۆ ناساندنی ئەو یاسایە بە دادوەران و پارێزەران و یاساناسان، چەند كۆڕێكی فراوانمان لە شارەكانی كوردستانا ڕێكخست، لەئەنجاما دەسەڵاتداران بەدەنگمانەوە هاتن و لیژنەی تایبەتی یاساییان بۆ بەدواچوونی جێبەجێ‌ كردنی یاساكە پێكهێنا. لەو كارە سلبیانەی كە ڕوویان دەدا، هەندێ‌ جار ڕۆژنامەنووس بە یاساكانی بەغدا سزا دەدرا، بەبیانووی ئەوەی ئەو مادەیەی پێی تۆمەتبار كراوە لە یاسای سەندیكادا نیە، بەڵام ئێمە كۆڵمان نەداو لەسەر جێبەجێ‌ كردنی یاسای ژمارە(35) سوور بووین، ڕاستە وەك وتم: لەهەندێ‌ خاڵدا پەلەمان كردبوو، یان لە ڕووی فراوان كردنی پانتایی ئازادیدا زیاد ڕۆیشتبووین، بەڵام نابێ‌ تێكڕای یاساكە بەو هەموو لایەنە ئیجابیانەیەوە فەرامۆش بكرێ‌. بۆیە جەخت لەسەر ئەوە دەكەم كە جێی نەنگیە ڕۆژنامەنووسان تووشی ڕاونان و كامیرا شكاندن و بێ‌ بەش كردن لە بەدەستهێنانی زانیاری و گرتن ببن، نەك هەر ئەوانە بەڵكو بگاتە شەهید كردنی چەند ڕۆژنامەنووسێكی هەڵكەوتوو كە تا ئێستاش ئەو زامانە ساڕێژ نەبوون، لە كۆتاییدا دەڵێم: پێویستە گشت هەوڵەكان یەك خەین بۆ بنبڕ كردنی ئەو دیاردە ناشارستانیانەو بەهیچ جۆرێ‌ ماوە نەدرێ‌ دەنگی ئازادیی كپ بكرێ‌.

كوردستانی‌ نوێ‌ 

AM:01:24:16/11/2017