هەوڵدانی بەردەوامی سەندیكا بۆ بەرژەوەندیی رۆژنامەنووسان
مسته‌فا ساڵح كه‌ریم‌
ئەنجومەنی سەندیكا لەو دوو خولەیدا 2003 تا تەمووزی 2011 شانازیی بەوەوە دەكات كە ماندوو نەناسانە لە هەوڵی بەدی هێنانی خواستی ڕۆژنامەنووساندا بەردەوام بوە و بەكردەوە سەلماندویەتی كە نوێنەری ڕاستەقینەی ڕۆژنامەنووسان بوە لە دەربڕینی ئاوات و ئامانجیانا.

* یەكێ‌ لەو دەستكەوتە گەورانەی سەندیكا ـــ وەك جارێكی تریش لەم زنجیرە نووسینەدا ئاماژەم بۆ كردبوو ــــ حساب كردنی ڕاژە بوو كە لە هەموو عیراقدا تا ئەو سەردەمەش یاسای وا پەیڕەو نەكرابوو، بەپێی ئەو بڕیارە هەر ڕۆژنامەنووسێك كە لە دەزگایەكی حكومەتدا دادەمەزرا ساڵانی كاری ڕۆژنامەنووسی بە خزمەتی وەزیفی بۆ حساب دەكرا، بەو پێیەش مووچەو سەرمووچەو زیادەی مووچە و بەرزكردنەوەی پلەی وەزیفی دەیگرتەوە، مایەی خۆشحاڵیمانە كە لەو ساڵانەدا بەسەدان ڕۆژنامەنووس سوودیان لەو یاسایە وەرگرت.

* دەستكەوتێكی تری گرنگ بۆ ڕۆژنامەنووسان سندوقی خانەنشینی بوو كە ژمارەیەك لە ڕۆژنامەنووسان لێی سوودمەند بوون بەتایبەت خێزانی شەهیدانمان، جگەلەوەش بە هەوڵی سكرتێری پەیوەندیەكانی دەرەوە كاك شێركۆ حەبیب و بە كۆششی ئەنجومەن توانیمان لە هەندێ‌ لە ڕێكخراوە خێرخوازەكانی دەرەوەی وڵات كۆمەك پەیدا بكەین بۆ خێزانی شەهیدان و چەند جارێكیش ئەو باربووە دووبارە دەبوەوەو لە ڕێ و ڕەسمی شایستەدا دابەش دەكرا.

* بەپێی توانای داراییشمان دەستگیرۆیی ڕۆژنامەنووسانمان لەكاتی تەنگانەدا، لە نەخۆشیدا، لە لێقەومانا، لە سەفەردا دەكرد هەروەها لە خۆشیشیاندا بەشدار دەبووین بە پێشكەش كردنی دیاری تایبەت بۆ حاڵەتی هاوسەرگیریی.

* یەكێ‌ لە ئەركە گرنگەكانی تری ئەنجومەن ئەوە بووە كە دڵسۆزانە بەهانای ڕۆژنامەنووسانەوە دەچووین، لە كاتی هەر پێشێلكاریەك كە بەرانبەریان بكرایە پشتیوانیی تەواومان دەكردن و پارێزەرمان بۆ دەگرتن، هەتا بەرگریمان لەو ڕۆژنامەنووسانەش دەكرد كە ئەندامی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانیش نەبوون.

* هەر بۆ مەبەستی داكۆكی لە ڕۆژنامەنووسان دوای كۆنگرەی دوەم لیژنەیەكی باڵامان پێك هێنا كە هەر شەش مانگ جارێك ڕاپۆرتی پێشێلكاری و سەرپێچی یاسای كاری ڕۆژنامەنووسیی بڵاودەكردەوە، بەرودوا هەریەك لە كاك زیرەك كەمال لە سەرەتاداو دوای ئەویش كاك ئەنوەر حسێن تا كۆتایی خولی دوەمیشمان چالاكانە ئەركەكانیان جێبەجێ‌ دەكردو ڕاپۆرتەكانیان بوبوە جێی سەرنج و متمانەی نێوەندە ڕۆژنامەنووسیە نێودەوڵەتیەكان، ئێمەش وەك ئەنجومەن بەهەموو توانامانەوە بەرگریمان لە ئازادیی ڕا دەربڕین دەكردو سوور بووین لەسەر ئەوەی كە نابێ‌ ڕۆژنامەنووس لەسەر كاری ڕۆژنامەنووسیی بخرێتە ژێر پرسیارو لێپرسینەوە، لە بەرانبەریشدا پەیامی تایبەتمان بۆ ڕۆژنامەنووسان هەبوو كە لە ئەڵقەی ئاییندە باسی دەكەم.


كوردستانی‌ نوێ‌ 

AM:01:25:30/11/2017