وتەكانی نەقیبی ڕۆژنامەنووسانی عیراق لە سلێمانی
مسته‌فا ساڵح كه‌ریم‌

لە ئەڵقەی پێشوودا دا ئاماژەم بە پوختەی وتەكانی كاك فەرهاد عەونی نەقیبی ڕۆژنامەنووسانی كوردستان كرد كە لە دەستپێكی كۆبوونەوە هاوبەشەكەدا پێشكەشی كرد. دوابەدوای وتەكانی كاك فەرهاد، بەڕێز شەهاب تەمیمی نەقیبی ڕۆژنامەنووسانی عیراق وتەیەكی پێشكەش كرد تێیدا وتی: سڵاوتان لێ‌ بێ‌، بەناوی خۆم و ئەندامانی ئەنجومەنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی عیراقەوە پیرۆزباییتان لێ‌ دەكەین، لەڕێی ئێوەشەوە پیرۆزبایی لە گەلی كورد دەكەین لە هەرێمی كوردستان بە بۆنەی ئەم گۆڕانكاریە گەورەیەی لە عیراقا ڕووی داو بووە هۆی ڕوخانی ڕیژێمی بەعس، ئەو ڕیژێمە دیكتاتۆریەی گەورەترین زیانی بە گەلانی عیراق گەیاند بە تایبەتی بە گەلی كورد كە تووشی سەخت ترین نەهامەتی و چەوساندنەوەو ماف زەوت كردن و ئەشكەنجەو چەكی كیمیاوی و بەندیخانەو پەتی قەنارەو هەمە جۆر ناخۆشیی بوو. 

هەروەها پیرۆزبایی تایبەتیمان بۆ ئێوەی نوێنەرانی ڕۆژنامەنووسانی كوردستان كە توانیتان سەركەوتوانە هەر دوو ڕێكخراوە نموونەییەكەتان یەكخەن، هیوادارین لە بەدی هێنانی ئاواتەكانتانا بۆ خزمەتی ڕۆژنامەنووسانی كوردستان سەركەوتوو بن. 

پاشان وتی: ئێمە ئەمڕۆ هەست بە شادمانی و شانازیی دەكەین كە لەگەڵ هاوپیشە دڵسۆزەكانمانا نوێنەرانی ڕۆژنامەنووسە خەباتگێڕەكانی كوردستان كۆدەبینەوە، لەم دیدارە پیشەییەدا هەوڵی ئەوە دەدەین بگەینە شێوازێكی دیموكراسیانە بۆ قووڵ كردن و پتەوكردنی هاوكاری و دۆستایەتی و كاری هاوبەش لەنێوان هەر دوو ڕێكخراوەكەماندا بۆئەوەی زیاتر پەیوەندیی پیشەییمان جێگیرتر ببێ‌. 

لە درێژەی قسەكانیدا شەهاب تەمیمی وتی: بڕیارەكەی كۆنگرە بەڕێزەكەتان دەربارەی پەیوەندیی نێوانمان جێی ستایش و پێزانینە، بۆیە ئێمەش ڕاستگۆیانە ئارەزوو مەندین كە دەستەیەكی باڵای هاوبەش لەنێوان هەر دوو سەندیكادا پێك بهێنین و لەسەر شێوازی كاركردنی برایانەمان ڕێك بكەوین، بە دڵنیاییەوە ئێمە بە تاسەوەین بۆ دووبارە بوونەوەی سەردان و هاتوچۆی نوێنەرانمان و ڕێك خستنی خولی پیشەیی و سیمینارو وەرزی ڕوناكبیریی بۆ بەرجەستە كردنی هەستی ڕۆژنامەنووسان بەرانبەر بە لێپرسراوێتی نیشتمانییان بەتایبەت لەم قۆناغەدا كە هێشتا ناكۆكی و ململانێ لەناو كۆمەڵگەدا بەردەوامە. هەروەها وتی: ئێمە وەك ڕۆژنامەنووس ئەبێ‌ لە چەسپاندن و پتەوكردنی سەروەریی نیشتمانیمان و پاراستنی سیستمی دیموكراسی فیدڕاڵی دەوری سەرەكی ببینین كە هەموو پێكهاتەكانی گەلانی عیراقی تێكۆشەر مافی تەواوی خۆیان هەبێ‌ و ئازادییان هەبێ‌ لە دروست كردن و بنیات نان و بەرەو پێش چوون. لە كۆتایی وتارەكەیدا بەڕێز تەمیمی وتی: شێوازی كاركردنی ئێوەمان زۆر بەدڵە وە بەڕاستی دەمانەوێ‌ سوودتان لێ‌ وەربگرین.


كوردستانی‌ نوێ‌ 

AM:01:09:28/12/2017