یاداشتی لێك تێگەیشتنی هەردوو سەندیكای ڕۆژنامەنووسان و كاری هاوبەشیان
مسته‌فا ساڵح كه‌ریم‌

دوای وتەكانی هەردوو نەقیب كاك شەهاب تەمیمی و كاك فەرهاد عەونی و بەدواداچوونی ئامادەبوانی كۆبوونەوە هاوبەشەكەو گفتوگۆی تێرو تەسەل دەربارەی ئاییندەی ڕۆژنامەنووسان و هەردوو سەندیكا بڕیار درا یاداشتی لێك تێگەیشتن لە نێوانیاندا مۆر بكرێ‌ و لەو بارەیەوە ڕاگەیاندراوێك لە تەلەفزیۆن و ڕۆژنامەكانا بڵاوبكرێتەوە، ئەو خاڵانە لە خۆبگرێ‌ كە لەم كۆبوونەوەیەدا لە 22/12/2004 لەسەریان پێك هاتوون، خاڵەكانیش بریتین لەمانەی خوارەوە:
یەكەم: ڕۆژنامەنووسانی عیراق دەبێ‌ دڵسۆزانە بڕواننە مەسەلەی ڕەوای گەلی كوردو مافی تەواوی لە سیستمی فیدڕاڵیدا، هەر بەو هەناسەیەشەوە لە ڕۆژنامەكانیانا ڕاستیەكان بنووسن و بۆ خوێنەرانی ڕوون بكەنەوە كە كورد ئەوەندە قوربانییان داوە پێویستە هاوكێشەی ئەوەش مافی خۆیان وەربگرن.

دوەم: پێك هێنانی لیژنەیەكی باڵای هاوبەش بۆ ڕێك خستنی هاوكاریی نێوان هەردوو سەندیكا، كە لە شەش ئەندام پێك دێت هەر سیانەی لە ئەنجومەنی سەندیكایەك.

سێیەم: ئەو لیژنەیەی لە خاڵی دوەمدا بڕیاری لەسەر درا هەر دوو مانگ جارێك كۆدەبێتەوە بۆ بەدواداچوون بە كارەكانی لەوەو پێشیان و دانانی پرۆگرام و نەخشەی شێوازی كاركردنی لەوەودوای هاوبەش، كۆبوونەوەكانیش بەنۆرە لە بەغدادو لە هەولێر دەبێ‌.

چوارەم: لیژنەیەكی فەرعی پێك بێت بۆ پەیوەندیی و بەدواداچوون، شوێنی سەرەكی بەغدا دەبێ‌، لقی بەغدای سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەبێ‌ ڕۆڵی گرنگی لەم بوارەدا هەبێ‌ چ لەڕووی ڕاوێژكاریی بێ‌ یان بەدواداچوونی بڕیارەكانی لیژنەی باڵا بێت.

پێنجەم: بەردەوام بوونی ئاڵوگۆڕی سەردان لەنێوان هەردوو سەندیكادا بۆ گێڕانی فیستڤاڵ و سیمینار و دیدارو چالاكی پیشەیی.
شەشەم: لیژنەی باڵای پەیوەندیەكانی هاوبەش دەسەڵاتی ئەوتۆیان لە ئەنجومەنەكانیانەوە پێ‌ بدرێ‌ بۆ ئامادەكردن و ئیمزاكردنی ڕێكەوتننامەو پرۆتۆكۆڵ لە پێناو گەشەكردن و بەرەو پێشچوونی شێوەو شێوازی هاوكاریی هەر دوو سەندیكا.

شەهاب تەمیمی- نەقیبی ڕۆژنامەنووسانی عیراق. فەرهاد عەونی- نەقیبی ڕۆژنامەنووسانی كوردستان. مستەفا ساڵح كەریم- جێگری نەقیبی ڕۆژنامەنووسانی كوردستان.

جیهاد زایر- ڕاوێژكاری سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی عیراق. زیرەك كەمال- سكرتێری ئەنجومەنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان. عماد عبدالامیر- ئەندامی ئەنجومەن و بەرپرسی دارایی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی عیراق.
سلێمانی/ 22-12-2004

تێبینی/ دوای مۆركردنی ئەم ڕێكەوتننامەیە شەهاب تەمیمی ئەو پیاوە كارامە دڵسۆزەی بەناحەق تیرۆر كراو چوە ڕیزی كاروانی شەهیدانی عیراقەوە، ئەم دۆستە بە ئەمەكەی كورد دڵسۆزانە پابەند بوو بە جێبەجێ‌ كردنی ئەم پرۆتۆكوڵە، ئیتر بەرودوا چالاكیەكانیان و سەردانەكانیان بۆ هەولێر ڕەنگدانەوەی ئەو هاوپەیمانییە بوو.

كوردستانی‌ نوێ‌ 

AM:06:15:03/01/2018