فیستڤاڵی بەدرخان و جەژنی ڕۆژنامەنووسیی كوردیی
مسته‌فا ساڵح كه‌ریم‌
* من بەش بەحاڵی خۆم لە ساڵی حەفتاوە بەردەوام و بەهەر شێوەیەك بووبێ‌ بە نووسین، بە كۆڕ، بە سیمینار، بە ئاهەنگ بەشدارێكی چالاك بووم لە ساڵیادی ڕۆژنامەنووسیی كوردیدا، بەڵام دوای ڕاپەڕین كە تەپڵی ئازادیی لێدرا، بێگومان ئەم جەژنە بۆن و بەرامەیەكی تری دەبەخشی، جگە لە ڕاگەیاندنی حزبە كوردستانیەكان و سەندیكای ڕۆژنامەنووسان و وەزارەتی ڕۆشنبیریی، یەكێ‌ لەو دەزگا ڕۆژنامەنووسانەی كە بایەخی گرنگی بەم یادە دەدا، بنەماڵەی ڕۆژنامەی (بەدرخان)بوو كە لەوەودوا بە { دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی بەدرخان} ناسرا. ڕۆژنامەنووس حەمید ئەبوبەكر كە نازناوی حەمید بەدرخانی لێ‌ نرا هەڵسوڕێنەرو بەڕێوەبەرو ئیختیارو موختاری ئەو دەزگایە بوو.

* ساڵی 2004 حەمید بەدرخان دوو كاری گەورەی بەئەنجام گەیاند، یەكەمیان دۆزینەوەی بەڵگەنامەیەكی عوسمانیەكان بوو دەربارەی كەركوك، كە بەڕێز سەرۆك مام جەلال دەستخۆشی لێ‌ كرد، دوەمیان دەست پێشخەریەكی زیرەكانە بوو لەگەڵ د.كەمال مەزهەر و خاتوو سینەم بەدرخان پێك هات میهرەجانێكی گەورە بەناوی (بەدرخانەكانەوە) لە 22/4/2004 لە شاری بەغدا بۆ ئەمەكداریی بەرانبەر بە شاسوارانی ڕۆژنامەنووسیی كوردی ڕێك بخرێ‌، ئەم بیرۆكەیە گەیشتە سەرۆك مام جەلال بەڕێزیان دەستخۆشی لێ‌ كردن و ئەركی فیستڤاڵەكەشی خستە سەر خۆی.

ئیتر كاك حەمیدی دینەمۆی میهرەجان كەوتە خۆ بۆ ئامادەكاریی ئەو میهرەجانەی كە لەبەر بارودۆخی پایتەخت گوێزرایەوە بۆ شاری سلێمانی، پایتەختی ڕوناكبیریی هەرێمی كوردستان.

* لیژنەیەكی باڵا بە سەرپەرشتی د.كەمال مەزهەر پێك هێنرا بەپێی جوگرافیای شارەكان هەر یەك لە سلێمانی و كەركوك و كۆیەو دهۆك یەك نوێنەریان بەركەوتبوو، كوردانی بەغدا (4) هەولێر (5) ئەندامی هەبوو، جگە لەوانیش ستۆكهۆڵم و پاریس و كوردستانی ڕۆژئاوا سەرو نوێنەریان هەبوو، دوای دابین كردنی شوێنی فیستڤاڵ و شوێنی نوستن و خواردنی میوانەكان، ئیتر بەرودوا ڕۆژی 21/4 بەشداربوان گەیشتنە سلێمانی و هەر ئەو ئێوارەیەش د.بەرهەم ساڵح كە ئەو سەردەمە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو لە ئوتێلی سلێمانی پالاس ئێوارە خوانێكی بۆ میوانانی فیستڤاڵ ڕێك خست كە چەند ساتێكی خۆشی تێدا بەسەر برا.

* بەنیسبەت منەوە ئەگەرچی لە لیژنەی باڵادا نەبووم، بەڵام بە خۆشحاڵیەوە بە عەشقی دڵسۆزانەم بۆ ڕۆژنامەی (كوردستان) و بە وەفاداریی بۆ كەڵە مەردانی بەدرخانەكان و بۆ بە دەنگەوە هاتنی د.كەمال مەزهەر بە سۆزەوە بەشداریم لە چالاكیەكانی میهرەجاندا كرد، هەفتەی ئاییندە دێینە سەر ناوەڕۆكی فیستڤاڵەكە.

كوردستانی‌ نوێ‌ 

AM:02:38:17/01/2018