شەقێك لە هاوڵاتی دووانی تریش لە دیموكراتی
رەحمان غەریب

ئەگەر پۆلیسێكی شاری بەغدا، یان هەر شارێكی تری ژێر دەسەڵاتی حكومەتەكەی مالكی، شەقێك لە هاوڵاتییەكی چەمچەمال بوەشێنێت، ئەم رووداوە وەك مەسەلەیەكی نەتەوەیی مامەڵەی لەتەك دەكرێت، بەڵام ئەگەر پۆلیسێك، ئاسایشێكی حكومەتەكەی كاك نێچیرڤان شەقێك لە هاوڵاتییەكی چەمچەماڵ بوەشێنێت، ئەوە مەسلەیەكی لاوەكی‌و فەرامشۆكراوە.

لە راستیا پێشێلكردنی مافی مرۆڤ لەهەموو شوێنێكی ئەم دونیایە بە تایبەت ئەوانەی كە بەرگی رەسمی كاربەدەستی حكومییەوە ئەنجام ئەدرێن هەر یەك پێشێلكارین و دابەشناكرێن، بەڵام ئێمە هەر ئەو پێشێلكاریانە سەرنجمان رادەكێشن كە بە خێرایی فوو بە سۆزی نەتەوەییمانەوە دەكات.

چونكە ئێمە قەوارەیەكی سەربەخۆین، دیارە بۆمان هەیە لە بانی مەقان كە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حكومەتەكەمانە بە بەرگی رەسمی پۆلیسەوە شەق لە هاوڵاتیانی خۆمان بدەین و كەرامەتی مرۆیی بشكێنین. كە وێنەی شەقوەشاندنەكەیش بڵاودەكرێتەوە، پێویست بە هەڵا ناكات، رێكخراوە مەدەنییەكان كەمپین ناكەن. چالاكوانەكانی فیس بوكیش مت دەبن.

چەند شەرمە تا ئەو كاتە ئێمە چاومان لە پێشێلكردنی بەندەكانی مافی مرۆڤ بێت كە چەكدارەكانی غەیرە نەتەوەی كورد بەرامبەر بە هاوڵاتیانمان، ئەنجامی دەدەن. ئەوكاتە دەیكەینە هەڵا كە كەرامەتی نەتەوەیمان دەڕوشێت. بەڵام بۆ هاوڵاتییكەی خۆپیشاندانەكەی بانی مەقان كە كارمەنێكی ئاسایشی ناوخۆ كەرامەتی ئینسانی دەشكێنیت‌و شەقی تێهەڵدەدەات، لە ماسی بێدەنگترین. رێكخراوێك هەست ناكات شكۆی ئینسانێكی كوردستان، شكابێت. 

ئەوەی لە بانی مەقان رویدا بە شێوەیەكی تر لە قەزای مەخموری سەر بە پارێزگای هەولێر دوبارە دەبێتەوە، كاربەدەستی حكومەت مامەڵەیەكی باشتریان لەگەڵ بزوتنەوەی داواخوازی خەڵك نەكرد.

رۆژی یەك شەممە خەڵكی موخمور بە مەبەستی چارەسەر كردنی كێشەی ئاوی شارەكەیان و دانانی ئەنجومەنی شارو پێدانی بەشی هاوڵاتیان لە بڕیاری پترۆدۆلار خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

بەرپرسی قەزاكە لە بری وەڵامدانەوەی بزوتنەوەی نارەزایەتی و داخوازی خەڵك، فەرمانی دەست بەسەركردنی بەڕێوەبەری نووسینگەی (كەناڵی ئاسمانی سپێدە)ی ئەو شارەی دەركرد.

دەست بەسەر كردنی رۆژنامەنوس لە بری وەڵامدانەوەی بە داخوازی خەڵك، گوزارشتێكی روونە لە بێباكی كاربەدەستان بەرامبەر خەم و داخوازییەكانی هاوڵاتیان. بەمەش حكومەت هەڵەیەكی كوشندە دەكات كاتێك دێت لەم بارودۆخە هەستیارەدا بە زەبروزەنگ وەلامی بزوتنەوەی داواخوازی خەڵك دەداتەوە، بە پێچەوانەی بەرنامە راگەیەنراوەكەی مامەڵە دەكات. 

ئەمما ئەو هەزاران رێكخراوەی كە لە شارەكانی كوردستاندا بە ناوی مافی مرۆڤ و بەرگری لە دیموكراسیەتەوە مۆڵەتی رەسمییان لە حكومەت وەرگرتوە، ئەگەر ئەو دروشمانەیان بۆ رۆژانی تەنگانە هەڵگرتوە، هەقە بزانن لەوە تەنگانەتر نییە كە شەق لە شكۆو كەرامەتی هاوڵاتیەكی كوردستان دەدەرێت.


PM:04:47:14/07/2014