تێکەڵکردنی مایەپووچبون بە ئازادی میدیا
رەحمان غەریب

دوێنی کەناڵی نالیا لە بانگەوازێکدا باسیان لەوەکرد، بەرەبەیانی دووشەممە لە دوو لاوە بە ئوتۆمبێلی نەناسراو کە تابلۆکانیان شاردراوەتەوە بەرەو ڕووی گوندی ئەڵمانی تەقەیان کردوە. ئەو کەناڵە لە شوباتی 2011 سوتێنراو پاش ئەوەش هەڕەشەیان لێکراوە.

کەناڵە داوای لە سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی حکومەت و دەزگا ئەمنیەکانی سلێمانی کردوە، بیانپارێزن.

هەرچەندە بەرێوەبەری گشتی کۆمپانیای نالیا کە لە هەمان کاتدا خاوەنی کەناڵی نالیایە، بە رەسمی بە سەنتەری میترۆی راگەیاندوە کە کەناڵەکەی، ئێمەیان خستۆتە ناو لیستی رەشەوە، هیچ بەیاننامەو چالاکیەکمان پەخش ناکەن. سەرباری ئەوەش ئێمە لە سەنتەری میترۆ هەر پشتیوانیمان لە میدیاکارانی ئەو کەناڵە کردوە. چونکە ئاکاری میدیاکارانی ئەو کەناڵە رەنگدانەوەی ئاکاری خاوەن کەناڵەکە نییە.

دەشزانین رۆژنامەنوسەکانی کەناڵی نالیا نیگەرانن لەم هەڵوێستەی خاوەنەکەی. ئەمرۆش هەر داوای ئەوە دەکەین کە دەبێت میدیاکارانی کەناڵەکە بپارێزرێن لەهەر دەستدرێژییەک. هەروەها دژی ریکاری نایاسایین بەرامبەر خاوەنی کەناڵەکەیش.

لە هەڕەشەکانی رۆژانی پێشووی سەر کەناڵی نالیا ئێمە داوامان لە لایەنی پەیوەندیدار کرد پەلەبکەن لە پاراستنی گیانی ئەو میدیاکارانە. ئەمڕۆش هەر هەمان داواکاریمان هەیە. دەبێت میدیاکارانی ئەو کەناڵە بپارێزرێن، دەبێت بە جدی تەماشای هەڕەشەکانی سەر ئەو کەناڵە بکرێت. هەرکەسێکیش گرفتی لەگەڵ بەڕێوەبەری کۆمپانای نالیا هەیە با بیداتە دادگا نەک پەنا بۆ توندوتیژی بەرن.

سەرنج ئەدرێت گرفتە ئابورییەکانی خاوەنی کۆپانیای نالیا دەلکێنرێت بە مەسەلەکانی ئازادی رۆژنامەوانی کە دوو شتی جیاوازن. مایەپوچبوون دەبەسترێتەوە بە ئازادی رۆژنامەنوسی کە بەلای ئێمەوە دەبێت بە ئەوپەڕی وریای مامەڵەی لەگەڵ تێکەڵکردنی کارتەکانەوە بکرێت. 

تێکەڵکردنی گرفتە ئابورییەکانی کۆمپانیای نالیا بۆ وەبەرهێنان لە لایەن بەڕێوەبەری کۆمپانیاکەوە بە ئازادی رادەربڕین و میدیا زۆر بە زەقی هەستی پێدەکرێت. ئەو ئازادە کەناڵەکەی بکاتە مەیدانی داپۆشینی مایەپوچی ئابوری، بەڵام لەوەدا ئازاد نییە پرسی ئازادی رۆژنامەنوسی بکاتە شەماعەی ئیفلاسبوون.

رۆژانی رابردووش هاوبەشەکانی گوندی ئەڵمانی ئەوانەی خۆپیشاندانیان دژی بەرزکردنەوەی نرخ و کەمی خزمەتگوزاری ئەنجامدا، کاربا و ئاویان لێ بڕا. نەک هەر ئەمەش بەڵکو رێگری لە کەناڵی راگەیاندن کرا بچن بۆ روماڵکردنی ئەو چالاکییە مەدەنییە. لەسەر ئازادی رادەربڕین ئاوو کارەبای خەڵکی بڕی، ئیدی دەبێت مایەپوچبوون چ رەنگێکی هەبێت.

AM:09:12:26/08/2014