هه‌فته‌ی رابردوو له‌شاری هه‌ولێر کۆبونه‌وه‌ی نوێنه‌رانی میدیای ئه‌هلی و به‌شێک له رۆژنامه‌نوسانی سه‌ر به‌پارته سیاسیه‌کان له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، رێکخرا. خاڵی گرنگی کۆبونه‌وه‌که به‌لای ئێمه‌وه قسه‌کردن بوه له‌سه‌ر پرۆژه‌یاسای یارمه‌تیدانی میدیا له‌کوردستاندا.
رۆژنامه‌نوس ئاسۆس هه‌ردی پاش کۆبونه‌وه‌که به(خه‌ندان)ی راگه‌یاندوه سه‌رۆکی حکومه‌ت نێچیرڤان بارزانی له‌و کۆبونه‌وەیە‌دا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌کردوه که‌ئه‌وان ئاگاداری چه‌ند هه‌نگاوێکی په‌رله‌مانی کوردستانن بۆ گه‌ڵاڵه‌کردنی پرۆژه‌یاسای یارمه‌تیدانی میدیا و « حکومه‌ته‌که‌ی پشتگیری ته‌واوی ئه‌و پرۆژه‌یاسایه ده‌کات»
کۆبونه‌وه‌که‌ی حکومه‌ت و رۆژنامه‌نوسان له‌کاتێکدایه سه‌رنوسه‌رو خاوه‌ن ئیمتیازی میدیای ئه‌هلی بیر له‌وه‌ده‌که‌نه‌وه کاریگه‌ریه خراپه‌کانی قه‌یرانی ئابوری هه‌رێمی کوردستان له‌سه‌ر ده‌زگاکانیان کاڵبکه‌نه‌وه. به‌بێ ئه‌وه‌ی کاریگه‌ری له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆییان هه‌بێت. په‌نابردنیش بۆ رێکاره یاساییه‌کان به‌مه‌به‌ستی پاڵپشتی دارایی، رێگا سه‌لامه‌ته‌که‌یه.
به‌ڵێنه‌که‌ی سه‌رۆکی حکومه‌ت بۆ پشتیوانی له‌پرۆژه‌یاسای یارمه‌تیدانی میدیا هه‌نگاوێکی باشه به‌و ئاراسته‌دا. راسته بونی یاسایه‌ک بۆ پاڵپشتی دارایی میدیا‌و له‌ناویاندا میدیای ئه‌هلی، گرنگه به‌ڵام به‌رگرتن له‌مه‌ترسی وه‌ستان و داخستنی رۆژنامه له‌م قۆناغه‌دا رێوشوێنی په‌له‌تری ده‌وێت.
که‌مبونی ریکلام‌و ئاگاداری فه‌رمانگه‌ی ره‌سمی و نیمچه ره‌سمی به‌ڕێژه‌یه‌کی ترسناک داکشاوه. له‌م بارودۆخه‌دا کۆمپانیاکانی که‌رتی تایبه‌تیش ریکلامه‌کانیان له‌میدیا که‌مکردۆته‌وه یاخود هه‌ر به‌ته‌واوه‌تی وه‌ساتاندویانه.
له‌نوسینێکی پێشوتردا ئاماژه‌م به‌و گرفتانه کرد که‌ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی یه‌که‌مین رۆژنامه‌ی ئه‌هلی له‌هه‌رێمی کوردستان، له‌ئه‌نجامی ئه‌م قه‌یرانه روبه‌ڕوی بۆته‌وه.
هاوڵاتی تائێستا به‌توانای خۆی به‌رگری ئه‌کات. به‌ڵام کات ده‌ڕوات و واپێده‌چێت قه‌یرانه‌که ناچاری بکات ستاف یان موچه یان نوسینگه‌کانی که‌مبکاته‌وه. په‌نابردنیش بۆ خراپترین بژارده‌ش که‌داخستنی کاتییه، که‌هیوادارین رونه‌دات. به‌مه‌ش کوردستان پێگه‌یه‌کی گرنگی به‌رگری له‌ئازادی و مافی هاوڵاتیان له‌زانیاری، له‌ده‌ستده‌دات.
ئێمه له‌سه‌نته‌ری میترۆ پێشتر رامانگه‌یاندبوو که رزگارکردنی میدیای ئازاد‌و ئه‌هلی، ته‌نها به‌وه نابێت له‌دوره‌وه به‌ده‌ربڕینی زاره‌کی پشتیوانی لێبکرێت، هه‌ندێ رێوشوێنی په‌له هه‌ن ده‌کرێت کاریگه‌ری قورسی ئه‌م قه‌یرانه داراییه‌ی له‌سه‌ر که‌مبکرێته‌وه، که له‌خوێنه‌رانی ده‌ستپێده‌کات ئینجا حکومه‌ت و که‌سانی پاره‌دارو خاوه‌ن کۆمپانیا.
به‌ڵێنه‌که‌ی حکومه‌ت بۆ ئاینده‌یه. به‌ڵام میدیای ئه‌هلی ئێستا له‌م قۆناغه هه‌ستیاره‌دا گرفتی جدی هه‌یه، بۆیه بانگه‌وازی هه‌موولایه‌ک ده‌که‌ین بۆ کۆمه‌کی بێمه‌رجی رۆژنامه‌ی هاوڵاتی، که‌کاریگه‌ریه‌کانی ئه‌م قه‌یرانه‌ی له‌هه‌موان زیاتر به‌رکه‌وتوه.
باپێکه‌وه بیربکه‌ینه‌وه، پێکه‌وه بجوڵێین تا کاریگه‌ریه خراپه‌کانی سێبه‌ری قورسی ئه‌م قه‌یرانه ئابوریه له‌سه‌ر میدیای ئازاد ته‌نک بکه‌ینه‌وه. باری قورسی سه‌رشانی رۆژنامه‌نوسه‌کانیان سوک بکه‌ین.
له (هاوڵاتی)وه