ھەموو ئەوانەی وادەزانن بەخشینی خەڵاتی نۆبڵ بە نادیە موراد بەخشینیەتی بە یەکێک لە قوربانییەکانی داعش بەھەڵەداچوون، ھەڵەیەکی گەورەش.
ئەم خەڵاتە بە قوربانییەک نەدراوە کە ھێزێکی ترسناک بێبەزەییانە و بە مەبەستی وێرانکردنی جەستە و شێواندنی ڕۆحی دەستدرێژێ کردۆتە سەر. شوناسی نادیە موراد لە وەرگرتنی ئەم خەڵاتەدا شوناسی قوربانیی نییە، شوناسی ژنێک نییە کە بەزەییپیاھاتنەوە ستراتیژیی دەرکەوتن و ئامادەبوونی بووبێت لەبەردەمی دونیادا.
بە پێچەوانەوە ئەم خەڵاتە بە ژنێک دراوە بەسەر قوربانیبوونی خۆیدا سەرکەوتوە و بووە بە بکەرێکی چالاکیی ناو ڕووداوە کارەساتاوییەکانی ژیانی خۆی و ژیانی سەردەمەکەی، بووە بە بوونەوەرێکی خاوەن بوێریی و چاوقایمییەکی کەم وێنە، بە کەسێک خاوەنی زمانێکی ئینسانیی بۆ گێڕانەوەی حیکایەت و وردەکاریی برینە ترسناکەکانی.
نادیە موراد بە تەنھا قوربانیی نییە، ئەسڵەن ئەم ژنە کەسێک نییە تەسلیم بە قوربانیبوون بووبێت و لەناو ڕۆڵ و پێگەی قوربانیدا چەقیبێت، نەک ھەر ئەمە بەڵکو تەسلیم بە قەدەری ژنبوون و یەزیدییبوونیش نەبووە و ھیچ یەکێک لەم دووانە وایان لێنەکردوە بێدەنگ و بێجوڵە و بێحیکایەت و شەرمن و سەرکز بێت.
نادیە موراد نموونەی ژنێکی ھێجگار بوێر و ئازایە کە ھەم ئیرادەی گێڕانەوەی کارەساتەکانیی ھەیە، ھەم زمانێکیشی ھەیە توانای ئەوەی ھەیە گێڕانەوە ئەو کاراساتەنە بکات بە ڕووداو، ھەم خاوەنی ئیرادەیەکە کە دەیکات بە بکەرێکی چالاک و کەموێنە و نەترس.
مێژووی ئێمە و ناوچەکە پێویستیەکی حەیاتیی گەورەیان بەمجۆرە بکەرانە ھەیە، پێویستیان بە کەسانێکە نە ترسی سیاسیی و نەترسیی دینیی و نەترسیی کولتوریی نەتوانێت بێدەنگیان بکات.
کەسانێکی قسەکەر کە زمان وەک دینامیت بەکاربھێنن و بوێری ئەوەیان ھەبێت برینەکانیان بگڕێنەوە و گێڕانەوەکانیش بگۆڕن بۆ ڕووداو.
سڵاو لە نادیە مورد کە ھەموو ھێزە کۆنەپەرست و ترسنۆکەکانی دونیای ئێمە لێیئەترسن. سڵاو لە قوربانییەک کە لەڕێگای قسەکردنەوە قوربانیبوونی خۆی ناشت و زمانێکی بە دونیا بەخشی بۆ تێڕامان و گوێگرتن و لێکدانەوە لە کارەساتەکانی. ئەم خەڵاتە دیارییەک نییە بە نادیە مورادی قوربانیی دراوبێت، بەڵکو دانپیانانێکە بەو نادیە مورادە کە بەسەر قوربانیبوونی خۆیدا زاڵبووە. جارێکی تر سڵاو لەم ژنە ئازایە.
وێستگه نیوز