هه‌ڤاڵان به‌ڕێوه‌به‌ران‌و نووسه‌رانی به‌ڕێوه‌به‌ری كوردستانی نوێی خۆشه‌ویست
به سڵاوێكی برایانه‌ی گه‌رمه‌وه پیرۆزبایی ساڵڕۆژی ده‌رچوونی رۆژنامه‌كه‌تان لێده‌كه‌م، كوردستانی نوێ له خه‌ڵكی كوردستانی نوێ، كوردستانی رزگاركراوو دیموكرات پیرۆز بێت.
ده‌رچوواندنی كوردستانی نوێ ئه‌وه‌ش بۆ ماوه‌ی ساڵێك بێپسانه‌وه‌و وه‌ستاندن، خۆی له خۆیدا شاكارێكی رۆژنامه‌گه‌ریی نوێی كورده‌واری‌و كوردایه‌تییه، به‌ڵام درێژه‌پێدان ئه‌ویش به گه‌شه‌پێدانه‌وه كارێكی گرنگتر‌و به كه‌ڵكتره. ژیان ناپسێته‌وه‌و ناكوژێته‌وه. بۆیه‌ش ده‌بێ لایه‌نه‌كانی، به لایه‌نی هۆشیاری‌و رۆژنامه‌گه‌ریشه‌وه، نه‌پساوه‌و به‌رده‌وام‌و گه‌شه‌كردووبن، بۆیه‌ش ده‌بێ هه‌میشه به ته‌مای پێشكه‌وتن‌و گه‌شه‌كردنی كوردستانی نوێ بین.
دیاره بۆتان هه‌یه شانازیی به‌وه‌وه بكه‌ن كه ده‌ستپێشخه‌ربوونه له ده‌رچوواندنی یه‌كه‌مین رۆژنامه‌ی رۆژانه‌ی كوردی. ئه‌ویش بۆ ماوه‌ی ساڵێك كه ئه‌مه بۆ یه‌كه‌مجاره له مێژووی كوردستانی عیراقدا رووده‌دات. بگره له مێژووی هه‌موو كوردستاندا، به‌ڵام هه‌قی شانازیی شۆڕشگێڕانه‌تان هه‌یه، نه‌ك هه‌قی له خۆبایی بوون‌و خۆلێگۆڕان‌و... زلی (ده‌ردی سۆرانی ده‌ڵێن) سوپاستان ده‌كه‌ین له‌سه‌ر ئه‌رك‌و هه‌وڵ‌و كۆشش‌و ره‌نج‌و ماندووبوونتان، به‌ڵام داوامان په‌ره‌پێدان‌و باشتربوونه.
من پێم باشه ره‌ئی خۆمتان پێڕاگه‌یێنم... با ئه‌مه‌یان ره‌ئی تایبه‌تی خۆم بێ:
هه‌قه كوردستانی نوێ زیاتر بایه‌خ به ده‌نگ‌و باسی ده‌ره‌وه بدات، خه‌ڵك ده‌نگ‌و باسی ته‌ڕو تازه‌ی لێتان گه‌ره‌كه، دوا ده‌نگ‌و باس، دیاره گرنگ‌و بایه‌خداره‌كانیش.
هه‌قه زۆرتر، باشتر ده‌نگ‌و باسه‌كانی ناوخۆ كۆكه‌نه‌وه، بڕازێننه‌وه، فره بابه‌ت‌و جۆراوجۆرتریان بكه‌ن.
ژیانی كورده‌واری (المجتمع الكردی) و كوردایه‌تی (خه‌باتی رزگاری‌و دیموكراتی خه‌ڵكی كوردستان) چاكترو زۆرتر له لاپه‌ڕه‌كانتاندا ره‌نگ‌و ده‌نگ بده‌نه‌وه.
هه‌قه هه‌میشه مانشێت‌و سه‌روتارتان هه‌بێت، ئه‌گینا رۆژنامه‌كه‌تان كه‌چه‌ڵ ده‌بێت.
لاپه‌ڕه دوو باشه، به‌ڵام هه‌قه باشتری بكه‌ن، به باسی تێر‌و ته‌سه‌ل له‌سه‌ر رووداوه گرنگه‌كانی جیهان به‌گشتی‌و رۆژهه‌ڵات به‌تایبه‌تی.
با لاپه‌ڕه سێ بیروباوه‌ڕی ئازاد، ره‌خنه‌گرانه، لێكدانه‌وه‌ی جۆراوجۆری وه‌زعی عیراق‌و كوردستان بگرێته‌وه.
با ده‌رگای ره‌خنه‌و بیروبۆچوونی ره‌نگاو ره‌نگ‌و جۆراوجۆر له‌سه‌ر پشت بكه‌ینه‌وه‌و ئۆباڵیش به ئه‌ستۆی نووسه‌ر.
هه‌قه پتر ده‌نگ‌و باسی به‌ره‌ی كوردستانی‌و لایه‌نه‌كانی بڵاوبكه‌نه‌وه، هه‌قه له لاپه‌ڕه شه‌شدا ته‌رجومه‌ی وتار‌و باسه گرنگه‌كانی دونیا، یان پوخته‌یه‌كیان بڵاوبكه‌نه‌وه، پێشنیاز ده‌كه‌م بیكه‌نه لاپه‌ڕه‌یه‌ك بۆ وته‌ی رۆژنامه‌كانی جیهان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌كانی رۆژهه‌ڵات‌و عیراق‌و كوردستان.
له ناوه‌ڕۆكی وتاره‌كانیشدا هه‌قه زۆرتر، پتر درێژدادڕانه سووربن له‌سه‌ر داواكردن‌و پاراستنی مافه‌كانی برا توركمان، برا ئاسوری، برا مه‌سیحییه‌كان.
هه‌قه زۆرتر باسی برا ئێزدییه خۆشه‌ویسته‌كانمان بكه‌ن، وا باشه لاپه‌ڕه‌ی هه‌فتانه‌ی ژنان‌و گیروگرفت‌و خه‌باتیان بكه‌نه‌وه.
پێم باشه لاپه‌ڕه‌ی هه‌فتانه‌ی كرێكاران، جوتیاران، خوێندكاران، مامۆستایان... هتد بكه‌نه‌وه.
هه‌ڤاڵینه! هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م له‌بیره، به‌ڵام دیاره ئێوه‌ش به شایسته‌ی ئه‌و هه‌موو (هه‌قه)و (پێم باشه)و پێشنیازانه ده‌زانم، بۆیه دووپاتی ده‌كه‌مه‌وه ئێوه‌ی تێكۆشه‌رو خۆشه‌ویست
هه‌ر شاد‌و سه‌ربه‌رزو سه‌ركه‌وتوو بن.
برای دڵسۆزتان
مام جه‌لال
ژماره (290)، رۆژ (12/1/1993)
یه‌كه‌م ساڵیادی كوردستانی نوێ