هێرش بۆسەر رۆژنامەنوسان خەریكە دەبێت بەدیاردە!
لوقمان مصطفی صالح
مەخابن لەگەڵ ئەوەی ڕۆژانە زۆرترین دروشم و بانگەشەی ئازادی ڕادەربڕین و دیموكراتی و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ لەم هەرێمە دەبیستین، بەڵام تائێستا لە باشووری كوردستان ڕۆژنامەنوسان لەژێر هەڕەشە و گوشاری دژواردان، ئەگەر  ڕۆژنامەنوس بەدڵی دەسەڵات نەنوسێ و بیرنەكاتەوە ئەوە ژیانی لەبەر هەڕەشەی گرتن ولێدان و تیرۆركردن دایە. 

 ماوەیەكە ڕۆژانە هەواڵی كوشتن و تیرۆر و ڕفاندن و بەڕۆژی ڕوناك دەكەوێتە بەر شەق و تێهەڵدان و سوكایەتیپێكردن لەلایەن كەسانی چەك بەدەست و نەناسراو و دەمامك دارەوە، بێ ئەوەی هیچ دەزگایەكی ئەمنی بەجدی لەو حاڵەتە بێتەدەنگ.! وەلێ مەخابن هێشتاش بكەرانی ئەو تاوانانە نادیارن و نابیستین كەسێك لەسەر ئەو تاوانانە سزا درابێت، هەرئەوەشە ترس و گومانی زیاتری لەناو كۆمەڵگادا دروستكردووە، بەتایبەتی ئەو هێرشانەی دەكرێنەسەر رۆژنامەنوسان و كەسانی ڕۆشنبیر و ئازاد، وای كردوە تاكەكانی كۆمەڵگا چیدی هەست بە ئەمنیەتی ژیانیان نەكەن، بێگومان هەموو ئەو هێرشانەی كە دەكرێن، هێرشن بۆسەر ئازادی بیروڕا دەربڕین، ئامانجی سەرەكیش لەو هێرشانە بەكۆیلەكردنی كۆمەڵگایە، چونكە ئەگەر كۆمەڵگایەك ئازاد نەژی و بە ئازادی بیرنەكاتەوە ئەوا مەحكومی ژێردەستی و كۆیلایەتییە.

بۆیە پێویستە لە باشووری كوردستان مافی گەل بەگشتی و ڕۆژنامەوانی ئازاد و بیروڕای ئازاد بەتایبەتی بپارێزرێت، چیدی نابێت ئەم بێدەنگیە كوشندەیە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، پێویستە بەر لە هەر لایەك سەندیكای ڕۆژنامەنوسان لەو گۆشەگیریەی بێتەدەرەوە و خاوەنداری لە ئەندامەكانی بكات، ئیدی دەبێت دادگاكان سەربەخۆی خۆیان بسەلمێنن و بەرگری جدی لە مافەكانی ڕۆژنامەنوسان بكەن.

بەر لە هەر لایەك حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەزگا ئەمنیەكان، بەتایبەتی ئەو شوێنانەی كە هێرشە ناڕەواكانیان تیادا دەكەنەسەر نوسەر و ڕۆژنامەنوسەكان، چونكە ئەو هێزانە بەرپرسیاری سەرەكیان دەكەوێتەئەستۆ.
كوشندەترین شت ئەوەیە كە ڕۆژنامەنوسان و دەزگاكانی ڕاگەیاندن، لەبەرامبەر ئەو تاوان و هێرشانە دەكرێتەسەر هاوپیشەكانیان بێدەنگ دەبن و وەك هەواڵێكی ڕۆتین لێی ئەڕوانن! چونكە ئەو ڕووداوانە كە ڕوودەدەن خەریكە مەترسیەكە بۆسەر كۆی ڕۆشنبیران و قەڵەمە ئازادو بوێرەكان تادێ چڕتردەبێتەوە، بەشێوەیەكە خەریكە لە حاڵەتەوە دەبێ بەدیاردە كە ئەمەش ڕێك پێچەوانەی یاساو بنەما دیموكراسیەكان و مافەكانی مرۆڤە.

چونكە هێشتا یاسای كاری رۆژنامەنوسی، یاسای ژمارە (35)ی ساڵی (2007) وەكو پێویست جێبەجێ نەكراوە بۆ رێزگرتن لە رۆژنامەنوسان و مافەكانیان كە حكومەتی هەرێم، دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەكان كەمتەرخەمی سەرەكین.

هێشتا یاسای ژمارە (11)ی ساڵی 2013 (یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری لە هەرێمی كوردستان) بە باشی نەچۆتە بواری جێبەجێكردنەوە. زانیاری دروست و پێویست نەخراوەتەبەردەست كەناڵەكانی میدیا و رۆژنامەنوسان. 
كەچی تیرۆر و سوكایەتیپێكردنی رۆژنامەنوسان وەكو مەترسییەكی گەورە بۆسەر كار و گیانی رۆژنامەنوسانی كوردستان بەردەوامە و هێڵە سورەكانی تێپەڕاندووە!

جاڕیی گەردوونیی مافی مرۆڤ ، ماددە / 19 كە تیایدا هاتووە "هەموو كەسێك مافی ئازادیی بیروڕا و ڕادەربڕینی هەیە، ئەم مافەش هەڵگرتنی بیروڕا بەبێ‌ خۆتێكەڵكردنی كەسێكی دیكەو وەرگرتنی هەواڵ و بیروباوەڕو بڵاوكردنەوەیان بەهەرشێوەیەك و بێ‌ خۆبەستنەوە بە سنوری جوگرافی دەگرێتەوە" جاڕی گەردوونیی مافی مرۆڤ ، ئەنیستیتۆی كوردی لە پاریس ، 1990 ل 75 ، و هەروەها سەیری ماددە / 19 ی بەڵێنی نێودەوڵەتیی مافە شارستانێتی و سیاسییەكانی ساڵی 1966 بكە كە تیایدا هاتووە "1- هەموو كەس مافی ڕاوەرگرتنی هەیە بێ‌ دەستێوەردان. 2- هەموو كەس مافی ئازادیی دەربڕینی هەیەو ئەم مافە ئازادیی تۆژینەوە لە زانیاری و هزری هەر بابەتێك بێت و وەرگرتن و گواستنەوەی بێ‌ گوێدانە سنوور و ئەویش بە زار بێت یان بە نووسین یان بە چاپكردن سائیتر لە قاڵبێكی هونەریدا بێ‌ یان بەهەر شێوازێكیتر كە خۆی پەسندی بكات…".

بێشك ئەو كارە قێزەونانە كە لەباشوری كوردستان ڕوودەدەن، كۆی ئەزمونی هەرێمی كوردستان لەبەرانبەر ڕای گشتی جیهانی و نێوخۆیی دەخاتە ژێر پرسیارەوە، ئەگەر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم هەروا بێدەنگ بێت ئەوا سەندیكای ڕۆژنامەنوسان و ڕێكخراوە كانی مافی مرۆڤ لەكوردستان دەتوانن ئەو كەیسانە بجوڵێنن و سكاڵا تۆماربكەن دژ بەحكومەت، چونكە وەك پێویست بەئەركی سەرشانی خۆی هەڵناسێت و كەمتەرخەمی لێدەكات، دەتوانن سكاڵا تۆماربكەن لە دادگاكانی هەرێمی كوردستان و هەروەها وروژاندنی ئەو كەیسانە لە كۆڕبەندە نێودەوڵەتیەكاندا تا بەئاگابێنەوەو هەوڵی جدی بدەن بۆ دەستگیركردنی ئەو دەمامكدار و چەكبەدەستانەی بوونەتە مەترسی بۆسەر ژیانی ڕۆژنامەنوسان و هەڵگرانی ئاڵای ئازادی ڕادەربڕین و ڕێگری لە شێواندنی ئەزمونی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستاندا.

رادیۆ نه‌وا 

AM:07:16:15/07/2017