دەربارەی: هۆکانی پێشنەکەوتنی رۆژنامەگەری کوردی
مه‌غدید سه‌پان
تا پێش ڕاپەڕین لە باشووری کوردستان راگەیاندنی کوردی ئاشکرا، سەر بە حکومەتی ناوەندی بووە و هیچیش دیار نییە، ئایا وەک نیو سەدە پێش، کەسانی ڕۆشنبیر و ناسراوی کوردی داوای مۆڵەتی دەرکردنی رۆژنامە یان گۆڤاریان بە زمانی کوردی لە کوردستان یان لە ئێراق کردووە یان نەکردووە، بەڵام ئەو چەند گۆڤارە مانگانەی (بەیان، کاروان، ڕۆشنبیری نوێ...هتد) لەگەڵ هەردووک هەفتەنامە (هاوکاری و پاشکۆی ئێراق)، کە بە زمانی کوردی دەردەچوون، زیاتر ئەدەبی بوون و لەلایەن کەسانی نووسەر و شاعری کورد نەک رۆژنامەنووس بابەتەکان دەنووسران و سەرپەرشتی دەکران.

هەبوونی ئەم شێوە ڕاگەیاندنە و دەرکردنی چەند گۆڤارێک بە تیراژی کەم و لە بەغدا، بۆ کورد نەبووە ئەزموونێکی دەوڵەمەند بۆ پەروەردەکردنی کادری رۆژنامەنووس، دروستکردنی مەدرەسەیەکی پتەو و جوان لە داهاتوو و نەوەیەکی نوێ، لێیەوە فێری نووسین و پیشەی ڕۆژنامەنووسی ببێ، چونکە لەم گۆڤارانە هەواڵ و ڕێپۆرتاژ و گۆشە... هتد نەبوون و نەدەنووسران و بڵاویش نەدەکرانەوە و بابەتەکانیشی هەنووکەیی نەبوون، زیاتر یەک بابەت لەسەری دەنووسرا ئەویش ڕەخنە و گوتار و بابەتی دیکەی ئەدەبی بوو. ڕژێمی بەغدا ڕێگای نەدەدا گۆڤارە کوردییەکان بەجۆر و ناوەڕۆکی دیکە دەربچن یان لەدەرگای بابەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و عەدالەتی ئیجتیماعی بدەن. هەردووک پاشکۆکانیش (هاوکاری و پاشکۆی ئێراق) زیاتر وەرگێڕان و بڵندگۆی ڕژێم بوون، بۆیە ئەو کوردانەی بەرهەمیان تێدا بڵاودەکردەوە، بەچاوی سووک و قەڵەمفرۆش لە کوردستان سەیردەکران.

لەبەرامبەر هەبوونی ڕاگەیاندنیكی حکومی، (فولکۆنترۆل کراو و رەقابەی توند) بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، لە شاخەکانی کوردستان، بەو ئیمکانییەتە کەمەی هەیبوو، توانی کەمێک بۆشایی پڕبکاتەوە و دەزگای راگەیاندنی خۆی هەبێت و بێترس باس لە خەبات و تێکۆشانی ڕەوای خۆی بکا، چالاکییەکانی پێشمەرگە لە رادیۆکان و بڵاوکراوەکانی شۆڕش بڵاوبکاتەوە.

هەبوونی ڕاگەیاندنی شاخ، کارێكی جوان و پێویستبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی بڵاوکراوەکان بە قەبارەی بچووک و بە تیراژی کەم چاپدەکران و بەدەست هەموو کەسێک نەدەگەیشت و تەنیا یەک بابەتیش (کوردایەتی) کاری لەسەر دەکرا، نەیتوانی ببێتە مەدرەسەیەکی جوانی پەروەردەکردن و دروستکردنی کادری ڕاگەیاندکار و ڕۆژنامەنووس...

بەمشێوەیە دەبینین، ئەزموونی رۆژنامەگەری باشوری کوردستان وەک بەشێکی دانەبڕوای مێژووی رۆژنامەگەری کوردی پچڕ پچرە و لە کەشوهەوایەکی زۆر ئاڵۆز، نائازاد و حزبی، وەک کاری لاوەکی و ئارەزوومەندانە لەژیان بەردەوام بووە و نەیتوانیوە لەو کۆتوبەندەی بەسەری فەرزکراوە دەربچێت و هەنگاو بۆ بە پسپۆری بوونی خۆی بنێ. بێگومان هۆی زۆر گەورە لەبەردەم پیشنکەوتنی رۆژنامەگەری کوردی لە پاش ڕاپەڕینەوە هەن لەوانە:

- نەبوونی کەشوهەوایەکی ئارام و سەقامگیر.

- نەبوونی ئارەزوو لەلایەن سەرکردایەتی کورد بۆ باشترکردنی ڕاگەیاندنی کوردی.

- نەبوونی یاسایەکی هەمەلایەنە، کە تەواوی ئامراز و لکەکانی ڕاگەیاندن بگرێتەوە.

- نەبوون یان بەهەند وەرنەگرتنی کۆدێکسی ئەخلاقی پیشەی سەرتاسەری و کۆدێکسی تایبەت بە دەزگاکان خۆیان.

- نەبوونی ئەنجومەنی ڕاگەیاندن...هتد.

لە ٢٦ ساڵی سەربەخۆیی و ئازادی، دەکرا کاری زۆر بۆ بەپسپۆرکردنی رۆژنامەگەری کوردی بکرابا، بەداخەوە هەنگاوەکان بچووک و شەرمنانەبوون و نەیانتوانی بۆ وێستگەیەکی ئارام و جوانترمان ببەن. لەراستیدا، بەشە زانستییەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانیش نەیانتوانی بە رێژەی پێویست کادری ئەکادیمی بەتوانا وەک پێویست پەروەردە بکەن و بۆ دەزگاکانی راگەیاندن بیاننێڕن. ئەو نەتوانینەی بەشەکانی ڕاگەیاندن بێگومان هۆی تایبەتی خۆی هەیە، کە بایەخیان پێندراوە و لە کەلوپەلی پێویستی پەروەردەکردن و هۆڵی جوان بێبەش کراین و یارمەتی ماددییان نەدراوە.

پاش زانینی ئەو فاکتانەی سەرەوە، ئاسانتر لە خراپی و ناڕێکی راگەیاندنی کوردی دەگەین و دەزانین رەگی قووڵە و چاکردنی گرانترە لەوەی پسپۆران و سیاسەتمەدارانی کوردی بیریان بۆیدەچیت. 


K24

AM:03:38:09/05/2017