دەربارەی: رۆژنامەگەری کوالیتی Quality Journalism
مه‌غدید سه‌پان
لە کۆتایی سەدەی نۆزدە رۆژنامە و گۆڤار پێشکەوتنی زۆریان بەخۆیانەوە بینی و لەڕاستیدا، تاکە ئامرازی ڕاگەیاندنیش بوون. ئەم پێشکەوتنەی رۆژنامەنووسی پێویستی بە ستایل و جۆری نووسینی تازە هەبوو، بەتایبەتیش لەوکاتەی گواستنەوەی وێنە بۆ رۆژنامە و گۆڤار لە ڕێگەی داهێنانەکەی Alexander Graham Bell بەناوی: photo phone  ئاسانتربوو و هێواش هێواش وێنەی گەورە و ساف لە شوێنی ڕووداوەکان دەگیرا و لەگەڵ زۆربەی تێکستە هەواڵییەکان دادەندرا.


لەو سەردەم و لە ئەمریکا چەند شێوە ڕۆژنامەنووسیێک سەریانهەڵدا و گەشەیان کرد لەوانە: پرێسی زەرد Yellow Press، رۆژنامەنووسی بەدواداچوون Investigative journalism، هەروەها لە شەست و حەفتاکانی سەدەی ڕابردووش رۆژنامەنووسی نوێ New Journalism  لەدایکبوو. ئەم سێ جۆرەی راگەیاندن تا ئێستاش لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، لە رۆژنامە و گۆڤارەکان کاریان پێدەکرێ.



جگە لەو سێ جۆرەی سەرەوە، شێوەیەکی دیکە بەناوی: رۆژنامەنووسی کوالیتیQuality Journalism   هەیە و لە هەندێک شوێن وەک: رۆژنامەنووسی باش Good Journalism یش ناوی دەهێندرێ.

رۆژنامەنووسی کوالیتی، لەوانەیە لە دەزگایەکی ڕاگەیاندن بۆ دەزگایەکی دیکەی ڕاگەیاندن تێگەیشتن لێی کەمێک جیابی، بەڵام یەک پرەنسیپ بەناوی کوالیتی هەیە و هەموویان پەیڕەوی دەکەن.

بۆ رۆژنامەی داگینس نیهێتەر Dagens Nyheter، کە ژمارەی یەکی لە 23ی دێسێمبەری 1864 لە ستۆکهۆڵم دەرچوو، رۆژنامەنووسی کوالیتی دەکاتە: لە پرسی سیاسی و پرسی دیکە بێلایەنن، هەموو ئەو نووسینانەی بڵاودەکرێنەوە دەبی ڕاست و دروست بن، کۆنترۆڵکرابی، توند نەبی و ڕەنگدانەوەی چۆنایەتی باش و جێگای بڕواپێکردن بن. ئەوانەی سەرەوە هێڵە هەرە سەرەکییەکانن، کە دەستەی نووسەرانی ئەوان کاری لەسەر دەکەن.

ئەوەی ئەوان بڵاوی دەکەنەوە دەبی ڕاست بێت و سەرچاوەکانیش دەبی بڕواپێکراوبن. لەکاتی بەدواداچوون و قووڵبوونەوە لە هەندێک پرس، دەبی فاکتەکان دووجار کۆنترۆل کرابن. ئەو هەواڵ و زانیارییانەی بڵاویشی دەکەنەوە، دەبی لە چەند لایەک پشتراستکرابنەوە. زۆر لەو هەواڵ و زانیارییانەی ئەوان بڵاوی دەکەنەوە، لەلایەن رۆژنامەنووسانی خۆیان دەنووسرێ و ئەوانیش بێگومان جێگای متمانەن.

لەوکاتەی زانیاری لە سەرچاوەی دیکە یان رۆژنامەی دیکە وەردەگرن، ئاماژەی پێدەکەن. رۆژنامەی داگینس نیهێتەری سویدی، زمانی توند بەکار ناهێنن و هەوڵدەدەن نووسینەکانیان ببێتە جێگای مشتومڕ، لەناو خوێنەران دەنگ بداتەوە و بۆماوەیەکی زۆر لە زەینی خوێنەرانیان بمینێتەوە. لێرە ڕاستکردنەوەی هەڵە بۆ رۆژنامەنووسی کوالیتی زۆر گرنگە، دەبی بەزمانێکی ڕەوان ڕاستکردنەوەکە بنووسرێ، زۆر بەوردیش  کار لەسەر وێنە و ناو دەکەن.

بەلای رۆژنامەی Svenska Dagbladet، ژمارەی یەکی لە 18ی دێسێمبەری 1884 لە ستۆکهۆڵم دەرچووە، رۆژنامەنووسی کوالیتی دەکاتە: ئەگەر هەواڵ و زانیاری لە چەند کەنالی دیکەی ڕاگەیاندنیش بڵاوکراوبنەوە، بەڵام ئەگەر ناوەڕۆکی هەواڵەکە لە کوالیتی دووربی، باشە بڵاونەکرێتەوە، چونکە هەواڵەکە باشتر نابی.

کوالیتی پەیوەندی بە کۆمەڵێک شتەوە هەیە لەوانە: تایبەتمەندی زانیاری، کە دەبی بە چاوی ڕەخنە سەیری سەرچاوەی زانیاری بکرێ و بزاندرێ رۆژنامەنووس چۆن ئەو مەتریاله‌ی دەستکەوتووە، چۆن سەرچاوەی زانیاری دەپارێزی، لەکاتی وەرگرتنی ئینتەرڤیو، رۆژنامەنووس دەبی بەجوانی ئامانج لە وەرگرتنی ئینتەرڤیو بۆ کەسەکە ڕوون بکاتەوە و بۆی باس بکا، کە چۆن پرسیارەکانی ئاراستە دەکا، هەروەها رۆژنامەنووس دەبی ڕێز لە قارەمانی ئینتەرڤیو بگری و قەتیش نابی ناوەڕۆک تەزویر بکات و وێنەی خراپ یان ناشایستە لەگەڵ مەتریالەکە بڵاوبکاتەوە. رۆژنامەنووسی جوان، قەت نابی لە کەسی دەرەوەی دەستەی نووسەران فەرمان وەربگریت و دەست بە نووسین بکا، بەرادان گوتار بنووسی و بەرتیل لە شێوەی سەفەری بەخۆڕا یان دیاری دیکە وەربگری.

نووسینی گوتاری کوالیتی لەلایەن رۆژنامەنووسی باش دەنووسرێ و رۆژنامەنووسی باشیش بەردەوام فاکت و رایخۆی بە روونی پیشان دەدا. هەر بۆ نموونە: مەتریالە باشەکانی ناو رۆژنامەی Le Monde ی فەرەنسی، لەلایەن مامۆستا و قوتابییانی زانکۆ وەک سەرچاوەی زۆر گرنگ و باوەڕپێکراو سەیر دەکرێن.

پێشتر رۆژنامەی جددی و کوالیتی بەرز زیاتر بە قەبارەی А2 چاپدەکرا، بەڵام لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، ئەم تێڕوانینانە گۆڕدرا و ئەوانیش بە تابلۆید دەردەچن.

یەکەم رۆژنامەی کوالیتی لە جیهان بەناوی The Times لە ساڵی 1785 لە لەندەن دەرچوو. ئەمڕۆ ئەم رۆژنامەیە لەلایەن دەستەخوشکی The Sunday Times دەردەچی و سەر بە کۆمپانیای  (Rupert Murdoch)ه‌.

لە کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو ڕاپرسیێک لەژێر ناوی: (باشترین رۆژنامەی سەدەی بیست) ئەنجامدرا و تەنیا ڕای کەسانی شارەزا و پسپۆر لە 50 وڵاتی جیهان وەرگیرا. پێنج لەوانەی زۆرترین دەنگیان هێنا:

1- Financial TimesWhere-to-find-quality-journalism

2- The New York Times

3- Frankfurter Allgemeine Zeitung

4- The Wall Street Journal

5 – The Daily Telegraph

رۆژنامەنووسی کوالیتی پەیوەندی بە ئێتیکی ڕاگەیاندنەوە هەیە، پەیوەندی بە سەردێری نەرم و داڕشتنی جوان و وێنەی گونجاو و دیزاینی باش و بە کاغەز و چاپی جوانەوە هەیە. هیچ رۆژنامەیەک ناتوانی بچێتە خانەی رۆژنامەنووسی کوالیتی ئەگەر لە نووسینەکان، هەڵەی زمانەوانی، ڕێزمان یان خاڵبەندی هەبی، وێنەی خراپ دابندرێ و زانیارییەکان کۆنترۆڵ نەکرێن، بەشێک لە نووسینەکانی بەڕادان بنووسرێن و تەشهیری تێدابی.

k24


AM:03:15:17/07/2017