هەواڵی درۆ بەرەو کوێمان دەبات؟
خاليد سلێمان

دوێنێ، ٢٦/٥/٢٠١٨، هەواڵی کوشتنی چوار هاووڵاتی کورد لە یەکێک لە کامپەکانی یۆنان بۆ پەنابەران لەسەر دەستی عەرەبی سوری و عیراقی و پاکستانی و ئەفگانی و جەزائیری بوە سەردێری پۆستی بەکارهێنەرانی کورد لەسەر فەیسبوک، لەگەڵ ئەوەشدا کەناڵی میدیای ڕەسمیش هەواڵەکەیان بڵاو کردەوە. زانیارییەکان بەشێوەیەک بڵاوبونەوە کە گوایە ئەو گەنجە کوردانە بەڕۆژو نەبون بۆیە هێڕشیان کراوەتەو سەرو کوژراون، هەندێ لەسەر چاودێرانی ڕۆژاوای کوردستان ڕوداوەکەیان گرێدا بە هێڕشی گروپە توندڕەوەکانی سوریا بۆسەر کورد، بەتایبەتی ئەو گروپانەی لەسەر ژێر هەژمونی تورکیادان. لەدوایشدا، دەرکەوت ئەو کەسانە نەکوژراون و تەنها بریندار بون.

لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان توڕەبونێکی زۆر دەرکەوت وهەرچی قسە هەیە بە عەرەب وکولتوری عەرەب وترا، لە ڕێگەی ڕوداوەکەشەوە وا پیشاندرا کە عەرەب دوژمنێکی مێژویی کوردەو کوشتنی ئەو گەنجانەش لە یۆنان بەشێکە لەو دوژمنایەتییە مێژوییە. بەکورتیەکەی ئەوەی ڕوداوەکەی لە تەقینەوەوە دورخستەوە، ئەوەبو کە توڕەبونەکە لە جیهانێکی "ڤێرچوێڵ” واتە خەمڵێنراودا بو، ئەگەر لە واقیعدا بوایە ئەوە کاردانەوەی خراپی لێدەکەوتەوە. کاتێک هەواڵە نوێکە دەری خست کەس نەکوژراوە، دەرونی خەڵکی سارد بوەو گرفتەکە گەورەتر نەبو. لێرەدا بەبێ کەمکردنەوە لە قورسایی ئەو دەستدرێژییەو ڕوە نامرۆیی ودڕندایەتییەکەی بۆ سەر هاووڵاتیانی کورد لە کامپەکانی پەنابەریی لەلایەن ژمارەیەک لە کەسانی (هەمەج)ەوە، دەمەوێ هەندێ خاڵ بخەمە ڕو کە زیاتر پەیوەندییان هەیە بەبڵاوکردنەوەی هەواڵ وزانیاری و کاریگەرییان لەسەر خەڵک. ئێمامی عەلی دەڵێت: (اعقِلُوا الخَبَرَ إِژا سَمِعتُمُوهُ عَقڵ ڕعَاێه‌ٍ لا عَقڵ ڕواێه‌ٍ، فانَّ رُوَاه‌َ العِلمِ كَپیرٌ، وَرُعُاتَهُ قَلِیلٌ)، واتە ئەگەر هەواڵتان بیست، لێی تێبگەن بەعەقڵی چاودێری نەک عەقڵی گێڕانەوە، چون گێڕەرەوانی زانیاری زۆرن وچاودێرانی کەمن.

ئێتێکی ڕۆژنامەوانی پێمان دەڵێت ئەگەر لە هەواڵێک دڵنیا نەبوین وزیاتر لەسەرچاوەیەکمان لەبەر دەستدا نەبو، نابێ بڵاوی بکەینەوە، بەتایبەتی کاتێک هەواڵەکان پەیوەندییان بە توندوتیژی وکوشتن وجەنگ و ماڵوێرانییەوە هەیە، چونکە دور نیە کارەساتە مرۆییەکان لە هەواڵێکی بچوکەوە دەست پێبکەن، وەک جینۆسایدی ڕواند ساڵی ١٩٩٤ کە ڕادیۆیەکی لاکۆڵان دەستێکی گەورەی تیا هەبو. هەر لەم ڕوانگەیەشەوە ئەو ڕستەیەی ئیمامی عەلی-م وەک نمونە هێنایەوەو پێویستیی ئێمە بۆ چاودێریکردنی زانیاری پێش بڵاوکردنەوەیان.

بەکورتیەکەی میدیا دەتوانێت لە ڕێگەی زانیاری وروژێنەرەوە، هاووڵاتیان بخاتە ژێر هەژمونی سۆزو هەڵچونەوەو، کاردانەوەی خراپ وچاوەڕوان نەکراویان لا دروست بکات، بەتایبەتی کاتێک ناونیشانی زەق وهەڵچێنەرهەڵدەبژێرێت. کە ئێمە چاودێری هەواڵ دەکەین، یانی بارگاوی ناکەین بە سۆز و ناوەڕۆکەکەی لە وروژادندن بەتاڵ دەکەینەوە. ئەویش لەپێناو ئەوەی خوێنەر یان بینەر یان گوێگر بە هێمنی بیخوێنێتەوەو لێی تێبگات نەک هەڵبچێت و کاردانەوەی

نێگاتیڤی لا دروست ببێت.

ئەگەر هەواڵەکەی دوێنێ پەرەی بسەندایەو هاووڵاتیانی کوردستان بەقسەی ئەو چاودێرانەیان بکرادیە کە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیان بە ڕق وکینەی نەتەوەیی تەنی، کارەسات دەکەوتەوە، لەوانەیە کاردانەوەکە بەتەنها ڤێرچوێل ولەسەر فەیسبوک نەبوایەو لە ئەوروپاو هەر شوێنێک کوردو عەرەبی لێبوایە تەشەنەی بکردایەو چەندەها قوربانی لێ بکەوتایەتەوە. لە کۆتایشدا هەموی دەستی خۆی دەگەست وقسەی ئەوانەی باسی دوژمنایەتی مێژویی کوردو عەرەب دەکەن وبونی دەریایەک لە خوێن لە نێوانیادا، بەسەر عەقڵ و لۆژیکدا زاڵ دەبو.

ئاوێنه‌

AM:03:16:30/05/2018