پەتای فەیسبووك ‌
كاروان یاروه‌یس‌
لەئەمریكا‌و ئەوروپا زانا‌و توێژەرانی بواری دەرونی‌و كۆمەڵایەتی‌و تەندروستی، بەردەوام سەرقاڵی توێژینەوەن لەسەر لایەنە ئەرێنی‌و نەرێنیەكانی میدیای كۆمەڵایەتی، دەیانەوێ‌  پێشبینی بكەن تا ساڵی 2030 ڕادەی كاریگەرییەكانی چۆن دەبێت. 

 ئەوان دەڵێن ئیتر فەیسبوك‌و كەناڵەكانی تری میدیای كۆمەڵایەتی، بوونەتە پێویستیەكی كۆمەڵ‌و دەستبەرداربوونیان  ئەستەم بووە، هەربۆیە لەم ڕوانگەیەوە، پێویستە وەك (دیفاكتۆ) مامەڵەی لەگەڵدا بكرێ‌‌و هەوڵبدرێ‌ گەنجان‌و بەكارهێنەرانی وا ئاراستە بكرێن، كە بەلایەنی سوودبەخش بەكاری بهێنن. 

  لەسەرەتاوە، كە ژمارەیەك خوێندكاری زانكۆی (هارڤارد) لەئەمریكا لە ساڵی 2004 تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبوك)یان داهێنا، خەیاڵیان وانەبوو، زوو پەرەبسێنێ‌‌و بەو ئەندازەیە كاریگەریی لەسەر تاك‌و كۆمەڵ بەجێبهێڵێ، بۆیە كاریگەرییەكانی بەشێوەیەك خێرابوو، توێژەران لەبارەیەوە فریای توێژینەوەی پێویست نەكەوتن.
 
ئەگەر بۆ كۆمەڵی ڕۆژئاواو وڵاتانی گەشەسەندوو فەیسبوك‌و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی تر بەو شێوەیە كاریگەری نەرێنی كردبێتە سەریان‌و ئێستا لەخەمی ئەوەدابن توێژینەوەی زانستی جۆراوجۆر ئەنجام بدەن‌و باشیی‌و خراپیەكانی روونبكەنەوەو لانی كەم وابكەن بەدروستی بەكاربهێنرێ‌‌و لێكەوتە نەشیاوەكانی كەمبكەنەوە، تا هێواش هێواش بەدیوە سوودبەخشەكەیدا بەكارببرێت. 

ئەگەر فەیسبوك بەو جۆرە كاریگەری كردبێتە سەر ئەو كۆمەڵگە پێشكەوتوانە‌و ناوەندە جیاجیاكانی توێژینەوەیشیان لەخەمی ئەوەدابن توێژینەوە بكەن لەسەر كاریگەرییەكانی‌و كەمكردنەوەی لایەنە نەرێنیەكانی، دەبێ‌ بۆ كوردەواری چۆن بێت، كە خۆی لەبنەڕەتدا كێشەو دەردی كۆمەڵایەتی زۆرە، فەیسبوك‌و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان كتوپرو بەبێ‌ زەمینەسازی‌و ئامادەگی خۆی كرد بەنێو كوردەواریدا.

 فەیسبوك سەرتاپای كوردەواری داگیركردووە، هەرچی كێشەی كۆمەڵایەتی‌و ململانێی سیاسی‌و ڕقی كەسی هەیە جارێكی تر ڕەنگیداوەتەوەو فۆرمێكی تریشی وەرگرتووە، چونكە لەبنەڕەتدا پێشكەوتنی تەكنەلۆژیای گەیاندن نەبووە هۆی پێشكەوتنی كوردەواری، بەڵكو كێشەكانی تریشی زەقتر كردەوە. 

   فەیسبوك رۆژانە بەكاردەهێنرێ‌ بۆ « ترسنۆك بكرێتە بەپاڵەوان، گەندەڵ بە دەستپاك، ناڕاستی بەڕاستی، ڕەش بەسپی، ڕشتنی ڕق‌و كینەی لەسینەو دەرونەوە بۆ ناو فەیسبوك، گواستنەوەی كێشە كۆمەڵایەتیەكان لە خێزان‌و گەڕەك‌و كۆڵان‌و گوندەوە بۆ نێو ئەم تۆڕە بەرفراوانە، بوختانی بن دیوارو سایەی چایخانەكان ئێستا لەفەیسبوكدایە». 
  ئێستا فەیسبوك حزب ‌و دامودەزگا گرنگەكانیش ئاڕاستە دەكات، بەپێچەوانەوە، كە ئەوسا حزب‌و میدیای حزب شەقام‌و خەڵكی ئاڕاستە دەكرد‌و دەیتوانی بەئاسانی ڕایگشتی لەسەر پرسێكی دیاریكراو دروست بكات. 

فەیسبوك نەبوایە، ڕا‌و هەڵوێستی هەندێك لەسیاسیەكان‌و حزبەكان‌و كەسایەتیەكان جۆرێكی تر دەبوو، ئێستا لەبەر (فەیسوك) لێدوان دەدرێ‌‌و هەنگاوی دەنرێ‌، چی دەكرێ‌‌و دەوترێ‌، لەپێشدا ئەوە دەخوێنرێتەوە، كە چۆن لە فەیسبوك ڕەنگدەداتەوە؟

   وایلێهاتووە سیاسەت لە مەیدانی سیاسەتدا وەك پرۆسە بەرجەستە ناكرێ‌، بەڵكو سیاسەتیش لەناو فەیسبوك دەكرێ‌، هەتا خەریكە (دەوڵەت)یش لەناو فەیسبوك دروست بكرێ‌. نە تایبەتمەندیی كەسیی‌و نهێنی حزبی‌و ئەمنی وەك پێویست ماوە، زۆر كەسیش رەچاوی ئاسایشی نەتەوەیی ناكات.

  بەشی زۆرمان هەندێكجار دەگەینە ئەو بڕوایەی ئیدی فەیسبوكەكانمان دابخەین، چونكە بێتام بووە. چونكە دروستكردنی لاپەرەی فەیسبوك بەناوی جۆراوجۆری خوازراوو بەكارهێنانی بۆ مەرامی جیاجیای نادروست، كارێكی لەرووی كات‌و تێچوونەوە ئێجگار ئاسانە. 

   لە ئەوروپاو ئەمریكا، زانایان توێژینەوە لەبارەی كاریگەری زۆر بەكارهێنان‌و ئاڵودەبوون بە فەیسبوك‌و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان لەسەر باری تەندروستی‌و دەروونی مرۆڤ دەكەن، پێیانوایە كاریگەریە سەرەتاییەكەی (گۆشەگیریی)‌و (ناتوانایی) لەسەر مرۆڤ دروستدەكەن.

  بەڵام لە كوردەواریدا خراپ بەكارهێنانی فەیسبوك ئەوەندە كێشەی كۆمەڵایەتی‌و سیاسی‌و كەسیی دروست كردووە، كەمتر بیر لەوە دەكرێتەوە كێشەو نەخۆشیە دەرونی‌و تەندروسیتەكانی لەسەر تاكی كورد چین، نەخۆشیەكانی هەر جۆرێك بن زیاتر كوردەواری بەرەو داتەپین دەبات. 

  كەواتە كاتێتی هەموو لایەنە پەیوەندارەكان لای خۆیانەوە كار بۆ ئەوەبكەن  فەیسبوك‌و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بەدیوە باش‌و سوودبەخشەكەیدا بەكاربهێنرێ‌، هەرچەندە ئەمە ئەركێكی سەخت‌و درێژخایەن و فرەلایەنە. 



كوردستانی‌ نوێ‌

AM:09:14:16/07/2017