ئاوات عەلی پێشمەرگەی دێرین زیندانییە!
ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین



ئینسان لە سروشتەوە حەزی بە کۆت و بەندکردن و سنوردارکردنی ئازادیەکانی نییە، بەڵام بە مەبەستی ڕێکخستنی پەیوەندی ئینسان و گروپەکان و ڕێگریگرتن لە فەوزا (قانون)ی لە کۆمەڵگەدا داھێناوە. 

قانون ئینسانی ئازاد کردوە چی دەکا و چۆن دەژی، بە مەرجێک سنوری ئازادیەکانی ئینسانەکانی تر نەبەزێنێت. لە ڕاستیدا حیکمەتی داڕشتن و جێبەجێکردنی قانون لەوەدایە کە دەبێت شمولی ھەموو کەسێک بکات و ھەمووانیش پێوەی پابەندبین. 

وڵاتی ئێمە لە ھەنگاوە سەرەتاییەکانی خۆیدایە بەرەو دیموکراسی. لەم پڕۆسەی ھەنگاونانەش بەرەو مەنزڵی دیموکراسی، ھیچ کەس ناتوانێت نکۆڵی لە ڕۆڵی بوێرانە و خۆبەخشانەی ئەو پۆلە ڕۆژنامەنووسە بکات کە بە دامەزراندنی ڕۆژنامەگەری ئەھلی تەوژمێکیان بەخشیە ڕەوتی کیسەڵ ڕەوانەی ئەم پڕۆسەیە. ئەو بەڕێزانە "مەفرەزە سەرەتاییەکانی " ڕەوتی ڕۆژنامەگەری کوردییان لەم سەدەیەدا دامەزراند و سەرکردایەتیان کرد.

ئاوات عەلی ھاوڕێمان یەکێکە لە ئەندامانی ئەو مەفرەزە سەرەتاییانە کە لە ڕۆژنامەی خوێندنی لیبڕالەوە تەریب لەگەڵ ھاوپیشەکانی ئەم ڕەوتەیان دامەزراند و پەرەیان پێدا. لە ئێستادا ئەم (ھاوڕێ ئاوات)ە دەستبەسەر کراوە و لە زینداندایە. ئەمەش بیرەوەریەکی زۆر ناخۆشی سەردەمی شاخمان بە بیر دەھێنێتەوە. لە سەردەمی شاخدا و لە سەرو بەندی شەڕی براکوژیدا ھاوبیرێکی بەڕێزمان (ڕۆحی شاد و یادی بەخێر) ھەمیشە دەیگوت: ئێمە زۆر سەیرین... ئیستیخباراتی بەعس بە دیل ئەگرین و ڕێبازی شۆڕشی بۆ ڕون ئەکەینەوە... کەچی کە پێشمەرگەی یەکتر بەدیل ئەگرین بە ئاڕ.پی. جی ڕە می ئەکەین...! 

لە ئێستاشدا ئەو جاش و خۆفرۆشانەی کە بەشداری پڕۆسەی بەدناوی ئەنفالیان کردووە، وەک دابەستە خزمەت دەکرێن و باری دونیایەک ئیمتیازاتیان پێشکەش دەکرێت و، ئاوات عەلی پێشمەرگەی دێرینی ئەو مەفرەزە سەرەتاییانە بە فرمانی دادوەرێکی کورد دەستبەسەرە. 


وێستگه‌ نیوز

AM:03:39:05/06/2017