کەناڵی نەوتەکەو کەناڵەکەی پاراستن
ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین

پاڵەوانەکانی نیشتیمانێک بەتەنیا پێشمەرگەکانی نین، ئەو ڕۆژنامە نوسانەی کە ڕاستگۆیی‌و ئەخلاقییاتی بەرزی پیشەکەیان بەھەموو سەروەت‌و سامانی دونیا ناگۆڕنەوە، ئەوانیش پاڵەوانن، بەڵام نەک پاڵەوانی شەڕ، ئەوان پاڵەوانی بونیادنەری دیموکراسی نیشتیمانەکەمانن. چونکە ئاسایی نیەو ناکرێت نوخبەی نیشتیمانێک ھەمویان پاڵەوانی شەڕ بن.

کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەو هەندێک کەس خوداو قورئانی پیرۆزو پێغەمبەرانیش (د.خ) بەکار ئەهێنن بۆ ئەوەی میللەتەکەمان چەواشە بکەن‌و قەناعەتیان پێ بکەن دەنگیان پێ بدەن.

لەم میانەدا زۆرجار باسی کەناڵی رووداوو کوردستان ٢٤ دەکرێت، وەکو کەناڵی نەوتەکەو کەناڵی ئاژانسی پاراستنی هەرێمی کوردستان‌و، وەک دوو کەناڵی (سێبەری) پارتی دیموکراتی کوردستان پێناسە ئەکرێن. وەک بڵێی هەرچی کەناڵی (بەناو ئەهلی)و حیزبی شاری سلێمانی هەیە بەدەخیلەی مناڵانی ماڵی هەژاران بەڕێوەبچن. پێ ئەچێت ئەم کەسایەتی‌و گروپە سیاسیانە، خەڵکی کوردستانیان لا گەمژەو گێل بێت.

بەسەرچڵی ئەم پرسیارانە قوت ئەبنەوە:
ئەگەر ئەم دو کەناڵە، کەناڵی نەوتەکەو پاراستنن، بۆچی ئەندامانی سەرکردایەتی‌و پارلەمانتارانی ئەم حیزبانە ڕازی ئەبن لەم دو شاشەیەوە بەدەر بکەون؟

شەرم نیە بۆ ئینسانێک کە خۆی بەسیاسەتمەدار بزانێت، ناوناتۆرەی (نەوتەکە) و (پاراستن) لەم کەناڵانە بنێت‌و کەچی لە شاشەکەشیان بەدەر بکەوێت؟

لەم بانگەشەی هە ڵبژاردنەدا، هەر ئەم دو کەناڵە نین کە زۆرترین مێزگردو بەباشترین کواڵیتی مۆڕاڵی ڕۆژنامەوانی مومکین، بۆ کاندیدەکان (بەبێ جیاوازی) ڕێک ئەخەن؟

ئایا چەند لە قسەکانی ئەم (برادەرانە ی کە بوختان بۆ ئەم دوو کەناڵە ئەکەن) لە شاشەی ئەم دوو کەناڵەوە سانسۆر کراوە؟

ئەم دوو کەناڵە چەند جار گوتاری دژ بە ئینسانیەتیان بڵاو کردۆتەوە و، چەند جار پەیڕەوی سیستەمی (نا ئینسانی و شۆڤێنیستیی) گۆبڵزیان کردوە؟

دواجار ئەهلی بوونی دەزگایەکی ڕاگەیاندن، بە مانای بێ لایەنی (سیاسی، ئاینی، کۆمەڵایەتی… و تا دێت) ئەو کەناڵە نیە. لە ڕاستیدا کواڵیتی کاری پیشەیی ئەو کەناڵەیە کە متمانەی لای خوێنەر و بیسەر و بینەرەکانی بۆ دروست ئەکات. حەز ناکەم بۆ سەلماندنی ئەم قسانە بە دەیان نموونەی بەرجەستەی میدیاکانی دونیای دیموکراسی خۆر ئاوا بهێنمەوە، ئەوە بەجێ ئەهێڵم بۆ ئاگاهی فکری و ڕۆشنبیریی خوێندەوار و گەنجانی نەتە وەکەم.

هەندێک کەسی خوێندەواری ئەم کوردستانە پێیان وایە کە دەکرێت کەناڵەکانی ڕوداو و کوردستان ٢٤ بە (الجزیرە) بەراورد بکرێت. ئەگەر ئەم بۆچوونە بەهەند وەربگرین، موبالەغە نیە ئەگەر بڵێین: بۆ میللەتێکی بێ دەوڵەت و بە بێ ئەو ئیمکانیاتە زەبەللاحەی وڵاتی (قەتەر)، ئەوا دامەزراندنی دوو کەناڵی (الجزیرە)ی کوردی، ئەویش لە هەولێری پایتەختی تۆقاندن و تیرۆر و دیکتاتۆریەتەوە (بە قسەی نەیارانی پارتی دیموکراتی کوردستان) بەڕاستی هونەرێکی گەورەیە و جێگای شانازی و دەستخۆشیە.

هەر لەکەناڵی کوردستان تی ڤی یەوە بگرە (کە زمانحاڵی حیزبەکەی ئێمەیە)، هەتا کەناڵی خەندان بڵندگۆی حیزبەکانی ئێمەن. بەڵام کەناڵی روداوو کوردستان ٢٤ مۆدێلێکی نوێی میدیای بیسراوو بینراویان لەهەرێمی کوردستان هێنایە کایەوە، کە پێش ئەوان وێنەی نەبوە. هەر بۆیەش هەتا لەسەر ئەو ڕێچکە دروستەی ئێستایان بەردەوام بن، دوو کەناڵی بێ ڕکابەرن.

ئاوێنه‌ 

AM:02:45:09/05/2018