گرنگی بەشداری ژنان لە ناوەندەكانی بڕیاردا
چیمه‌ن محه‌مه‌د ره‌شید

تا ئێستا ژنان لە داواكاریدان بۆ فراوانكردنی رۆڵو پێگەو كاراكردنی بەشدارییان لە بوارە جیاوازەكاندا، رەنگە بەحوكمی پێشكەوتنی كۆمەڵگاو فشارو پەیماننامە نێودەوڵەتیەكانو كۆتاو داواكاریەكانی ژنانو چالاكوانانو هەروەها راكێشانی ژنان وەك دەنگدەری حزبەكان یان تەنانەت ململانێی نێو حزبەكان جارجارە ئاوڕێك لەبەشداریەكی سنورداری ژنان درابێتەوە.

بەڵام ئەمانە تائێستا نە لە ئاستی تواناو خەباتی ژنانو نە لەئاستی جێبەجێكردنی بەندەكانی پەیماننامەكانی تایبەت بەمافی مرۆڤو نەمانی جیاكارییەكان لەسەر بنەمای رەگەزنو نە لانی كەمی جێبەجێكردنی دروشمە باقو بریقەكانی حزبەكاندا بووە، لەبەرئەوە تائێستا ژنان لەداواكاریدان بۆ بەدەستهێنانی مافو رۆڵیان.   

بۆچی ژنان داوا دەكەنو داواكارن لە كێی داوا دەكەن؟ 
بێگومان لە كۆمەڵگەی پیاوسالار بەهەموو ماناو بوارەكانی كۆمەڵایەتیو ئابورییو سیاسی وایكردووە ژنان بەشداری سەرەكی نەبنو پیاوان لە دەسەڵاتدابنو لەبەرئەوە  رەوشەكە وایە تا ئێستا داواكارییەكانیان ئاڕاستەی دەسەڵاتی پیاو سالاری بكەنەوە.

رێگرییەكان لە بەشداری ژنان لە بوارەكان بەتایبەت بواری سیاسیدا:  
*دیاریكردنی ئەركو مافو دابەشكردنی بەسەر هەردوو رەگەزدا لەلایەن كۆمەڵگەوە، ئەركە خێزانییو لێپرسراویەتیە كۆمەڵایەتیەكان.
*تێڕوانینەكانی ژنان بەشێوازێك سەیر دەكات كە دیسان ئەركو رۆڵی لەناو كۆمەڵگەو ژیانی گشتیدا دیاری بكات.
*تەنانەت لە هەلومەرجانەی تەواوی كۆمەڵگە لە خەباتو قوربانیدا بوون، پیاوان لە چنینەوەی خەباتیانداو بەهۆكاری شەرعیەتی شۆڕشگێری سەردەمانێكو هەلێكی زۆریان بۆ خۆیان بەرەوا زانی.

كاتێك هاوسەنگی جێندەری لە جیاتی جیاكاری جێندەری فەراهەم بێتو رۆڵو ماف لەسەر بنەمای كەس بێت نەك رەگەز ئەو كاتە دادی جێندەریو بەشداری كارا دروست دەبێتو لە جیاتی داواكاریو پلە یەكو دووی هاوسەنگی لە بەشداریدا دەبێتو جیاوازی لەسەر بنەمای رەگەز كاڵ دەبێتەوەو جیاوازی لەسەر بنەمای تواناو لێوەشاوەیی دێتە ئاراوە.

سیستمی كۆتا وەك چارەسەرێك بۆ بەشداری ژنان لە ئەنجومەنە هەڵبژێراوەكاندا پەیڕەو دەكرێت.
كۆتا: لە ئینگلیزیو فەرەنسیدا واتا بەش، لە یوكپیدیا هاتوە: كۆتای ژنان تەرخانكردنی رێژەیەك یان ژمارەیەك لە كورسیە بۆ ژنان لە ئەنجومەنە هەڵبژێراوەكان وەك پەرلەمانو ئەنجومەنی شارەوانی، ئەمە بۆ گرەنتی گەشتنی ژنان بۆ شوێنی یاسادانانو دروستكردنی بریار وەك چارەسەرێكی كاتی ئاماژەی بۆ كراوە كە وڵاتانو كۆمەڵگەكان پەنای بۆ دەبەن بۆ بەشداری ژنان لە ژیانی گشتیدا.
سیستمی كۆتا لە كۆنگرەی چوارەمی ژنان لەساڵی 1995 لە پەكین بەسترا پێشنیاركرا وەك چارەسەرێكی قۆناغییو كاتی تا لاوازی بەشداری ژنان نەهێڵێت.

هەرچەندە كۆتا لایەنگرو بەرهەڵستكاری هەیەو هەریەكەیان بەهانەی خۆی هەیە بۆ تێڕوانینەكەی، لایەنگرانی سیستمی كۆتا پێیانوایە تاكە چارەسەرەو ئەگەر كۆتا نەبێت ژنان وەك پێویستو رەنگە هەر نەگەنە ئەنجومەنە هەڵبژێرراوەكان لەبەرئەوە دەستێوەردانێكی ئیجابیە لە هەڵبژاردنەكاندا، بەرهەڵستكارانی پێیانوایە دەستێوەردانە لە بنەمای دیموكراتیو هەروەها رەنگە هەندێكجار ژنانی لاواز بگەیەنێتە ئەنجومەنەكان.
بێگومان بەشداری لاوازی ژنان لە ئەنجومەنی جێبەجێكردنو دەسەڵاتی دادوەری ئەو راستیە دەردەخات كە كۆتا بایەخی هەیەو زامنە بۆ بەشداری كارای ژنان.  
بڕیاردان لەهەموو دەزگایەكدا پێویستی كاركردنو بەردەوامیە ئەگەر بڕیارە رۆتینەكانی رۆژو بەڕێكردنی كارەكانیش بێت پێویستی بەبەشداری هەمەلایەنە.

بڕیاردان پەیوەندی بەكۆمەڵگەوە هەیە لەبەر ئەوە گرنگە كار بكرێت بۆ بەشداری كردنی نوێنەری زۆرینە، ژنان نیوەی كۆمەڵن، بێبەش بونی ژنان لە بڕیاردانو بەشداری نەبونی كارای لەگەڵ ئەوەی دژ بە بنەماكانی مافی هاوڵاتیو یەكسانبونی هاوڵاتی لە مافو ئەركدا پێشێلكردنی مافی بەشداری ژنانە، بێبەشكردنی ناوەندی بڕیارو سەرجەم دامەزراوەكانە لە جۆرایەتیو نوێنەرایەتی كۆمەڵگەو سود وەرگرتن لە راوبۆچونو دنیابینی  نیوەی كۆمەڵگایە، هەروەها ناكرێت نیوە كۆمەڵگە ئاگایی لە بڕیاردان لە ئێستاو چارەنوسی میلەتەكەی نەبێتو هەروەها ئاگای لە داهاتو سامانی وڵات نەبێت.

كەواتە تا ئێستاش ئێمەی ژنان لە قۆناغی داواكارییو كاركردنین بۆ بەدەستهێنانی مافەكانمان، لەبەرئەوە پێویستە بە رێگاو پلانی تۆكمە كە لەئاست پێشكەوتنەكاندا بێت چ ئەو پێشكەوتنانەی ژنان لەوڵاتان بەدەستیان هێناوە چ پێشكەوتنەكانی تری كۆمەڵگە وەك بواری ئازادیو دیموكراتیو تەنانەت تەكنەلۆژیاو شێوازی تری سەردەم بۆ ئەم مەبەستە پێویستە:
* ئامانج دیاریبكرێت.

* زانیاری تەواو لەسەر ئامانجەكە كۆبكرێتەوە، بۆ نمونە بوونی شارەزا بۆ ئەو بوارە، یان داتاكانی بەشداری ژنان لە حزبەكانو دەنگدان و ناهاوسەنگی ئەو بەشدارییە لەگەڵ مافی بەشداری لە بڕیاردا.
* رای گشتی دروست بكرێت، بەهەماهەنگی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیو دەزگاكانی راگەیاندنو ژنانی چالاكو پیاوانی ئازادیخواز...تاد.

* پاڵپشتی بە پەیماننامە نێودەوڵەتیەكان كە زۆربەیان پاڵپشتی مافی تاكو مافەكانی ژنان دەكەن، بۆنمونە پەیماننامەی پەكین 1995 كەبەدەق باس لە بەشداری ژنان لەدەسەڵاتو دروستكردنی بریار دەكات.
* پاڵپشتی یاسایی بەپشت بەستن بە پەیماننامە نێودەوڵەتیەكانو رۆڵو توانای ژنان لە بوارە جیاوازەكان لە ئێستاو رابردودا ئامادەیی بۆ داهاتوو.

* ئامرازی جۆراوجۆرو سەردەمیانە بۆ داواكارییەكانو خستنەڕوی كێشەكە پەیرەو بكرێت.
دەبێت ئەوەمان لەبەرچاو بێت وەك ژنان لەناو ژینگەیەكی سیاسیو ئابووریو كۆمەڵایەتی باوی وەك ئێمەدا هەر داواكارییەك ئەركێكی ترەو ئەو رۆڵو ئەركانەی لەسەر بنەمای رەگەز دیاریكراونو ئەركی ژنانەی قورس كردوە لەو روەوە دەبێت داواو كاریش بۆ نەهێشتنی رێگریو بەربەستەكان بكەین.

زه‌مه‌ن پرێس

AM:02:27:09/03/2019