لەیادی 102 ساڵەی تاوانی جینۆسایدی ئەرمەنییەكاندا
عەلی مەحمود
ئەمڕۆ 102 ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر ئیعدامكردنی 253 كەسایەتی ناسراوی ئەرمەنی لەیەك شەمەی سوری 24-4-1915دا كە لەشوێنە جیاجیاكانەوە دەسەڵاتی خەلافەتی عوسمانی كۆیانیان كردبوەوە بەكۆمەڵ بەئاشكرا لەشاری ئەستەمبوڵی پایتەخت ئیعدامیانیان كرد، لەچوارچێوەی پرۆسەی كۆمەڵ كوژی ئەرمەنەكان كە لەنێوان ساڵانی 1894 بۆ 1923 درێژەی كێشا كە كۆی قوربانیانی تاوانەكە  بە 1,5 ملیۆن كەس مەزەندە دەكرێت كە هاوتەریب له‌گەڵ ئەم كۆمەڵكوژییەدا گەلانی سریان‌و ئاشورو ئێزیدی‌و یۆنانیش لەلایەن هەمان فەرمانڕەواییەوە كۆمەڵكوژی كران.

لەم نێوەدا ئەرمەنیەكان بەشێك لەكوردان بەهاوبەشی تاوانەكە دەزانن كە لەو كاتەدا لەچوارچێوەی سوارەی حەمیدییە بەسەرۆكایەتی ئاغا كوردەكان رێكخرابوون, ئەمە بە ئاشكرا لەتابلۆكانی مۆنمێنتی سەرەكی جینۆسایدی ئەرمەنی لەشاری یەریڤان وە نوسینەكانیان رەنگ دەداتەوە، چۆن كوردەكانیش جاشە كوردەكان بەهاوبەشی تاوانی ئەنفال دەزانن كە لە چوارچێوەی سوارەی سەلاحەدین ئەیوبیدا بەسەرۆكایەتی ئاغاو سەرۆك عەشیرەتەكان رێكخرابون، لەیەك چونێكی دیكەش لەنێوان هەردو قوربانی ئەوەیە، هەردولا بەتاوانی هاوكاری داگیركەر سزا دراون, ئەرمەنیەكان بەتاوانی هاوكاری سوپای روسی تزاری كە تا رەواندزو خانەقین بەهاوكاری ئەرمەنیەكان هاتبوو, پاشان لە گەڵ شۆڕشی ئۆكتۆبەرو مەرسومی ئاشتی لینین كشانەوە, كوردەكانیش هاوكاری ئێران تا دەوروبەری چاڵە نەوتەكانی كەركوك‌و هەڵەبجە هاتن.

ئێستا دەبێت بەرەو روی ئەم تاوانە مێژوییە  ببینەوە, چارەسەری ئەو نەخشانە بكرێت كە ناوی ئەرمەنستان‌و كوردستانەو هەر یەكەیان كۆمەڵێك شارو شارۆچكە بەنیشتمانی خۆیان دەزانن هاوبەشە لە نێوان هەردولا، ئەمە بۆ خۆی كێشەیە, كێشەكە گەورەتر دەبێت دوژمنە هاوبەشەكە توركیایە بكشێتەوە لەو ناوچانە، هاوكات لە دوای سەربەخۆیی ئەرمینیاوە دوای هەڵوەشاندنەوەی سۆڤییەت، كوردە موسڵمانەكانی ئەرمینیا رویان لە ئازەرباینجان كردووەو ئێزیدییەكانیش ئەرمینیا وەك كاردانەوەیەك بۆ سارێژ نەبوونەوەی برینەكانی مێژوو, واتا لەسەر بنچینەی رابردوو جەمسەر بەندی كراوە, بۆیە ئەم كێشە سەدەییە ئاڵۆزە دەبێت چارەسەر بكرێت, بە پێی راستییەكان مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت‌و بەرپرسیارێتی مێژویی هەڵبگرترێت, نەك بە ئینشای ناسیۆنالیستانە كورد بكرێتە مەلایەكەت و ناشرینییەكان لەكەوڵی مێژووەكەی بكرێتەوە, ئاخر نموونەی پاشای كۆرەی رەواندزیشمان لەبەرامبەر ئێزیدییەكان هەیە, ئینكار  بۆخۆی تاوانەو راكردنیشە لە بەرپرسیارێتی مێژویی، لەوڵاتێكی وەك سلۆڤاكیا 5 ساڵ زیندانی سزاكەیەتی, ئەگەر ئینكاری تاوانی جینۆسایدی ئەرمەنی بكرێت.

لەیادی 100 ساڵەی تاوانی ئەرمەندا لەتەبلیسەوە بۆ یەریڤان دەرۆیشتم بۆ بەشداری لەكۆنفرانسی شارەزایانی جینۆسایدی جیهانی پرۆفیسۆرێكی ئابوری ئەرمەنی لە گەڵمدا سوار بوو, كە گەیشتینە سنوری ئەرمینیا پۆلیسەكە پرسی بۆ كوێ، لەوەڵامدا وتم” بۆ كۆنفرانسی نێونەتەوەیی شارەزایانی جینۆسایدی جیهانی لە یەریڤان” كە لەبازگەكە رەت بوین، پرۆفیسۆرەكە وتی "كوردیت” لەوەڵامداوتم "بەڵێ” وتی "دەچیت بۆ كۆنفرانسی جینۆساید” ,لەوەڵامدا  وتم "بەڵێ” وتی، "ئێمە نەك كێشەی مێژویمان لەگەڵ كورددا هەیە بۆ بەرپرسیارێتی، هاوكات كێشەی خاكیشمان هەیە نمونە شاری قارس پێمانوایە ئەرمەنییە تۆ چی دەڵێیت ” لەوەڵامدا وتم "ئێستا هی هیچ لایەكمان نییە وەلێ بكەوێتە دەست كوردان بەم بۆچونە سیاسیەی ئێستاوە, ئەوا لەدەستێكی ئەمیندایە بەپێی بەڵگە مێژوییەكان لە روانگەی سڕینەوەی شوێنەواری گۆڕینی دیموگرافی مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن” وتی "ترسم هەیە كوردەكان وەك تۆ بیر نەكەنەوە, ئەوەتا تۆ لە ناو ئۆتۆمۆبیلەكەش شوێنەكەی خۆت داوە بەمن، هەرچەندە كرێی ئۆتۆمۆبیلەكەش تۆ داوتە, كەچی من لەپێشەوە سوار بومە, تۆش لە دواوە”.

لە وەڵامدا وتم "نا, ئەدی پێش ماوەیەك ئەحمەد تورك بەفەرمی بەرپرسیارێتی قەبوڵ كردو بەناوی كوردەوە داوای لێبوردنی كرد, ئەگەر هەر بەرپرسیارێتیەك هەبێت”.

ئێمە شەو رۆژ داوا لە جیهان دەكەین, ئەوتاوانانەی بەسەر گەلەكەمان هاتووە بە جینۆساید  بناسن, ئێستا لەبەردەم تاقیكردنەوەداین, بۆخۆمان چۆن مامەڵە لە گەڵ مێژوودا دەكەین ؟, دەرچوون لەوتاقیكردنەوەیە بە سەلامەتی دەمانگەیەنێتە مەنزڵگای مرۆڤ  بوون, دەبا مرۆڤ بین .

ئاوێنه‌ 

AM:03:27:26/04/2017