له شیعر و له نوسین‌و ته‌نانه‌ت له قسه‌ی رۆژانه‌ش دا، شوبهاندن یان لێچواندنی بابه‌تێك به بابه‌تێك، روداوێك به روداوێك، خۆشه‌ویسته‌كه‌ت به گوڵ یان مانگ، دوژمنه‌كه‌ت به مار یان ئه‌ژدیها.. هتد، كارێكی ئاسایی یه‌و ئه‌مه بۆته نه‌ریتێك و له‌وه‌ته‌ی قسه‌كردن‌و نوسین په‌یدا بوه ئه‌م حاڵه‌ته‌ش هه‌یه. پێ به پێ ی ئه‌م حاڵه‌ته‌ش نه‌گونجان له شوبهاندن دا هه‌یه‌و كه‌سی شوبهێنه‌ر جاری وا هه‌یه شتێك، حاڵه‌تێك، كه‌سێك به شت‌و حاڵه‌ت‌و كه‌سێك ئه‌شوبهێنێ، نه‌گونجاوه‌و‌و خوێنه‌ر به هه‌ڵه‌دا ئه‌بات. ئه‌م دیارده‌یه له دوو ده‌یه‌ی رابوردودا‌و به ئێستاشه‌وه به‌رده‌وامه‌و به‌تایبه‌ت له رادیۆ و TVو رۆژنامه‌كاندا به‌ده‌رئه‌كه‌وێت، به‌تایبه‌ت شوبهاندنی ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی به‌سه‌ر گه‌له‌كه‌ماندا هاتوون به كاره‌ساتی هه‌ندێك وڵات كه جیاوازی زۆری تیایه‌و هه‌ندێ ناهه‌قی تیادا ئه‌بێت. یان ناوی هه‌ندێ له‌و كاره‌ساتانه له روداوی تر ده‌نرێت، كه له سه‌نگ‌و قه‌باره‌ی كاره‌سات‌و قوربانیه‌كه كه‌م ده‌كاته‌وه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش من سێ نمونه ئه‌هێنمه‌وه.
یه‌كه‌م: زۆرجار و به به‌ربڵاویش له یادی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌دا له 16/3 هه‌موو ساڵێك دا، له رۆژنامه‌و رادیۆ و TV یه‌كاندا هه‌ڵه‌بجه به هیرۆشیما ئه‌شوبهێنن، به بڕوای من ئه‌مه هه‌ڵه‌یه، راسته بۆمبارانكردنی هیرۆشیما كاره‌ساتێكی مرۆیی گه‌وره‌یه‌و ده‌یان هه‌زار مرۆڤ بونه قوربانی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه له هیرۆشیما جیا ده‌كاته‌وه ئه‌وه‌یه، هه‌ڵه‌بجه شاری میلله‌تێكی بن ده‌ستی ماف خوراوی بێ ده‌سه‌ڵاتی وه‌ك كورد بوو بێ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی هیچ گوناه و تاوانێكیان كردبێ، كیمیاباران كرا‌و هه‌زاران كه‌س بونه قوربانی، به‌ڵام هیرۆشیما شارێكی گه‌وره‌ی یابان بوو، یابان وڵاتێكی گه‌وره‌ی به‌شداری جه‌نگی جیهانی دووم بوو له‌پاڵ ئه‌ڵمانیا‌و ئیتالیا شه‌ڕی هه‌موو جیهانی ئه‌كرد‌و به‌شێكی زۆری رۆژهه‌ڵاتی ئاسیای داگیر كردبوو سوپای یابان تاوانی گه‌وره‌ی ئه‌نجام دابوو، وه‌ك وتیشمان بێگومان بۆمباران كردنه‌كه‌ی هیرۆشیما كاره‌ساتێكی مرۆیی گه‌وره‌ی لێكه‌وته‌وه. به‌ڵام ئه‌و شوبهاندنه شوبهاندنێكی نه‌گونجاوه.
دووه‌م: له‌م چه‌ند رۆژه‌ی رابوردودا له چه‌ند گوتارێك دا هه‌ڵه‌بجه به (خان شیخون) شوبهێنرابوو.خان شیخون وه‌ك ئاژانسه‌كان بڵاویان كرده‌وه گوایه له‌لایه‌ن سوپای سوریاوه به كیمیایی بومباران كراوه. له‌راستیدا له‌لایه‌ن هه‌ر كه‌سێكه‌وه بومبارن كرابێ، تاوانێكی گه‌وره‌یه و دژی هه‌موو به‌هاكانی مرۆڤایه‌تیه، به‌ڵام به هه‌ڵه‌بجه شوبهاندنی ناهه‌قییه. وه‌ك ئاماژه‌مان پێدا، هه‌ڵه‌بجه نه له شه‌ردا بوو نه شه‌ری به كه‌س فرۆشتبوو، نه وه‌ك (خان شیخون) یش موڵگه‌ی گروپه تیرۆریست‌و توندره‌وه ئیسلامیه‌كانی سوریایه، ئه‌مه له‌لایه‌ك له‌لایه‌كی تریشه‌وه تا ئێستا به به‌ڵگه‌وه ئاشكرا نه‌بوه كێ ئه‌و كیمیاییه‌ی به‌كارهێناوه، ئه‌مه جگه له قه‌باره‌ی قوربانیه‌كانیش كه جیاوازی زۆره. بۆیه ئه‌و شوبهاندنه‌ش نه‌شیاوه.
سێیه‌م: زۆرجار له نوسین‌و ئاخاوتندا، هه‌ندێك روداو به پرۆسه‌ی ئه‌نفال ئه‌شوبهێنرێ بۆ نمونه كه باسی راوكردنی ئاژه‌ڵه كێوییه‌كان ده‌كرێت، هه‌ندێك جار ئه‌ڵێن ئه‌نفال كردنی حه‌یوانه‌كێوی، یان له برینی دار‌و دره‌خت، ده‌وترێ ئه‌نفالی دارستانه‌كان‌و چه‌ندین ناولێنانی تر كه له‌راستیدا ناهه‌قه. ئه‌نفال كاره‌ساتێكی گه‌وره و تاوانێكی هه‌ره دیاری رژێمی رووخاوی به‌عسه ده‌رهه‌ق گه‌له‌كه‌مان‌و بۆ خۆی ناوهێنانی ئه‌و تاوانه سام‌و هه‌یبه‌تێكی خۆی هه‌یه. راسته تێك دانی سروشت تاوانه، به‌ڵام ناكرێ وه‌ك ئه‌نفال ناوبنرێت.
كوردستانی نوێ