مێدیا بۆ وادەكات ؟
دڵسۆزحەمە
هێشتا كتێبی بیرەوەریەكانی سەرۆك مام جەلال لە چاپخانە نەهاتۆتە دەر، هەندێك رۆژنامە و مێدیای وەكو هەنگوینی لە كلۆری داردا دۆزیبێتەوە بە مەبەست و بە دیققەت بەدوای ئەو رستەو تۆپیك و دەستەواژەو عیبارەتانەدا دەگەڕێت كە هەندێكیان بۆنی خوێنیان لێدێت، ئەو چیرۆك و رستەو بەسەرهاتانە خێرا خێرا لە كتێبەكەوە دەگوێزنەوە بۆ سەر وێبسایت و ماڵپەڕەكان كە هەڵبژاردن وبڵاوكردنەوەی ئەمجۆرە تۆپیكانە بەو شێوە یە ولەم دۆخە بارگاویەی كوردستاندا كە دڕدۆنگی وبێمتمانەیی وڕق وكینە و دابڕان وگومان باڵی بەسەر دۆخەكەدا كێشاوە، لەمساتەوەختەدا كە شیرازەی دۆخی سیاسی و دۆخی ژیانی گشتی لەسەرەولێژیدایە تەنها دوو تەفسیر هەڵدەگرێت یان هەستنەكردنە بە بەرپرسیاری و زیادكردنی ژمارەی خوێنەرانە لەسەر حیسابی دۆخی گشتی، یان ئەوەتا بڵاوكردنەوەی ئەو تۆپیكانەو تەركیزخستنە سەر ئەو خاڵانەی كتێبەكە مەبەستێكی سیاسی ئیعلامی و ئاڕاستەكراوی لە پشتەوەیە بە ئاڕاستەی خراپتركردنی ئەم دۆخە.

كۆمەڵگە شارستانیەكان وەختێك یەكێك لەسەركردە گەورەكانیان، سەركردەیەكی مێژویی لە عەیاری مام جەلال بیرەوەرییەكانی بڵاودەكاتەوە، ئیتر ئەوە دەبێتە رووداو، رووداوێكی مێژوویی و مێدیایی كە دەیان مێزگرد و سێمینار و بۆنەی بۆ ساز دەكرێت، دەبێتە رووداوێك كە خەڵكی لە كتێبخانەكاندا بە ریز ونەوازشەوە سەرە بۆ كتێبەكەی دەگیرێت، مام جەلال وهەموو سەركردە مێژووییەكان بەدەر نین لە كەموكورتی وهەڵەی مێژوویی رەخنەی گەورە، بەڵام ئەوەی لە كوردستاندا روودەدات بەكارهێنانی ئەم كتێبەیە بۆ گەرمكردنی ئاگری رق وكینەو توندتركردنەوەی ململانێ ناشرینەكانی ئەم هەرێمەی داغان كردووە .!! بەڵكو رۆژانە ئێمە بەر دیاردەو لێدوان و ڕستەو هەواڵی وەها ژەهراوی دەكەوین كە لە مێدیاكانەوە بەناوی ئازادی و ئازادی بیرو راو ئازادی مێدیاوە ئەو جۆرە ژەهرە دەكرێتە جەستەی ئەم كۆمەڵگا بیمارەوە!

 تەلەفزیۆنی (ئێن ئاڕ تی) پیرەمێردێكی بەدبەخت و رەنجەڕۆی بۆ هێناینە سەر شاشەكان وەكو قوربانیەكی دەستی هێزەكانی ئاسایش و هێزەكانی دژەتیرۆر (كە كوڕەكەیان فڕاندوەو كوشتویانە!) وێنا كرا، پەیامەكە دڕندەیی و داپڵۆسینی هێزەكانی ئاسایشی كوردستان بوو لە كاتێكدا ئەو پیرەمێردەو دەیان پیرەمێردو دایك و باوكی تر جەرگسوتاوو رەنجەڕۆی دەستی كوڕە تیرۆریستەكانی ئەو پیرەمێردە بوون كە لەگەڵ داعش خیانەت لە وڵات و نیشتمان و خەڵكی ئەم هەرێمە دەكەن! كوڕەكانی ئەو پیاوە دەستیان بە خوێنی پێشمەرگە سورەو لەگەڵ ترسناكترین هێزدا بەسەدان منداڵی ئەم نیشتمانەیان هەتیوكردووە، سەیرە وێناكردنی باوكی تیرۆریستەكان وەكو قوربانی!!

ئاخر ئەگەر بمانەوێت لەسەر لاوازی و بێدەسەڵاتی دادگاكانی كوردستان لەهەمبەر ئەو هەموو نادادوەری وگەندەڵیە زۆرەی لەم هەرێمەدا رودەدات، لە هەمبەر ئەو هەموو یاساشكێنیەی لەم هەرێمەدا رودەدات، ئەو هەموو تاوانبار و گەندەڵ و ئەنفالچی و دزو خیانەتكارانەی ئەم نیشتمانەیان هەڕاج كردووە بەڵگەو بەرنامە دروست بكەین بە هەزاران چیرۆك و كەیسی ئاوا هەیە، چی پێویست دەكات دزێكی رەسمی بكرێتە پاڵەوانی نادادوەری، دزیكردن ئەگەر دزینی قوتویەك شیر بێت یان بوتڵێك غاز یان هەزاران تەنكەر نەوتی دزراو، هەر هەڵسوكەوتێكی نائەخلاقی و نایاسایی و ناڕەوایە و تاوانە، بەڵام دیارە لە رەهەندە مرۆڤایەتی و كۆمەڵایەتی و ئابوریەكەوە دزینی ملیارەها دۆلار لە سامانی گشتی بەراورد بە دزینی قوتویەك شیر چەندە تاوانێكی گەورەترە، بەڵام ئەم پرسانە لە رۆمانەكانی دیستۆڤسكیدا رەنگە جێكەوتەی رۆحی و دەرونی لەسەر خوێنەران دروست بكات، بەڵام وەكو پەیامێكی تەلەفزیۆنی كە ملیۆنەها كەس بە خەڵكی خراپ و باش، هۆشیار و ناهۆشیار، دزو دەسپاك بەرنامەكانی دەبینێت رەنگە پەیامێكی خراپ و جێكەوتەی خراپی هەبێت!

ئاخر رسواكردنی دزە گەورەكان بە دروستكردنی كامپەینی بەرگری پاڕانەوە نابێت بۆ دزە بچكۆڵەكان بەڵكو بە بڵاوكردنەوەی گیانی بەرپرسیاری و دەسپاكی و دڵسۆزی و بەها ئەخلاقیە بەرزەكان دەبێت!!

ئۆپۆزسیۆن بوون مانای ناشرین كردنی بێقەیدو شەرتی ئەوانی تر نیە، ئازادی رۆژنامەو ئازادی نوسین مانای بڵاوكردنەوەی بێقەیدوشەرتی هەمووشت نیە لە هەموو كاتێكدا مانای نەوتكردن نیە بە ئاگرێكدا كە كۆمەڵگا رۆژانە دەستیەوە دەسوتێت و ئازار دەكێشێت!!


هه‌واڵ نیوز 

AM:03:16:07/05/2017