دەزگاكان یەكبگرن! ‌
ستران عه‌بدوڵلا‌ ‌


لەنێوەندی دامودەزگا رۆشنبیرییەكانی پایتەختی رۆشنبیرییەوە بیستوومانە هەوڵ و كۆششێك هەیە بۆ  ئەوەی ناوەندو سەنتەرو دەزگا رۆشنبیرییەكان چەترێكی كاری هاوبەش پێكەوە بونیات بنێن.

تەنانەت كۆبوونەوەیەكیش بۆ ئەم مەبەستە بەڕێوەیە، ئەمەش كارێكی زۆر چاكە، چونكە كۆششی رۆشنبیری ئەو دەزگایانە یەك دەخات، دەیانكاتە تەواوكاری یەكتری. بۆ ئەوەی ئەم ئەركە سەركەوتووبێت هەر لەئێستاوە پیرۆزبایی‌و پێشنیازمان هەیە:
-1دەزگا هاوشێوەكان پڕۆژەی هاوبەش بكەن، لەئەركی چاپ‌و بڵاوكردنەوەدا.

-2دەزگا هاوشێوەكان پرۆتۆكۆڵی دوو قۆڵی‌و چەند قۆڵی ئیمزا بكەن بۆ یەكخستنی كۆششی رووناكبیری لەبواری وەرگێڕان‌و دووپاتنەكردنەوەی وەرگێڕان، مەگەر زەروری نەبێت، ئەم دەزگایانە خشتەی كتێب دابنێن كە گرنگە بۆ پێشخستنی بواری رۆشنبیری تەرجەمە بكرێت.
دەزگا رۆشنبیرییەكان كەڵك لەتایبەتمەندی یەكتری وەربگرن، ئەوەی چاپخانەی هەیە چاپ بكات‌و ئەوەی كاغەزی هەیە بیخاتەكار، ئەوی پارەی هەیە هەروا و ئەوی ئیمكانیاتی مرۆیی لەكادیرو كارگەرو پسپۆڕی هەیە لەگەڵ ئەوانی تردا بیانخاتەكار و تەواوكاری یەكتری بن. ئەوی چالاكی هەیە هۆڵ‌و جێگە لەوە بخوازێت كە هۆڵی هەیەو چالاكی نییە، ئەوی توانای دابەشكردنی هەیە بیخاتەكار بۆ هاوكاری دەزگاكانی تر. هتد.
واتا كەڵك لەكەموكوڕی‌و باشی یەكتری وەربگیرێت، كاری جەماعی باشتر، هەرزانترو بێ كێشەتر دێتە كایەوە.

شارە حەیاتەكە خۆی لەبارێتی پایتەختی رۆشنبیری بێت‌و خۆڕسكانە وا هەڵكەوتووە، بەڵام رێكخستنەوەی تواناكان رێگاكان كورت دەكاتەوە، ئەم چەترە پیرۆزە بۆ ئەم پایتەختە شایانە، با دەزگاكان لەسەر یەكتری بكەنەوە و رمێن بۆ یەكتری پەیدا بكەن.

knwe

AM:11:26:16/04/2016