زمانی شوناس
ستران عه‌بدوڵلا‌ ‌
زمانی كوردی ستوونی سەرەكی مانەوە و پاراستنی نەتەوەی كوردە، بەتایبەتیش لە سەد ساڵی رابردوودا.
زمان بۆ هەموو نەتەوەیەك شوناسە، بەڵام بۆ گەلی كورد شوناسی هەرە سەرەكییە. ئێمە لەگەڵ نەتەوەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئایین و مەزهەب، یەكمان دەخات. موسڵمانین، شیعە و سوننەشمان هەیە و ئایینزاكانی دیكەش لە باخچەی كوردستاندا گوڵی رەنگینن، ئەمما زمانەكەمان ئێمەی پاراستووە. لەبەرئەوەشە وەك خۆمان لەبەردەم هەڕەشەی توانەوەدا بووە. لە سەد ساڵی رابردوودا شەڕی زمانەكەمان كراوە، قەدەغە كراوە و زمانمان بڕاوە. تەنانەت لە عیراقی ئینگلیزیشدا مەعارفی عیراق (ساتع ئەلحسری) لەگەڵ حەرف و فاریزەی كوردیدا نێوانی خۆش نەبوو. بیانووش ئەوەیە حەرفی عەرەبی، حەرفی قورئانە و نابێ دەستكاری بكرێت.

لە سوریا تا فەرەنسییەكان هەبوون، ئەبجەدی لاتینی (هاوار)ی كوردی دەگەیاند و لە حوكمی (وەتەنی) و بەعسیدا، نامیلكە و جەریدەی كوردی لە چەكمەجەدا دەشاردرانەوە. لە توركیای كەمالی وتیان: توركی شاخاوی زمانی بۆ چەس؟. لە توركیای ئەردۆگانیشدا وتیان: بۆتان هەیە لە بری هەر حەرفێك پارە بدەن و بۆ هەر رستەیەك لە غەرغەرەیا بن. لە ئێران زەمینیش قەدەغە نییە، ئەمما هەرەمێكی چینایەتی بۆ پێگەی زمانەكان هەیە و كورد لە بەشی زمانی مەحەلی جێی دەبێتەوە.

عیراقی ئەمریكی لە كاتی دەستووری 2005-دا، زمانی كوردی كردۆتە رەسمی. هەر كە لوولەی دەبابەكانی هاوپەیمانان لە بەغدا دووركەوتنەوە، فەرمانڕەوا شیعەكان وەك فەرمانڕەواكانی سوننەی ناسیۆنالیست، زمانی رێگەپێدراو ئیحتیوا دەكەن. كوردستانیش كە لە عیراقدا تا وێستگەی شەڕی داعش، قسەی دەڕۆیشت، هەر خەریكی یاسای نەوت و غاز و بودجە بوو. تا ئەوەی پێگەی زمانەكەمان لە عیراق پەرەپێبدا و بەڕەسمی ناسینی بكاتە واقیعێك لە ناوەندە رۆشنبیریی و ئەكادیمی و دەوڵەتدارییەكانی عیراقدا رەنگ بداتەوە. لە كاتێكدا وەكو وتمان ئەوی سەد ساڵە كورد دەپارێزێ، زمانەكەیەتی، نەك نەوتە نەفرەتییەكە. لە خشتەی كاری زانكۆ و كاری كەلتووریی حكومەتی خۆشماندا، زمانەكەمان ئەولەویەتی خوارەوەیە و نەبۆتە ستراتیژ و كارێكی سیادیی.

رۆژی زمانی دایك دەرفەتێكە تا بڵێین راستە پێشمەرگایەتی و كوردایەتی، كوردستانیان پاراستووە، بەڵام دەفتەر و قەڵەم و كاغەز، پەروەردە و پێگەیاندن، ئەیقۆنەی پاراستنی زمانەكەمانن.

زمانەكەشمان هەم شوناسەكەیە و هەم ئامرازی دەربڕینی ویست و داخوازییە بەدینەهاتووەكانی گەلی كوردستانە.

كوردستانی‌ نوێ‌ 

AM:05:24:21/02/2018