سەندیكاوفیشەكی رەحمەت! ‌
مسته‌فا ساڵح كه‌ریم‌
{لەبەر تەوافقی حزبایەتی و ڕاگرتنی باڵانسی هەولێرو سلێمانی ئەو بەڕێزانەی پێشتر هەستابوون فیشەكێكی ڕەحمەتیان بەسەری سەندیكاوە نابوو، ئەو سەندیكایە ناتوانێ‌ لەژێر ئەو زوڵمە گەورەیە خۆی ڕزگار بكات، نە پاڵفتە دەبێت نە پاكڵەمە دەكرێت}.

* ئەمە تەواوی ئەو ڕستانە بوو كە سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكا كاك كاروان ئەنوەر لە ژمارە (7330)ی كوردستانی نوێدا نوسیبووی و بەبڕیاری خۆی ئەنجومەنی پێشووی تۆمەتبار كردبوو كە بەهۆی تەوافقی حزبایەتیەوە زوڵمی لە سەندیكا كردوەو ژمارەیان زۆر بوەو هەتا هەتایە چار ناكرێ‌.
1. سەرەتای یەكگرتنی هەردوو ڕێكخراوەكە بەتەوافق بوو، ئەمەیان شتێكی شارراوە نیەو هەموو لایەك دەیزانن و هەر لەسەر ئەو بناغەیەش كاك كاروان ئەنوەر بووە بە سكرتێری لقی سلێمانی.

 2. بۆ ئەندام وەرگرتن، لەژمارەی پێشوودا باسی ئەوەم كرد لای ئێمە ئەندام چۆن وەرگیراوە و بەچەند فیلتەردا ڕۆیشتوە، ئەی دوای ئێمە ژمارە گەیشتۆتە چەندو كێ‌ لێی بەرپرسیارە؟

3. (خۆ ڕزگار كردن و پاڵفتە كردن) زۆر ئاسانە، دەفەرموون ئەنجومەنی ئێستا با پەیڕەوی ناوخۆ جێبەجێ‌ بكات، هەر ڕۆژنامەنوسێك پیشەی سەرەكی كاری ڕۆژنامەنووسی نیە سیفەتی (كارا)ی لێ‌ وەربگرێتەوە، هەموو ئەوانەی ئەو مەرجەیان تێدا نیە پلەیان بهێننە خوارێ‌، هەر ڕۆژنامەنووسێك بوە بە فەرمانبەر سیفەتی (كارا)یەتی لەدەست داوەو لێی وەربگرنەوە ئیتر بۆ پاڵفتە ناكرێن؟ 

4. مەسەلەی (فیشەكی ڕەحمەت) لەلایەن بەڕێزیەوە خراپ بەكارهێنراوە، ئەو وشەیە لەشوێنی وادا بەكار ناهێنرێ‌. بۆ زانیاری خوێنەران و كاك كاروانیش ئەم زاراوەیە لەبنەڕەتدا ڕۆژئاواییە، ئەگەر كەسێك خولیای بینینی فلیمی كاوبۆی بووبێ‌، جارەها دیویەتی وا ڕێكەوتوە ئەكتەری سەرەكی فلیمەكە ئەسپەكەی لە بیابانێكدا یان لەناوچەیەكی شاخاویدا بریندار دەبێ‌ یان قاچی ئەشكێ‌ و سوارەكەی بەدیاریەوە دۆش دادەمێنێ‌، لەپاشا بەخەم و خەفتێكی زۆرەوە بەناچاری فیشەكێك دەنێ‌ بەناوچەوانی ئەسپەكەیەوەو دەیكوژێ‌ تا لە ئازار ڕزگار بێ‌ و بەزیندوویی قەڵ و داڵ نەیخۆن. بەو كردەوەیە دەڵێن: (Putdown)، لە عەرەبیدا بۆتە (گلقه‌ الرحمه‌)، بەڵام ئاخۆ سەندیكا قاچی شكابوو، یان ڕەشە سیلی هەبو تا بێ‌ پرسی یاساو ڕێسا (Humane Killing)ی بۆ بكەین یان بیخەینە خانەی(پوت داون)ەوە!

بەپێچەوانەوە ئێمە بە شانازیەوە سەندیكایەكی نەونەمام و پەل و پۆ سەوزو جوانمان بەجێ‌ هێشت كە لەوپەڕی پۆشتەو پەرداخیدا بوو لەهیچی كەم نەبوو، لەڕووی داراییشەوە فرە دەوڵەمەند بوو، تەنانەت پارەیەكی زیادی باشیشمان دانابوو بۆ چاپ كردنی بەشەكانی تری انسكلوپیدیای ڕۆژنامەنووسیی كاك جەمال خەزنەدار كە بەداخەوە نەكرا.. ئیتر ئەم فیشەكی ڕەحمەتە نابەجێیە لەپای چی و بۆچی؟



كوردستانی‌ نوێ‌ 

AM:01:58:31/08/2017