كێ؟ ئێن ئاڕتی قەبوڵ نییە؟
ڕێکان ڕەواندزى
ئێن ئاڕ تی كەناڵێكی ئاسمانی بێلایەن لە ( ٢٠١٠/٢/١٧ )  دامەزرا لە لەلایەن  بەڕێز ( شاسوار عبدالواحید) كە سەرۆكی كۆمپانیاكانی نالیایە، ئەم كەناڵە وەك یەكەمین دامەزراوەی ڕاگەیاندنی بێلایەن دێتە ئەژمار، نەك تەنھا لە كوردستان بەڵكو لە عێراق و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش.

دامەزراوەیی ڕاگەیاندنی سیاسی زۆر كەم كە بە پەنجەی دەست ئەژمێردرێن بەبێلایەنی ھەن، چونكە ئاستی ڕۆشنبیری بازرگانی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و عێراق وەک كوردستان بەتایبەتی لەو ئاستەدا نییە بیر لە دروستكردنی دامەزراوەیەكی ڕاگەیاندن بكەنەوە كە چاودێری كار و باری حكومی و سیاسی بكەن، چونكە لای ھەمووان ڕوونە بازرگان بەر لە ئەنجامدانی ھەر شتێك بیر لە داھاتوو و تێچووی دەكاتەوە، دامەزراوەی ڕاگەیاندن تێچووی ھەمیشە زیاترە لە داھات كاتێك لە بواری سیاسی و كۆمەڵاتی بكات.

لە وڵاتە دواكەوتووەكاندا ھەبوونی كەناڵ یان دامەزراوەی ڕاگەیاندین بەگشتی بەبێلایەنی زۆر سەختە، قەبوڵكردنی ھەم لە لایەن دەسەڵات ھەم لە لایەن زۆربەی خەڵكی شتێكی باوەڕ پێنەكراوە، چونكە وڵاتانی دواكەتوو گشت سێكتەرەكانیان دواكەتووە، بۆیە پێگەیشتنی تاك لەم وڵاتانە تێگەیشتنی ناھۆشیارییە لە گشت بوارەكان، دەسەڵاتی وڵاتانی دواكەوتوو ھەمیشە كار لەسەر بە لاڕێدابردنی تاك و گشتی دەكەن، ئەو بە لاڕێدابردنە ئەگەر لە ڕووی عەقڵ و بیركردنەوە بێت یا چۆنیەتی خوێندنەوەی دەوروبەری خۆیبێت یان لە قەبوڵنەكردنی شتانێك بێت كەوا نامۆ بێت پێی، وای لێدەكات بەبێ ھیچ لێكۆلینەوە و زانیاریەك شتێكی نوێی قەبوڵ نەبێت و تۆمەت باری بكات، ئەم جۆرە ڕوانینە شتێك نییە كاری دوو ڕۆژ یان سێ ڕۆژی لەسەر كرابێت، بۆ نمونە  بەرھەمی چەندین ساڵەی دەسەڵاتی كوردیە كەوای لە تاك كردووە ھەمیشە بەچاوێكی نەرێنی بنواڕێتە شتە نوێ و نامۆكان، تاكێكی وای دروستكردووە كە ناتوانێ بەسەر بیركردنەوەكانیدا زاڵ ببێت، چونكە بە چەندین قۆناغ كار لەسەر ئەم خراپ بینینە كراوە، دەسەڵاتی كوردی بە تایبەت ھەردوو حزبی باڵادەستی سیاسی و ئابووری بەگشت شێوەكان تاك و گشتی خەڵكیان ھەڵخەڵەتاندووە بە چەندین ماسك ھاتوونەتە نێو ژیان و فكری ھاوڵاتیان، كارێكیان كردووە كە باوەڕ بە ڕاستیەكانیش سەخت و دژوار بێت.

ئەوانەی ئێن ئاڕتیان قەبوڵ نییە كەم نین، چونكە ئەوانەی ھەبوونی ئێن ئاڕ تی بە مەترسی لەدەست دانی بینەر بیسەر و خوێنەری خۆیان دەزانن وە ترسیان لە ڕۆشنبیری خەڵك و گەیاندنی زانیارییەكان ھەیە بە خەڵك، ئەو لایەنانەن كەوا ٢٦ ساڵە ھاوڵاتیانیان بە لاڕێدا دەبەن و ڕاستییان لێ دەشارنەوە و ناڕوونی و ساختەیش بە جیھانی دەرەوە نیشان دەدەن، بە ھیچ شێوەیەك لە بەرژەوەندی ئەوان نییە دامەزراوەیەكی ڕاگەیاندنی بێلایەن ھەبێت، بە تایبەت لەم سەردەمە،  كە ڕاگەیاندن بە بینراو و بیسراو و نووسراو بۆتە خۆراكێكی ڕۆژانە، خۆراكێك كەوا عەقڵ و فكری جیھانی مرۆڤایەتی كردۆتەوە، بۆیە نابێت ڕەخنە لە بیركردنەوەی ھاوڵاتیان بگرین لەوەی ھەمیشە گومانیان ھەبێت لە بێلایەنی لە ئێن ئاڕ تی، چونكە بە چەندین شێواز ئەقڵیەتی تاك و گشتی بە دۆگما كراوە، ئەوەی كە پێویستە ئێن ئاڕ تی بیكات كاركردن نییە لەسەر ئەوەی ڕاستی بێلایەن بوونی خۆی ھەمیشە دەر ببڕێ، بەڵكو پێویستە لە كەناڵەكانیان گرینگی زیاتر بە بواری پەروەردە و چاوكارانەوەی خەڵكی بدەن، چونكە بە ھەبوونی ھۆشیاری و تێگیشتن و خوێندنەوەی دروست بۆ شتەكان خۆیان قەناعەت بەوە دەكەن كە كەناڵی ئێن ئاڕ تی بێلایانەنە ھاتۆتە نێو مەیدانی ڕاگەیاندان و چاودێری كردنی كار و كردەوەی لایەنە سیاسی و حكومیەكان، ئەبێت ئێن ئاڕ تی وەك ھەمیشە بەبێ ترس، بە ڕەھایی پشگیری چینی گشتی ماف خوراو بكات وە پەیامیان بە ناوخۆ و دەرەوەی كوردستانی بگەیێنێت، بەم پێگەیشتن و ھۆشیاری بڵاو كردنەوە ئەوانەی ئەمڕۆ ئێن ئاڕ تیان قەبوڵ نییە بەیانی خۆیان شایەدی ڕاستگۆیی و بوێری ئێن ئاڕ تی دەدەن.


NRT

AM:02:23:03/06/2017