بۆ ئاوات عەلی (لە بێڕێزکردنی وشەوە تا زیندان)
ئاسۆ حاجی

زیندانیکردنی تۆ هاوپیشەکانت تەنها ئەڵقەیێکە لەو هەوڵانەی نزیکەی دوو دەیەیە بۆ بەڵاڕێ دابردنی تێگەیشتن لە ئازادی ڕا دەربڕین دەستیان پێکردوە، ئەو هەوڵانە کە بەرهەمی زیرەکی سیاسیەکانە و لەوێ ڕۆژێوە دەستی پێکرد کە ڕۆشنبیرەکان لە یاسای شەڕە ئەزەلیەکەی نێوان دەسەڵات و مەعریفە خۆیان هاوێشتە دەرەوە و دەستیان لە بەردەم رەحمەتی سیاسیەکان پان کردەوە و کەڕامەت و ئازادیان بە نان گۆڕیەوە، هاوڕێ دەزانی ئەوە ڕێسایێکی میکانیکیە کە مرۆڤ دەستی پان دەکاتەوە سەری دەچەمێتەوە و تەماشای دەکەوێتە ناو لەپی دەستی و ناتوانێ زیاتر لەوە ببینێ، بۆیەشە سیاسیەکان ئەوەیان هەڵبژارد تا ڕۆژنامەوان و نووسەر و ڕۆشنبیر و هونەرمەندان تەنها ژیان و چاوەڕوانی و دنیا بینیان ببێتە ڕووبەری لەپی دەستیان و بزانن چەند وەردەگرن، ئەوەش گلەیی نیە لە سیاسیەکانمان چونکە ناکرێ گلەیی لەلایەنێک شەڕ بکەی بۆ شەڕەکەی بردۆتەوە، ئەوە تەنها خەسڵەت و سیفاتی سیاسیەکانی ئێرە نین بەڵکو لە هەموو دنیا و لە پێشکەوتوترین کۆمەڵگا سیاسیەکان بۆیان بلوێ میدیاکان دەستەمۆ دەکەن و وەک بیانەوێ دەیانهاژۆن.

 گلەیی من لەو ناوەندانەیە کە ناوی ڕۆشنبیری و ڕۆژنامەوانی و ناونیشانی قەبەتریان لەسەر نووسراون بێدەنگن لەبەرامبەر پێشێلکاریێک کە لە سەر یاسای ڕۆژنامەوانی دەکرێ.

لە بەردەم کەیسێکی ئەوها حەق وەنیە ڕۆژنامەنووسان بێدەنگ بن، چونکە ئەوڕۆ لەتۆیە وسبەی لە ئێمە، هەق نیە دەزگاکان لە ڕوانگەی پشت شکاندنی ڕکابەرەکەیان و بە دڵدانەوەی خۆیان بەو گووتە باوەی کە دەڵێ "بە دەستی من نیە بەڵام بە دڵی ئێمەیە" ڕەنگە ئەو دەزگایانە توشی هەڵوێستێکی لەو جۆرە نەبنەوە نەک لەبەر ئەوەی ئەوان باشتر و پڕۆفیشناڵانەتر ڕوماڵی ڕووداوەکان بکەن، بەڵکو لەبەرهەندێیە خاوەنەکانیان لە خاوەنەکەی ئێن ئاڕ تی بە دەسەڵات ترن و دادگاکان ناوێرن توخونیان بکەون، دەزگا ڕکابەرەکانی ئێن ئاڕ تی ئەوەیان بۆ دەچیتە سەرێ بەڵام ئەخڵاقی کار کردن و گیانی هاوکاریکردنیان پرسیارێکی گەورەی دەکەوێتە سەر.

خۆزگە دادوەر چۆن لە سەر کەیسێک کە پەیوەندی بە شەخسی خۆیەوە هەیە وەدەنگ هاتووە و یاسایێکی بەرکاری هەرێمی کوردستان پێشێل دەکات و جارێکی دیکە خۆی و دادگاکەی دەخاتەوە ژێر پرسیار و پرسێکی دیکە کە دەرباز بوون لێی باجدانی بە پیشە و کەسایەتی دەوێ،چونکە بە زیندانیکردن ئێوە گەورەتر و خۆشەویست تر دەکات و خۆشی بە پێچەوانەوە.

ئەوڕۆ بە هەواڵی دەست بەسەرکردنی تۆ دەیان چیڕۆک و بەسەرهاتی ڕۆژنامەنووسانم وەبیرهاتەوە کە سووکایتەتیان پێکراوە و تێهەڵدراون بەڵام نە دەزگاکانیان خۆیان لێ بە خودان کردوون نە دادگاکانیش مافی بۆ وەرگرتوونەتەوە،باش نیە تۆ تەلەفزیۆنێکت لە پشتە و دەبیە هەواڵی یەکەم و باسی ڕۆژ.

ئەوە دەرهاوێشتەی ئەو هەموو زیادە ڕۆیانەیە کە لەسەر هەیبەتی وشە کراون، لەوەتەی کەناڵی بەناو ئەهلی و سەربەخۆ و بێ لایەن وەک سێبەری حزبەکان و لە پەنای ناوی سیاسیەکان بازاڕەکەیان گەرمتر و بەهای وشە و پیشەکەیان هەرزان و هەڕاج کردوە، هەموو ڕکابەرەکان ئەوانەی لە بڵاوبوونەوەی زانیاری و ڕوون بوونەوەی ڕووداوەکان دەترسن کاڵبەیان درێژتر و تیژتر بووە و بەبێ ئەوەی ترسیان لە ڕوبەڕوبوونەوەی ڕۆژنامەوانان هەبێت یان ڕێز لە یاسای کارەکەیان بگرن،چونکە پێش وەختە دەزانن دەزگاکان و زۆرینەی ڕۆژنامەوانەکان پێویستیان بە مۆڵەت وەرگرتن یان ئەمر پێکردنە تا بتوانن هەڵوێست وەرگرن،جا لەبەر نانبڕین بێت یان لە ترسی ئەو ئیڕهابە فکریە بێت کە بەداخەوە گەورەترین ڕووبەری لە کاری ڕۆژنامەوانی و نووسین داگیر کردوە.

هیوادارم وەک چۆن تۆ ملکەچی دادگا بووی،دادوەریش ملکەچی یاسا بێت و وەک خۆی و لەبەرژەوەندی گشتی جێبەجێی بکات نەک بە ویستی خۆی و بۆ تۆڵەکردنەوە لە کەسێک کە تەنها ئەرکی خۆی بەجێگەیاندووە و ئەگەر هەڵە یان کارێکی نا بەجێی کردووە بە گوێرەی یاسا مامەڵەی لەگەڵ بکرێ نەک هەوڵی تەمبێ کردنی بدرێ. 

AM:03:44:05/06/2017