نهێنییەکەی پشت رووداو
ئاسۆ حاجی

تێپەڕاندنی پێنج ساڵ سەرکەوتن لە سەرەوەی لیستی باشترین دەزگا میدیاییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرلیست و باشترین دەزگای میدیایی کوردستان لە بۆشاییەوە نەهاتووە، بەدڵنیاییەوە هێز و تێگەیشتنێکی لەپشتەوەیە.

ئەو هێزە بیرە نەوت و پارەی نەوت نییە وەک تۆمەتی بۆ هەڵدەبەستن، ئەوەش نییە کە دروستکراوی میتی تورک و سی ئای ئەی ئەمریکی بێت، بەڵام بێگومان پاڵپشتییەکی گەورەتری هەیە.

سەرکەوتنەکەی هەمووی بەوە گرێنەدراوە کە دەڵێن خاوەنەکەی نێچیرڤان بارزانییە، کە سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی گەورەترین پارتی سیاسی کوردستانە. ناشاردرێتەوە کەسایەتیەکی بەهێز و دونیابینی بەرفراوان و تێگەیشتن و مامەڵەکردنی سەردەمیانەی نێچیرڤان بارزانی هێزێکی گەورە دەبێ لە پشت هەر دەزگایێک بێت.

هێزی راستەقینەی رووداو لە شێوازی کارکردن و رووماڵکردنی بویەرەکان و چۆنیەتی گواستنەوەیانە بۆ بینەر و بیسەر و خوێنەرەکانی. رووداو پێناسەی میدیای کوردی کردەوە و هێڵێکی نوێی بۆ کێشا کە تاوەکو ئێستا نەتواندراوە ئەو هێڵە ببەزێندرێ یان تەجاوزبکرێت.

ئەوانەی لە پشت دامەزراندنی رووداو بوون لەوە تێگەیشتن کە میدیا تەنها دوو جۆری هەیە و سێیەمی نییە؛ میدیای پڕۆفیشناڵ و میدیای ناپڕۆفیشناڵ. رووداو بەدوای ناو و نازناودا نەگەڕا، بەتایبەتی ئەو کات کە هەڕمێنی ناو لەخۆنان بوو بە دەزگای ئەهلی، سەربەخۆ و ئازاد و نازناوی دیکەی قەبە کە قەت جێگایان لە تێگەشتن و ناسینەوەی دەزگایی میدیایی نابێتەوە، چونکە لە دونیادا میدیای ئازاد و سەربەخۆ بوونی نییە بەڵکو میدیای پڕۆفیشناڵ ئەو دوو چەمکە وەک کەرەستەی بەهێزی بونیاتنانی گوتار و کەسایەتی مەعنەوی خۆی بەکاردەهێنێت. رووداو ئەوەی کرد و سەرکەوتوو بوو لەوەی بە سەربەخۆییەوە ببێتە رووبەرێکی بەرفراوانی ئازادیی و جێگەی هەموو دەنگ و رەنگێکی تێداببێتەوە.

پەیوەندی راستگۆ و روونی رووداو بە بینەرانی، بووە هۆکار کە خەڵک نازناوێکی شایەن بەخۆی پێببەخشن (یەکەمی بێ رکابەر).

لە پێنج ساڵی رابردوودا، رووداو توانی لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بناسرێ و وەک سەرچاوەی هەواڵ و زانیاری مامەڵەی لەگەڵ بکەن، بەهەمانشێوە بۆ نوێنەرایەتی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی کوردستان، ئەو رۆژنامەوانانەش کە سەردانی کوردستان دەکەن، ئەوەش پێنگاڤێکی مەزنە بە ئاراستەی زیاتر پێشکەوتن، کە رکابەرەکانی رووداو توانای هاوێشتنیان نییە.


رووداو 

AM:02:37:02/06/2018