گەر من قوباد تاڵەبانی‌ بومایە؟
ئاوات عەبدولخالق
قوباد تاڵەبانی‌ جێگری‌ سەرۆکی‌ حکومەت و کەسی‌ یەکەمی‌ ئەم دەڤەرە لە ئیدارە و حکومەتداریدا، جێگەی‌ هیوای‌ زۆری‌ گەنجان و ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسان و سەرمایەداران و هونەرمەندان بوو، بەتایبەت کە وەک خۆی‌ ئاماژەی‌ بۆ کردووەو لێشی‌ بەدیدەکرێت، ئەو دەیەوێت درێژە پێدەری‌ ڕێبازەکەی‌ مام بێت.

کەواتە لە هەمووکەس باشتر دەزانی دروشمی‌ "نان و ئازادی‌ بۆ نووسەران و هونەرمەندا" هی‌ کێیە؟ هی‌ سەرکردەیەک کە هەتا خۆی‌ لە ژیانی‌ سیاسی‌ و ئیدارەیدا بوو، هەمووان هەستمان بە ئازادی‌ و پشت و پەنا دەکرد، بە جیاوازی‌ ئایدۆڵۆژیا و بیرو بۆچوونەکانیشەوە، چونکە هەرکات هەواڵێکی‌ وای‌ ببیستایە ڕاستەخۆ دەهاتە مەیدان و بڕیاری‌ ئازاد کردنی‌ بۆ دەردەکرد، ئەم چیرۆکە لە ڕۆمانی‌ خوالێخۆشبوو محەمەد موکری‌ یەوە درێژەی‌ هەبووە هەتا ئەو کاتەی‌ مامی‌ گەورە بەهۆی‌ نەخۆشییەوە لە کایەی‌ سیاسی‌ و ئیداری‌ دوورکەوتەوە.

ئیستاش کات هەرماوە و دەرفەت هەر هەیە، هاتنە ناوەوەی‌ "مامی‌ بچوک" بۆ ئازاد کردنی‌ ڕۆژنامەنووس ئاوات عەلی‌ بەڕێوەبەری‌ ئێن ئار تی‌ و کۆتایی‌ هێنان بەو دۆسیەیەش، کارێکی‌ پۆزەتیڤانە و هیوا بەخشێکیشە بەو دەنگە ئازایانەی‌ کە بە ڕەخنەکانیان ڕۆڵی‌ گەورەیان بینوە لە بەرقەرار کردنی‌ دیموکراسی‌ و نمونەیەکی‌ جوانیشیان نیشانی‌ هەمووان داوە، کە دەوترا "یەکێتی‌ لەکوێ بێت ئازادی‌ لەوێیە". 

ئەگەر بە هەڵەدا نەچووبم، من لە زهنی‌ خۆمدا چاوەڕوانی‌ ئەوە لە بەڕێز قوباد تاڵەبانی‌ جێگری‌ سەرۆکی‌ حکومەت دەکەم کە هەوڵەکانی‌ خۆی‌ بخاتە گەڕ بۆ چارەسەر کردنی‌ ئەو دۆسییەیە و کۆتایی‌ هێنان بەو جەنگە دەروونییەی‌ لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان و بەرپا کراوە.

بەڕاشکاوی‌ دەیڵێم گەر من قوباد تاڵەبانی‌ بومایە لەبەر ئەو درووشمانەی‌ کە باسم کرد، بێ سێ و دوو تەدەخولی‌ ڕاستەخۆم دەکردو کێشەکەم یەکلایی‌ دەکردەوە.

AM:03:48:05/06/2017